لەبەرانبەر بێ باكی پارتی داوای هەڵوێست لە یەكێتی و گۆڕان دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان بەدەست چەندین قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە چەندینجار شاندی هەرێم بۆ چارەسەری ئەو كێشانە چونەتە بەغدا، بەڵام هێشتا ئاسۆی چارەسەری یەكجاری ونە، بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕانیش پارتی بەهۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان دادەنرێت.

ئێستا قەیرانەكانی هەرێم بەجۆرێكە حكومەت تەنانەت توانای نییە وەك پێویست موچە بەلێبڕینیشەوە دابەش بكات، ئەوەش ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێناو لەچەند شارێكی هەرێم خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێووەچوو.

بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان، پارتی بەهۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان دادەنێن

بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان جەخت لەوە دەكەنەوە، پارتی نایەوێت مەلەفی نەوت و خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغدا بكات، ئەوەش بەهۆكاری سەرەكی رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری كۆی كێشەكان دەزانن، هاوڵاتیانیش داوا دەكەن یەكێتی و گۆڕان وەك دوو حزبی سەرەكی لە حكومەت هەڵوێستیان هەبێت و چیتر بەرانبەر بێ باكییەكانی پارتی بێ دەنگ نەبن.

لە ماوەی رابردودا پەرلەمانی عێراق بەبێ كورد دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای قەرزدا، ئەوەش زیاتر گڕی لە ناكۆكییەكانی هەردولا بەردا، بەپێی پرۆژەكەش حكومەتی عێراق پابەند كراوە بەوەی تاوەكو هەرێم نەوت رادەست نەكات بۆی نییە هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم بنێرێت.

بەوهۆیەشەوە لەماوەی رابردودا شاندێكی هەرێم بۆ ماوەی دوو هەفتە لە بەغدا مانەوەو دواتر بەبێ هیچ رێككەوتنێك گەڕانەوە هەرێم.

پێشتر بەرپرسانی باڵای یەكێتی سەردانی بەغدایان كردوو جەختیان لە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان كردەوە

هاوكات لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا پشكی هەرێم بە ڕێژەی 12.67% دیاریكراوە كە دەكاتە نزیكەی 14 ترلیۆن دینار، لەبەرانبەریشدا هەرێم پابەند كراوە بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتی، هەرچەندە بە زەحمەت دەزانرێت ئەو بڕگەیە وەك خۆی تێپەڕێت، بەڵام لەهەمانكاتیشدا لەكاتی تێپەڕاندنیدا گومان دەكرێت پارتی پێیەوە پابەند بێت.

ئەبو زەید ساڵح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەئەگەری جێبەجێنەكردنی بەندەكانی ناو رێكەوتنی نێوان ناوەند و هەرێم بەهەر بیانوویەك بێت یەكێتی هەموو بڕیارێك دەدات بۆ دەربازكردنی هەرێمی كوردستان لەكێشەو قەیرانە داراییەكان ئەویش لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شایستە بۆ خەڵك.

وتیشی، “وەك یەكێتی بە گومانین لەوەی كە پارتی مەلەفی نەوت رادەستی ناوەند بكات و ئەو رێكەوتنەی كە قسەی لەسەركراوە بۆ بودجەی 2021 عێراق وەك خۆی جێبەجێی بكات، بۆیە هاوڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە داوای هەڵوێست لەیەكێتی بكەن ئێمەش دوای پشووەكانی سەری ساڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆدەبینەوەو هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین”.

 

لەئەگەری جێبەجێنەكردنی بەندەكانی ناو رێكەوتنی نێوان ناوەند و هەرێم، یەكێتی هەموو بڕیارێك دەدات بۆ دەربازكردنی هەرێم لەكێشەو قەیرانە داراییەكان

ئەوەی وایكردووە گومانەكان لەسەر پارتی چڕترببنەوە، جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنانەیە كە لەماوەی ساڵانی رابردودا لەلایەن هەرێم و بەغداوە واژوكراوە، بەڵام زۆربەی كات حكومەتی هەرێم كە پارتی سەرۆكایەتی كردووە پابەندی رێككەوتنەكە نەبووە.

شوناس شێركۆ ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سەرجەم پرسەكان هەڵوێستیان هەبووە، لەئەگەری رێككنەكەوتنی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمیش بەئەندازی پێگەی خۆیان هەڵوێستیان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرباری ئەو گەندەڵیانەی هەیە، هێشتا نەشتوانراوە وەك پێویست ئەو داهاتەی هەیە بۆ بژێوی خەڵك و موچەخۆران بەكار بهێنرێت، ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر خەڵك دروستكردووە.

لەئێستاشدا ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر بێت و پارتی لەو بێ باكییەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا یەکێتی ناچارە لەپێناو بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم هەنگاوی جددی بنێنن

لە دواین پەیامی خۆشیدا مەسرور بارزانی كە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ دەریكردووە، ئاماژە بەوە دەكات لەسەر بودجەی 2021 لەگەڵ حكومەتی عێراق گەیشتونەتە رێككەوتن، “هیوادارم ڕێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چیتر رێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، بكرێتە كارتێكی فشاری سیاسی”.

لەماوەی رابردوشدا بەرپرسانی باڵای یەكێتی سەردانی بەغدایان كردوو جەختیان لە چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان كردەوە، لەئێستاشدا ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن ئەگەر بێت و پارتی لەو بێ باكییەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا ناچارن لەپێناو بەرژەوەندی موچەخۆرانی هەرێم هەنگاوی جددی دیكە بنێنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا