پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە دووڕیانێکی سەختدایە و دۆخی گوزەران و بازاڕ و ژیان بە گشتی و مووچە خۆران لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بژاردەی گونجاویش ڕێككهوتنه لهگهڵ بهغدا.
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “لهكۆبوونهوهی ئهمڕۆدا بە شاندی حكومەتمان وت دەبێت بەخیرایی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و خەرجییەکانی نەوتدا بكرێت تا بەجۆرێکبن لە خزمەت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا بن لەگەڵ ئەوەشدا شەفافکردنی داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکان، بە گشتی و بە تایبەت داهاتی نەوت و ناردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان تا تەواوی خەڵکی کوردستان لێی بە ئاگابن”.
وتیشی: “بەشاندی حكومەتمان وت، پێداچوونەوە و چاکسازیکردن لە تەواوی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، و کۆتای هێنان بە قاچاخچێتی و پاوانخوازی، بە مەبەستی وەدەستخستنی داهاتی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەئەركەكانتان”.
كاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات و زیادکردنی داهاتەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو داهاتانە و ناردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، بەشێوەی خهمڵاندن لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 كارێكی گرنگە كە پێویستە حكومەتی هەرێم هەنگاوی بۆ بنێت و لەكۆبونەوەشیان لەگەڵ پەرلەمان ئەوەیان وەك پێشنیاز پێدراوە.