بارزانی‌و كێشەی میراتی سیاسی

كێشەی میراتگری سیاسی لەناو ماڵی بارزانی دا چیدی بەداخراوی نەماوەتەوە . بەتایبەتی لەپاش دەستبەكاربوونی هەردوو ئامۆزا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەت و دانیشتنی سەرگەورەكەیان مەسعود بارزانی ،.

ئەو ناكۆكیە لە دەزگا حكومیەكان و پەیوەندیە سیاسیەكانی حزبەكەشدا رەنگدانەوەی هەیە و رۆژانە هاوڵاتی ئاسایی هەستی پێدەكات .

بۆ جێگرتنەوەی بارزانی باوك ، هەردوو ئامۆزا خەریكی خۆ ئامادەكردنن . ئەو كێشەیە لەناو ماڵە سیاسیەكەیاندا لەژێر ڕكێفی سەرگەورەكەشیاندا نەماوە .

لە ساڵانی نەخۆشكەوتن و دواتر كۆچی دوایی مام جەلالیشدا هەمان كێشە لەناو یەكێتیشدا هەبوو بۆ جێگرتنەوەی تاڵەبانی .لە دوا كۆنگرەی ئەو حیزبەدا چارەسەری ئەو گرفتەیان كرد ، بەشێك لە مەترسیەكانیان لە گۆنگرەكەیاندا تێپەڕاند . دانانی دوو هاوسەرۆك وەك جێگرەوەی تاڵەبانی ، مۆدێلێكە نەبارزانی باوك و نە هەردوو میراتگرەكەی ئامادەی دووبارەكردنەوەیین . چونكە سەرسەختانە هەر یەكێك لەو جێگرەوانەی خۆی بەشایستەتر لەوی دیكەیان دەزانێت . باوكیش زیاتر بەلای كوڕەكەیدا دەیشكێنێتەوە نەك برازاكەی .

بۆیە بارزانی بە ڕاستوچەپ ئەو مۆدێلی جێگرتنەوە یەكێتیانەی نە بۆحیزبەكەی ( پارتی ) قبوڵە و نەبۆ ماڵە سیاسیەكەشی . هەر لەسەرەتاشەوە دژ بە مۆدێلە یەكێتیەكەبوو و پیرۆزبایی دوای كۆنگرەی لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانی نەكرد . چونكە ئەگەر بارزانی شێوازە یەكێتیەكە قبوڵ بكات ، وەك دابەشكردنی دەستەڵاتەكانی سەرەگەورەكە بەسەر دوو هاوسەرۆكدا ، ئەوا دەبێت لە حیزبەكەی خۆشیدا ، لەداهاتوودا دەستەڵاتەكانی دابەشبكرێتەوە بەسەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدا .

لێرەوە هەموو هەوڵێك ئەدەن بۆ سەرنەكەوتنی مۆدێلە یەكێتیانەكە . دابڕینی هاوسەرۆكێكیان ( لاهوری شێخ جەنگی ) و بەردەوام پێكانی تا شەكەت كردنی . بۆئەوەی نێچیرڤان بارزانی لێوە بێ هیوابكەن . بۆی بسەلمێنن كە دەستەڵاتەكانی بارزانی باوك بایلۆجیانە بۆ كوڕی گەورە دەمێنێتەوە ، نەك برازا . لەیەكێتیشدا بەو ئاڕاستەیە پەیوەندی و ئیشە سیاسیەكانیان ڕێكدەخەن . لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكدا دۆستایەتی لەگەڵ كوڕی تاڵەبانیدا ( وەك وەریسی بایلۆجی ) دەبەستن و لەهەمان كاتدا دژ بە برازاكەی تاڵەبانی دەوەستنەوە . بۆ ئەوەی ئەو چارەسەرەیە یەكێتیانە لە داهاتوودا نە گوێزرێتەوە بۆ ناو پارتی .

هونەر تۆفیق

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا