ئه‌مریكا عێراق جێبهێڵێت چی ڕووده‌دات؟

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
پێناچێت مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵخۆش بێت بە سەرۆکایەتی نوێی ئەمریکا، بەتایبەت کە دۆناڵد ترەمپی رکابەری ئێران لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت و پلانی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەستپێدەکات، کە بەهۆی فشاری سیاسی ناوخۆییەوە، هەوڵ دەدات بۆ کەمکردنەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق.

شێوازی مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ دۆسیەی عێراق زۆر گرنگی پێنادرێت

لەگەڵ ئەوەی جۆ بایدن شارەزایەتییەکی زۆرباشی لە دۆسیەی عێراقدا هەیە، بەتایبەت کە لە ویلایەتی باراک ئۆباما بەتایبەتی سەرپەرشتی عێراقی کردووە، بەڵام بەهای ئەمە لەدوای کشانەوەی سەربازان لە عێراق و لە ساڵی 2011، وەک جاران نەما و کەمیکرد.

لە بەغدا، پێشبینیکردن لەبارەی شێوازی مامەڵەکردنی بایدن لەگەڵ دۆسیەی عێراق زۆر گرنگی پێنادرێت، چونکە پێدەچێت سەرۆکە نوێیەکەی ئەمریکا سەرقاڵی کۆمەڵیک کێشەی ناوەکی ببێت کە دیارترینیان ئەو پاشەکشە ئابوورییەی ئەمریکایە کە لە ئەنجامی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتەئاراوە.

بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی، خۆیان لەژێر فشاردا دەبیننەوە

بەپێی رای بەشێک لە شارەزایان، ئەم گرنگیپێنەدانەی ئەمریکا دەبێتەهۆی تەرخانکردنی رووبەر بۆ ئێران و بریکارانی، تا هەژموونیان لە عێراق بەرفراوانتر بکەن.

لەم حاڵەتەدا، هاوڕێیانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەت بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران خۆیان لەژێر فشاردا دەبیننەوە، لە هەر هەنگاوێکی نوێی ئەمریکا بۆ کشانەوەی ئەو بڕە سەربازەی لە عێراقدا ماوە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەستکراوەتر دەبن و سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی لە ویلایەتی دۆناڵد ترەمپ هاتنە ئاراوە لەوانەش، فشارخستنەسەر باڵی ئێران لە عێراق و میلیشیاکان، لەناودەچن.

بایدن رووبەڕووی فشاری درێژخایەنی باڵی چەپی حزبی دیموکرات دەبێتەوە بۆ رەتکردنەوەی دۆسیەی عێراق وەک یەکێک لە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوە، ئەو سەرۆکە نوێیە، مێژوویەکی هەیە تێیدا داوا لە ئەمریکا دەکات هێزەکانی لە عێراق کەمبکاتەوە.

لە ئێستادا بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەی بایدن لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی وەک، ململانێکانی چین و گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپا لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا دەوەستێت، هاوکات، چارەسەرکردنی دۆسیەکانی تایبەت بە ژینگە و ئاووهەوا یەکێک دەبێت لە گرنگترین ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی بایدن، عێراق لە هیچ کام لە ئامانجەکانی بایدندا دەرناکەوێت، ئەو ئیدارە نوییە تەنیا یەک دروشم بەکاردەهێنێت کە دەشێت عێراق تیایدا جێبکرێتەوە ئەویش بریتییە لە: کۆتاییهێنان بە جەنگ بۆ هەمیشە.

چاودێران باس لەوە دەکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جێگیرکردنی جۆ بایدن لە 20ی کانوونی دووەمی داهاتوو کەچی هێشتا پلانی ئیدارەکەی بەرامبەر عێراق ئاشکرا نییە، بەپێی ئەو لێدوانانەی بایدن بێت کە بڵاودەکرێنەوە، تەنیا چەند شتێکی کەم لەسەر عێراق و ناوچەکە دەڵێت کە ئەویش خۆی لە کۆتاییهێنان بە جەنگدا دەبینێتەوە و پاشان کەمکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە مانەوەی چەند هێزێک بۆ پارێزگاریکردن لە عێراق و سوریا لە تیرۆرستان.

بەپێی رای بەشێک لە شارەزایان، بایدن و ئەنتۆنی بڵینکن کە وەک وەزیری دەرەوە لەلایەن سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەستنیشانکرا و بە یەکێک لە متمانەپێکراوترین و نزیکترین راوێژکارانی دادەنرێت، روسیا و چین لە چوارچێوەی کاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادان، بۆیە هەلێکیان لەبەردەمدا دەبێت هەتا تێڕوانینێکی ستراتیژی درێژخایەن بەرامبەر عێراق بنیاد بنێن.

بەپێی رای چاودێران، بەردەوامبوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشداریکردن لە ململانێی هێزە زەبەلاحەکان، نەک نابێتە پاڵپشتی ئەمن و دیموکراسیەتی عێراق و رێگریکردن لە هەژموونی ئێران لە وڵاتەکە، بەڵکو دەبێتەهۆی سنووردانان بۆ روسیا و چین لە ویستەکانیان لە عێراق.

لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020، پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری نوێنەرانی ئەو حزب و میلیشیایانەی ئێران کە لە پەرلەماندان، بڕیارێکی دەرکرد تێیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد سەرجەم هێزە بیانییەکان دەربکات، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەژێر رۆشنایی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس درا کە لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی لە بۆردومانێکی ئەمریکادا کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە، تۆماس ئەبی حەنا، توێژەری ئەمنی لە ناوەندی ستراتفۆرد دەڵێت: کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق بەو مانایە دێت، بەغدا بەدوای هێزێکی دەرەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ پاڵپشتی ئابووری و سیاسی زیاتر، ئەمەش دەرگا بەڕووی یاریزانە سەرەکییەکانی وەک روسیا و چیندا دەکاتەوە تا هەژموونیان لە عێراق فراوان بکەن.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ناکۆکییەکان لەناو خاکی عێراقدا زیادیان کرد بەجۆرێک، وڵاتەکە بووە خاڵی گەرمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و چەندین جار لەڕێی موشەک و چەکی دیکەوە ناوچە جیاجیاکانی عێراق کرانە ئامانج، هەر ئەم هۆکارەشە بایدن ناچار دەکات زیاتر بیربکاتەوە بەر لەوەی هەر بڕیارێک لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراق بدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا