دوو بۆچوونی جیاواز لەناو یەكێتی و پارتی هەیە

بەپێی ئەو لێدوانانەی لەلایەن بەشێك لە لێپرسراوانی حكومەت و حزب دەدرێت، پێدەچێت ئامادەكاریی بكەن بۆ راگەیاندنی شكستی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەشی هەرێم لە بوجەی عیراق.

میدیای خۆیان تەیار دەكەن بەجۆرێك بۆچوونی شەقامی كوردستان ئاراستە بكەن كە بەغدا لەگەڵ هەرێم رێكناكەوێت نەك پێچەوانەكەی، یان هەوڵدەدرێت ئەو پەیامە بگەیەنرێت كە هەرێم ئامادەی رادەستكردنی نەوتە، بەڵام بەغدا بیانوو دەگرێت.

ئەوەی لەهەمووان دیارە، گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەوە زۆر زەحمەتترە كە پێشبینی دەكرا. بۆیە هەوڵدەدرێت لەماوەی دوو تا سێ‌ هەفتەی داهاتوو، بەرپرسان لێدوانەكانیان زیاتر بكەن و شێرو رێوی بۆ خەڵك بهێننەوە! ئەمەش بۆ بەتاڵكردنەوەی توڕەیی شەقام و خۆ دزینەوە لەبەرپرسێتی ئەم دۆخە ناهەموارەی كوردستان لێدوانەكانیان دەگۆڕن تا دەگاتە راگەیاندنی شكستی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا.

بۆ شەرعیەتدان بە رێكنەكەوتن، لەماوەی ئەو چەند هەفتەیە دروشمیی نەتەوەیی زیاتر دەكەن و موزایەدەی پاراستنی قەوارەی هەرێم بەرزدەكرێتەوە، هەروەك باس لەپلانی ئابوریی و چاكسازیی لەحكومڕانیی كوردستان دەكەن.

لێدوانەكەی وتەبێژی حكومەت بۆ ناردنی بودجە بۆ پەرلەمانی كوردستان، هەم بەڵگەیەكی روونە بۆ ئامادەكاریی بۆ راگەیاندنی شكستی گفتوگۆكان و هەم بەشێكە لە پلانی نوێی بڕیاربەدەستان و حكومڕانان. یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە لەماوەی داهاتوو، پرۆژەیەك بەناوی بودجەی 2021 ببەنە پەرلەمانی كوردستان و لەو پرۆژەیەدا موچەی فەرمانبەرانی كوردستان كەمبكەنەوەو زنجیرەیەك رێوشوێنی جیاواز دەگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان.

سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ شكستی گفتوگۆكان و چارەنوسی حكومڕانی هەرێم، جیاوازیی بۆچوون و تێگەیشتن لەناو یەكێتیی و پارتی هەیە. سەبارەت بەناوخۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆچوونێك هەیە بۆ پاشەكشە لەم حكومەتە، یان دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی دیكە، بەڵام دیارنییە ئەو رێگەچارانەی باسدەكرێن سەركەوتوو دەبێت یان نا، چونكە بەغدا بەغدای جاران نییەو رەنگە گروپی لایەنگری هەولێر (لەناو یەكێتیی) هاوكار نەبن.

سەبارەت بە پارتیش بەهەمانشێوە، گروپێكی ناو پارتی پێیانوایە ئەوەی ئێستا پێی گەیشتوون ئەوان لێی بەرپرس نین و دەرەئەنجامی خراپی حكومڕانی گروپێكی دیاریكراون لەناو پارتی. دەیانەوێ‌ شكستی ئەم حكومڕانیە بخەنە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانیی كە ماوەیەكی درێژ سەرۆك وەزیران بووەو هەموو گرێبەستەكانی نەوت ئەو كردوونی و لێی بەرپرسە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە(بن زمان)ی میدیای پارتی و یەكێتیی بەروونی ئەو دوو بۆچوونە دیاربووە. چەند رۆژی داهاتوو زیاتر دەردەكەوێت، لانیكەم لەدوای راگەیاندنی شكستی گفتوگۆكان ناڕەزایی و گازندە لەناو یەكێتی و پارتی دەنگی زیاتر لێوەدێت.

ئەوەی پێشبینی دەكرێت، دۆخی ئابوریی هەرێم لەساڵی داهاتوو گران و زەحمەت بێت. ژیانی خەڵك بەتایبەت موچەخۆران سەخت و ناخۆش دەبێت. لەلایەك یان نیوە موچە وەردەگرن و لەلایەكی دیكە توانای كڕینی دینار زۆر كەمتر دەبێت و دۆلار گران دەبێت.

ئەم دۆخەی ئێستا، بەرئەنجامی روداوێكی سروشتیی، یان دۆخێكی لەناكاوی كوردستان نەبووە، بەڵكو حكومڕان و بڕیاربەدەستانی هەرێم لێی بەرپرسن بەتایبەت لەماوەی نۆ ساڵی رابردوو لە لێپرسراوانی یەكێتیی و پارتی و گۆڕان.
ئەوەی باسی دەكەین پێشبینیە، هیوادارین دۆخەكە بگۆڕێ و پێشبینیەكە وادەرنەچێت.

سەرتیپ جەوهەر

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا