پۆڵەتیک پرێس
دەسەڵاتدارانی ئێران سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر دوو هاوڵاتی وڵاتەکەدا سەپاند، یەکێکیان بە تۆمەتی سیخوڕی لە بەرژەوەندی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەڵمانیا، ئەوەی دیکەش بەتۆمەتی سیخوڕی لە بەرژەوەندی بەریتانیا.
غوڵام حسێن ئیسماعیلی وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، “بەتۆمەتی سیخوڕی لە بەرژەوەندی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەڵمانیا، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر مەسعود موساحب سەرۆکی کۆمەڵەی سەداقەی ئێرانی نەمساوی سەپێنرا.”
راشیگەیاند، “مەسعود موساحب زانیاری لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکی لە هەردوو بواری پزیشکی و نانۆیی پێشکەشی ئیسرائیل و ئەڵمانیا کردووە.”
هاوکات، سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەر شەهرام شیرخانی هاوڵاتی ئێران سەپێنرا بەتۆمەتی سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندی بەریتانیا.
ئیسماعیلی باسی لەوەشکرد، شیرخانی زانیاری لەبارەی وەزارەتی بەرگری و بانکی ناوەندی ئێران داوەتە هەواڵگری بەریتانیا، هەوڵیشیداوە، کەسانی دیکە لە پێدانی زانیاری لەبارەی پرۆژە هەستیارەکانی ئێرانەوە تێوەبگلێنێت.