ئەو وەزارەتەی لە عێراق بووەتە گۆڕستانی وەزیرەکانی

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

لە ساڵی ١٩٩٠ هەتا ئێستا، لەدوای ئەوەی زۆرێک لە وێستگەکانی کارەبای عێراق بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی کاتی داگیرکردنی کوێت لەلایەن سوپای عێراق زیانیان بەرکەوت، رۆژێک نەبووە عێراقییەکان چێژ لە کارەبای بەردەوام وەربگرن.

سەرباری ئەوەی هەندێک لە وێستگەکان خرانەوە کار، بەڵام هەمیشە دابین کردنی کارەبا لە داواکارییەکان کەمتر بووە، بەتایبەت لەدوای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 40 ملیۆن کەس.

لەوبارەیەوە یاسین خەلیل، شارەزا لە پڕۆژەکانی وزەی کارەبا رایگەیاند، عێراق پێویستی بەوەیە بەرهەمهێنانی وزە دوو هێندەی ئێستا زیادبکات، تا بتوانێت کارەبا بەپێی پێویست دابین بکات، وتیشی: رەنگە پێویست بکات لە هاویندا لەو رێژەیەش زیاتر بەرهەمبهێنرێت.

عێراق لە سەعاتێکدا، 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و هاوردە دەکات، لەکاتێکدا پێویستی بە نزیکەی 40 هەزار مێگاوات هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای دامودەزگا و نەخۆشخانە و شوێنە حکومییەکان.

عێراق پێویستی بەوەیە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دوو هێندەی ئێستا زیادبکات

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئاستی داواکاری کارەبا، ساڵانە بەڕێژەی %7 بۆ %10 زیاد دەکات، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی بەرفراوانبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئابووری وڵات.

ساڵی ٢٠٠٨، عێراق دەستی بە یەکەمین هەوڵی گەورەی خۆی کرد بۆ دابینکردنی کارەبا لەڕێگەی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای سمنزی ئەڵمانی و جەنەڕاڵ ئەلکتریکی ئەمریکی بۆ بەدەستهێنانی نزیکەی 10 هەزار مێگاوات کارەبا، لەو کاتەدا رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق نزیکەی شەش هەزار مێگاوات بوو.

بەهای ئەو گرێبەستانە لەو کاتەدا نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بوو، لەوبارەیەوە کەریم وەحید وەزیری پێشووتری کارەبا لەو کاتەدا رایگەیاند، عێراق پێویستی بە 25 ملیار دۆلار و سێ ساڵە تا بەتەواوەتی کورتهێنانی وزە پڕ بکاتەوە، وتیشی: ساڵی 2011 ساڵی یەکلاکردنەوەی تەواوەتی دەبێت بۆ ئەم کێشەیەی عێراق.

بەڵام دوای 12 ساڵ لە قسەکانی وەحید و نزیکەی 80 ملیار دۆلار، هێشتا عێراقییەکان زستانی سارد و تاریک بەسەردەبەن بەهۆی راگرتنی هەناردەی گاز و وزە لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق و ئەو قەرزە زۆرەی ئێران کە لای عێراقە و ئەو وڵاتەی ناچارکردووە ئەم هەنگاوە بنیت.

هێشتا عێراقییەکان زستانی سارد و تاریک بەسەردەبەن

هەردوو کۆمپانیای سمنز و جەنەڕاڵ، زۆرترین گرێبەستی بواری وزەیان لە عێراقدا دەستکەوتووە، بەجۆرێک محاویلە و مۆلیدەکانیان بەنزیکەیی لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێن، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو پڕۆژانەی لەلایەن ئەم دوو کۆمپانیایەوە لە عێراق جێبەجێ کراون لە یەکەم رۆژیانەوە تا ئێستا کێشەیان پێوە بووە بۆ عێراق.

لەوبارەیەوە، تامر عەجیل، شارەزای بواری وزەی کارەبا لە عێراق دەڵێت: پشتگوێخستن و گەندەڵی سیمای دیاری هەر قۆناغێکە لە قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی ئەو گرێبەستە کارەباییانە، وتیشی: وەزارەتی کارەبا بووەتە گۆڕستانی هەر وەزیرێک کە تێیدا دەست بەکار بووە، چونکە یەکێکە لە گەندەڵترین کەرتەکانی عێراق.

لە ساڵی 2003 هەتا ئێستا و لەنێوان نۆ وەزیری کارەبا لە عێراق، تەنیا دووانیان بە تۆمەتی گەندەڵی تاوانبار نەکراون، کە ئەوانیش حسێن شەهرستانی کە ئەویش تۆمەتبار کرا بەوەی بەشداری لە گەندەڵی وەزارەتی نەوت کردووە بەڵام دادگا تۆمەتەکەی بۆ پشتڕاست نەکرایەوە، لەگەڵ ماجید مەهدی وەزیری ئێستای کارەبای عێراق.

لە ساڵی 2003 هەتا ئێستا و لەنێوان نۆ وەزیری کارەبا لە عێراق، تەنیا دووانیان بە تۆمەتی گەندەڵی تاوانبار نەکراون

بەڵام حەوت وەزیرەکەی دیکە یان زیندانین یان لەژێر لێکۆڵینەوەدان، یاخود فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و بۆیان نییە گەشت بکەن.

ئەوەش هاتووە، گەندەڵی ئیداری وەزارەت بووەتەهۆی بەهەدەردانی 62 ملیار دۆلار بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بۆ چارەسەری ئەم هەموو گەندەڵیەش، یاسین شمری شارەزا لە بواری کارەبا دەڵێت: کەرتی کارەبا لە عێراق وێرانە و پێویستی بەوەیە سەرلەنوێ پێکبهێنرێتەوە و نەخشەی بۆ دابڕێژرێتەوە و پلانی دروستی بۆ دابنرێت، هاوکات، کۆتایی بەو گرێبەستانە بهێنرێت کە لەگەڵ کۆمپانیای ناشایستە و گەندەڵ واژۆکراون.

شمری ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر عێراق هەر ئەمڕۆ دەستپێبکات، ئەوا پێویستی بە 20 ملیار دۆلار و چوار بۆ پێنج ساڵە تا بە هەوڵی جددی کۆتایی بە کێشەی کارەبا بهێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا حکومەت ئامادەیە یاخود دەیەوێت چارەسەری ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە؟!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا