لێكەوتەكانی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لەسەر كادرانی ئەكادیمی

ئەم بابەتە 124 جار بینراوە

دوابەدوای بڕیارە یەك لە دوا یەكەكانی وەزارەتی پەروەردە بۆ وەستاندنی خوێندن لە پایزی ٢٠٢٠ و دواخستی بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ هەڵبژاردنی خوێندنی ئاوێتە لە ناوەندەكانی سەر بە خوێندنی باڵا لە سەرجەم كەرتە حكومی و تایبەتەكاندا، دەبینین سەرلێشێواویەك لەنێوان فێرخوازان و مامۆستایاندا ڕووی داوە و بەشێك لە كۆلێژە حكومییەكان دەوام دەكەن و بەشێك پابەند نین و هەندێك جار لە مامۆستایانەوە بەرپەرچ دانەوە هەیە و لە هەندێك دۆخدا لەلایەن فێرخوازانەوە، لەگەڵ ئەم وون بوونەی ناوەندە حكومییەكاندا ناوەندە تایبەتەكان (ئەهلییەكان) توانیویانە سەركەوتووانە پرۆسەی خوێندن جێبەجێ بكەن و بەبێ دابڕان درێژەی پێ بدەن.

گەر زیاتر جەخت لەسەر ناوەندەكانی سەر بە خوێندنی باڵا بكەینەوە دەبینین بە گشتی پرۆسەی خوێندن بەردەوامە بەڵام بە كەم و كوڕییەوە لە هەندێك دۆخی وەك لە زانكۆ حكومییەكاندا بەو پێیەی پابەند بوونیان بەراورد بە ناوەندە ئەهلییەكان زۆر كەمترە، ڕەنگە ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ جیاوازی تێڕوانین بۆ كاركردن و پابەند بوون و هەست كردن بە بەرپرسیارییەتی لەنێوان ئەم دوو كەرتەدا، هەرچی دەربارەی ناوەندە ئەهلییەكانە بە پەیمانگە و زانكۆكانەوە توانیویانە لە سەرەتای وەرزی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ دەست بكەن بە پرۆسەی خوێندن و بە شێوازی ئاوێتە ئەمساڵی خوێندن دەست پێبكەن لەژێر ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەركەوتووانە پرۆسەكە بەردەوام بكەن بۆ سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنیان.

لێكەوتەكانی ئەم پرۆسەیە چۆن دەبێت لە ئێستادا و لە داهاتوودا؟

لە ئێستادا وەك ولاتێكی جیهانی سێیەم كە لە گەشەسەندنداین و ئاشنا نین بە خوێندنی ئەلیكترۆنی، بەرپەرچدانەوە و ئاستەنگی زۆر هەیە و تێگەیشتن لە كۆی پرۆسەكە لە ئاستێكی نزمدایە و زۆرینەی دانیشتوان بە ناچارییەك دەیبینن لەپێناو ڕێكارە تەندروستییكاندا، بەڵام گەر دووربین بین و دیوێكی تری پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئاوێتە لێك بدەینەوە ئەوا گەلێك لێكەوتەی بەسوودی دەبێت بۆ مامۆستایان و فێرخوازان كە لەگەڵ كاتدا جێی خۆی دەگرێت و گۆرانكاری لە تەواوی تێگەیشتن بۆ شێوازەكانی فێربوون دروست دەكات.

گەر باسی سوودەكانی بكەین بۆ مامۆستایان دەبینن لە چەند مانگی ڕابردوودا مامۆستایان بە شێوەیەكی گشتی ناچار بوون پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكان بەكاربهێنن كە ڕەنگە پێشتر پێی ئاشنا نەبووبێتن، چەندین وۆرك شۆپ و سیمینار و خول لەشێوازی وێبینار بەڕێوەچوون كە زۆرینەی كادرانی ئەكادیمی توانیان بەشداربن بەو پێیەی كاتەكانی لە ئێواراندا دادەنرا و زۆرینە دەیانتوانی بە ئاسانی لە ماڵی خۆیانەوە بەشدار بن، بەراورد بە ڕابردوو لە كاتەكانی ڕۆژدا (كاتەكانی كاركردن) ئەنجام دەدرا و كەسانێك بەهۆی كارەكانیان یان دووری شوێنەكە نەیان دەتوانی بەشدار بن، بەڵام لە ئێستادا وێبیناری هاوبەش دەكرێت لەنێوان شارەكانی كوردستاندا سەرجەم هاوڵاتیان و كادرانی ئەكادیمی ئەتوانن بەشدار بن، ئەمەش بەبێ هەست كردن بووەتە گۆرانكارییەكی پۆزەتیڤ بۆ ئێستا و داهاتوو لەسەر كۆمەڵگاكەمان.

یەكێك لە سوودەكانی تری كرانەوە بە فێربوون و خوێندنی ئەلیكترۆنی دەستپێكردنی بەشداربوون لە خول و وۆرك شۆپە نێودەوڵەتییەكان بوو كە ئەمەش مامۆستایان و فێرخوازان سوودیان لێ بینیوە و ڕەنگە پێشتر بە ڕێگایەكی سوودبەخشیان نەزانیبێت بەڵام لە ئێستادا بیركردنەوەكە گۆڕاوە و خۆگونجاندنێكی زیاتر هەیە لەو بارەیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕێك لە مامۆستایان توانیویانە درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن لە ڕێگای ئۆنلاینەوە لەگەڵ دەرەوەی وڵاتدا و لەهەمان كاتدا كارەكانیان لەدەست نەدەن لە كوردستاندا.

هەرچی دەربارەی فێرخوازان بێت لەگەڵ ئەوەی سوودێكی زۆر بە شێوازی كاركردنیان دەگەیەنێت بۆ پاشەڕۆژ، ئەم پرۆسەیە تانیویەتی تێڕوانینی ئەوانیش بگۆڕێت و بگونجێن لەگەڵ شێوازی ئەلیكترۆنی و توانا تەكنیكییەكانیان پێش بخەن و لە قالبی بیكردنەوەی پێشوویان دەربچن و گەر دۆخی تەندروستی خراپتر بێتەوە ئەوا بە ئاسانی بچنە سەر شێوازی خوێندنی تەواو ئەلیكترۆنی.

شارۆ نەورۆز

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک