له‌مێرگه‌پان هاووڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو “بیری نایاسایی” لێده‌ده‌ن

پۆڵەتیك پرێس:
ژمارەیەك هاوڵاتی لەسنوری ناوچە گەشتیارییەكانی سلێمانی بەشێوەی “نایاسایی” دەستیان بەهەڵكەندنی “بیری ئیرتیوازی” كردووە، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لەسلێمانیش دەڵیت “بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی ئاو، ناتوانین سزای ئەو كەسانە بدەین كە بیر هەڵدەكەنن، تەنها ئامیرەكان دەستیان بەسەردا دەگیرێت”.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پۆڵه‌تیك پرێس، چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ سنوری مێرگه‌پان سه‌ر به‌ناحیه‌ی سورداش، خه‌ڵكی ده‌ستیان به‌لێدانی “بیر” كردووه‌، پۆڵه‌تیك زانیویه‌تی تا ڕۆژی 2021/1/1 مۆڵه‌ت دراوه‌ته‌ هه‌ركه‌سێك به‌نایاسایی له‌و سنوره‌ بیر لێبدات.

عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، بەهۆی هەڵكەندنی بیری نایاسایی ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی بەو ئامێرە كاردەكەن، پێیان وتراوە هەرێم جێبهێڵن و ئامێرەكانیان ببەنەوە دەرەوەی هەرێم، بەڵام بەهۆی نەبوونی یاساوە وەك پێویست پابەند نابن.

وتیشی:”لەرێنماییەكانی هەڵكەندنی بیر كە ساڵی 2015 وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەریكردووە، تەنها بەیەك بڕگە باسی هەڵكەندنی بیری قوڵی كردووە و سزاكەی زۆر خراپە، چونكە ناتوانرێت لێپێچینەوە لەخاوەنی زەوییەكە و خاوەنی ئامێرەكە بكرێت، تەنها ئامێری هەڵكەندنی بیرەكە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەبێتە موڵكی حكومەت”.

راشیگەیاند، بەهۆی نەبوونی یاسای پاراستنی ئاو لەهەرێمی كوردستان، دادگاكانیش وەك پێویست هاوكارییان ناكەن لەبەر ئەوەی رێنماییەكەی ساڵی 2015 خۆی یاسایی نیە، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی ئەو كەسانە لەسزادان رزگاریان دەبێت.

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی هێنانی ئەو ئامێرانەی كە هاوڵاتیان بیری پێهەڵدەكەنن نایاساین نەتوانراوە تۆمار بكرێن و رێژەی گشتیان بزانرێت، بەڵام لەساڵی 2015 زیاتر لە (1500) ئامیری هەڵكەندنی بیر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە”.

بەوتەی بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی، بەشێك لەهاوڵاتیان بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكانیان قۆستۆتەوەو دەستیان بەهەڵكەندنی بیری نایاسایی كردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا