ئەمریكا داوا دەكات هەسەدە ئەزمونە “كارەساتبارەكەی” ریفراندۆم دووبارە نەكاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

نێردەی پێشووی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند، بە پاڵپشتی ئەمریکا، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەتوانن دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن بۆپێکهێنانی خۆبەڕێوەبەری سیاسی بەڵام پێویستە ریفراندۆمە “کارەساتبارەکە”ی هەرێمی کوردستان دووبارە نەکەنەوە.

جەیمس جێفری، نێردەی پێشووی ئەمریکا لە سوریا رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەرکوتکردنی هەوڵەکانی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی رووباری فورات پێویستن، وتیشی: کۆتایی داعش بوونی نابێت هەتا شەڕی ناوخۆی سوریا کۆتایی پێنەیەت.

باسی لەوەش کرد، پێویستە فشاری بەردەوامی سیاسی و سزای ئابووری بە سەرکردایەتی ئەمریکا بخرێتەسەر رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی.

هاوکات، پێویستە فشاری سەربازی لە باکوری سوریا بخرێتەسەر رژێم و پێویستە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لەو ناوچانە بوونیان هەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە رێگری سەربازی لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بکرێت.

لە تێڕوانینی واشنتۆنەوە، هەسەدە باڵی سەرەکی ستراتیژی ئەمریکایە لە سوریا، کە پێویستی بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەربازی ئەو وڵاتە هەیە لەڕێی راهێنان و پڕچەک کردن و پاڵپشتی لۆجستییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جێفری هەسەدەی راسپارد، لە هەموو بارودۆخێکدا خۆیان بەدوور بگرن لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان.

جگە لەوەی داوای کرد، خۆیان بەدوور بگرن لە هێرش کردنە سەر تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و راگەیاندنی خۆبەڕێوەبەری و جیابوونەوە لە سوریا و دووبارەکردنەوەی ریفراندۆمی “کارەساتبار”ی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا