پۆڵەتیک پرێس
دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی ئەبو عەلی عەسکەری، وتەبێژی سەربازی میلیشیاکانی حزبوڵایان دەرکرد، بەپێی هەندێک سەرچاوەش، عەسکەری لە ترسی ئەوەی بەئامانج بگیرێت چووەتە دەرەوەی عێراق.
بڕیاری دەستگیرکردنی ئەبو عەلی عەسکەری لەدوای ئەوە دێت، هەڕەشەی گوێبڕینی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و وتی: هەواڵگری ئەمریکا لە میلیشیاکان نایپارێزێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی دادوەری، دادگای عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی چەند کەسایەتییەکی مەدەنی و سەربازی دەرکرد کە پەیوەندییان بەو کۆمەڵانەوە هەیە کە موشەک ئاراستەی بینا دیبلۆماسی و سەربازییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکەن.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، ئەو کەسایەتییانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە بریتی بوون لە سێ سەرکردایەتی میلیشیای حزبوڵا و کەسێکی مەدەنی بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە ئەبو عەلی عەسکەری.
لەگەڵ بەردەوامی ئاڵۆزی نێوان حکومەتەکەی کازمی و میلیشیاکانی حزبوڵا، کازمی چەند نێردەیەکی تایبەتی ناردە ئێران بەمەبەستی ئەوەی، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە هاندانی میلیشیاکان دژی حکومەتەکەی بوەستن.
هاوکات، کازمی پەیامێکی ئاراستەی ئێران کرد تێیدا هاتووە، خۆڕاگری عێراق بەرامبەر کردەوەی میلیشیاکان وردە وردە لاواز دەبێت.
ئەبو عەلی عەسکەری کە نازناوێکی دیکەشی هەیە ئەویش “ئەبو موسا”یە، بەرپرسی ئەمنی میلیشیای حزبوڵای عێراقە و وەک راوێژکاری ئەمنی و سەربازیش کار دەکات، تۆمەتبارە بە کوشتنی هیشام هاشمی زانای ئەمنی عێراق، ئەم بەرپرسەی حزبوڵا لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا دەستگیرکرا و دوای چوار ساڵ ئازادکرا.