نێچیرڤان بارزانی: به‌غدا نادادپه‌ر‌وه‌ر بوو نه‌دەبووایە كازمی قبوڵی بكات

پۆڵه‌تیك پرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی 2021 بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، “لە پەرلەمانی عێراق هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییە سه‌ره‌كییه‌كانى عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر سته‌مكارانه‌ بوو”.

نێچیرڤان بارزانی له‌په‌یامه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كردووه‌، “سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و حكوومەتى فیدراڵ و هەموو دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق، نەدەبووایە ئەو نادادپەروەرییە بەرامبەر به‌ فەرمانبەران و مووچەخۆران و خەڵكی هەرێمی كوردستان قبووڵ بكەن”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

ساڵى تازه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان، له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، له‌ گه‌لى عێراق و نوێنه‌رانى وڵاتان و هاوپه‌یمانان له‌ كوردستان و عێراق، هه‌روه‌ها له‌ جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم له‌ ساڵى تازه‌دا كوردستان، عێراق و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى، ناخۆشى و سه‌ختییه‌كانى ساڵى ڕابردوو، په‌تاى كۆڤید _ 19 و لێكه‌وته‌كانى جێبهێڵن و ساڵێكى پڕ له‌ ئارامى، خۆشى و سه‌قامگیرى به‌ڕێ بكه‌ن و ژیان ئاسایى ببێته‌وه‌.

ساڵى ڕابردوو هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌موو جیهان كه‌وته‌ به‌ر لێكه‌وته‌ سه‌خته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، دۆخێكى نه‌خوازراوى ته‌ندروستى، دارایى و ئابووریى سه‌خت، به‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى گرت كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بارقورسییه‌كى زۆرى خسته‌ سه‌ر شانى هاووڵاتییان. به‌ سه‌دان خانه‌واده‌ى كوردستان به‌هۆى په‌تاوه‌ ئازیزان و خۆشه‌ویستانیان له‌ ده‌ست دا، سه‌ره‌خۆشییان لێده‌كه‌م و هاوخه‌میانم.

به‌رله‌ كۆتاییى ساڵى 2020، لە پەرلەمانی عێراق هەڵسوكەوتی هێزە سیاسییە سه‌ره‌كییه‌كانى عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر سته‌مكارانه‌ بوو. سیاسەتێكی پڕ لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بوو به‌ ئامانجى پەكخستنی خزمەتگوزارییەكان و برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان. له‌ یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییدا، هه‌موو هه‌وڵێكیان دا و به‌ ناوى یاساوه‌ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیان بە هەموو شێوەیەك لە مووچه‌ و شایسته‌ دارایییه‌كان بێبەش كرد.

ئەمە دژى گیانی هاوچارەنووسی و پێكەوەژیانه‌ و هەستنەكردنە بە هیچ بەرپرسیاریه‌تییەك بەرامبەر به‌ بەشێكی فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و حكوومەتى فیدراڵ و هەموو دەزگا فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق، نەدەبووایە ئەو نادادپەروەرییە بەرامبەر به‌ فەرمانبەران و مووچەخۆران و خەڵكی هەرێمی كوردستان قبووڵ بكەن. حكوومه‌تى عێراق ده‌بێ شایسته‌ دارایییه‌كانى ساڵى 2020ى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كانى پێشوو قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، هه‌وره‌ها چاوه‌ڕێین نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و هاوبه‌شانمان ڕۆڵى خۆیان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا بگێڕن.

پشوودرێژیی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مانەوە بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌ لە بەغدا و نه‌هێشتنى هیچ به‌هانه‌یه‌ك بۆ ڕێكنه‌كه‌وتن، ئەوپەڕی نیازپاكی و ئامادەییی هەرێمی كوردستانه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامێكی باش و كرده‌یى لەلایەن حكوومەتی فیدراڵى عێراقه‌وه‌ بۆ كەمترین مافە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان نییه‌!

ئەوە بە هیچ شێوەیەك ئامادەیی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵكو سزادانی خەڵكی كوردستانە كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك یاسایى و ده‌ستوورى نییه و ته‌نیا بە مەبەست و بڕیاری سیاسی ده‌كرێت. ئاماده‌یى و خواست و ویستمان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر و ڕێككه‌وتنێكى یه‌كجاره‌كى له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ماف و شایسته‌كانى گه‌لى كوردستان و سه‌قامگیرى بۆ ته‌واوى عێراق مسۆگه‌ر بكات.

لەسەر ئاستی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، بەداخەوە ناكۆكیی سیاسیی نێوان لایەنە سیاسییه‌كان بەردەوامە، باری ژیان و دەروونیی خەڵكی كوردستان بە شەڕێكی ئاستنزمى سۆشیاڵمیدیا خراپتر كراوە! زۆركردنی ئەو جیاوازییە سیاسییانە، هێزی سیاسیی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز ده‌كات و دەبێتە هۆی پەرتكردنێكی گه‌وره‌ى كۆمەڵگە، ئەوەش سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و ئاسایش لە هەرێمی كوردستان تێك دەدات و پێویستە بە زووترین كات ڕابگیرێت.

ئه‌ركى هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانه‌ بیر لە پاراستنی مافەكان و قەوارەی ده‌ستوورى و سیاسیی هەرێمی كوردستان و سیستمى فیدراڵى بكەنەوە و پێكه‌وه‌ كارى بۆ بكه‌ن، لەبەرئەوەش دەبێ دەستبەجێ كۆتایی بەو ناكۆكییە سیاسییانە بهێنرێت و لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانمان ڕێكبكەوین، سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكار و پشتیوان ده‌بێت.

وێڕاى ده‌ربڕینى ئه‌وپه‌ڕى سوپاس و ڕێز و پێزانینمان بۆ تێگه‌یشتن و به‌رگه‌گرتن و خۆڕاگریى هاووڵاتییانى كوردستان، سوپاسى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و ته‌واوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ پارێزه‌رى كوردستانن، هه‌روه‌ها سوپاسى پزیشكان و په‌رستاران و ته‌واوى كارمه‌ندانى كه‌رتى ته‌ندروستى ده‌كه‌م كه‌ له‌ ڕیزى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنادا بوون.

هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ به‌ فاكته‌رێكى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و جیهان ده‌دات. له‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و هاوبه‌شانمان به‌رده‌وام ده‌بێت كه‌ هێشتا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستیمان به‌ به‌رده‌وامیى ئه‌رك و پشتیوانییانه.

پێكه‌وه به‌ یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستى ده‌توانین به‌سه‌ر هه‌موو سه‌ختى و قه‌یرانه‌كاندا سه‌ر بكه‌وین، شوێن و پێگه‌یه‌كى باشتر له‌ عێراق، ناوچه‌كه‌ و جیهان بگرین و ڕه‌وڕه‌وه‌ى په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتن له‌ وڵاته‌كه‌مان بخه‌ینه‌وه‌ گه‌ڕ. هه‌موومان له‌ كوردستان به‌ ته‌بایى، لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن، به‌ ئومێده‌وه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى ڕووناك هه‌نگاو ده‌نێین.

ساڵى تازه‌ له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هیواى ساڵێكى پڕ له‌ خۆشى و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

31/12/2020

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا