پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانتارێكی عێراق وادەی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوەشدەدات، چوار سیناریۆ بۆ هەمواركردنەوەی پرۆژە یاساكە لەئارادایە.
جەمال كۆچەر ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، چاوەڕواندەكرێت دوای كۆتایی هاتنی پشوەكانی سەری ساڵ و پشوی شەشی كانون كە تایبەتە بە دامەزراندنی سوپای عێراق دەست بەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساكە چوار سیناریۆ هەیە، بەڵام ئەگەریش هەیە پرۆژەكە وەك خۆی پەسەند بكرێت.
لەبارەی ماف و ئەركەكانی هەرێمیشەوە، جەمال كۆچەر باسی لەوەكرد، ئەگەرێك هەیە لەناو پەرلەمان داوا بكرێت رادەستكردنی نەوتی هەرێم لە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 450 هەزار بەرمیل بەرزبكرێتەوە.
لەماوەی رابردودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی پەسەندكرد، كە تیایدا پشكی هەرێم بەڕێژەی 12.67% دیاریكراوە كە دەكاتە نزیكەی 14 ترلیۆن دینار، لەبەرامبەریشدا پێویستە هەرێم نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان و رۆژانەش 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات.