بانكه‌كانی عێراق له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدان

ئەم بابەتە 70 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
شه‌وی ڕابردوو شاری به‌غدای پایته‌ختی عێراق تووشی پێشهاتێكی مه‌ترسیدار بوه‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی جوڵاندنی میلیشیا شیعه‌كان دژی بڕیارێكی حكومه‌تی عێراق.

شه‌وی هه‌ینی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری سه‌ر به‌ عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌شاری به‌غدا، كه‌ تێوه‌گلابوون له‌ هێرشی موشه‌كی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق، شاری به‌غدا كه‌وته‌ دۆخێكی نائاساییه‌وه‌، عه‌سائیب چه‌كداره‌كانی له‌ شه‌قامه‌كانی به‌غدا بڵاوه‌پێكرد، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تی عێراق كه‌وته‌ ئاماده‌باشییه‌وه‌.

 

كێشه‌كه‌ چۆن ڕوویدا؟

ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ڕۆژانی ڕابردوودا لیژنه‌یه‌كی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشی موشه‌كی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز له‌شاری به‌غدا، لیژنه‌كه‌ له‌لایه‌ن “عه‌بدولعه‌زیز مه‌حمه‌داوی، كه‌ به‌ “ئه‌بو فه‌دك” ناسراوه‌ و جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌، سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، لیژنه‌كه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردنی سێ چه‌كداری عه‌سائیبی ده‌ركرد، كه‌ له‌نێویدا سه‌ركرده‌یه‌كی ئه‌و میلیشیایه‌ هه‌بوو.

ئه‌بو فه‌دك چه‌ند جارێك په‌نده‌ی تۆمه‌تی ئاڕاسته‌ی عه‌سائیب و كه‌تائیبی حزبوڵڵای عێراقی كردبوو، له‌ ئه‌نجامدانی هێرشی موشه‌كی بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران، هه‌ڵكشانی گرژییه‌كانی شه‌وی ڕابردوو هێنده‌ی دیكه‌ ناكۆكی نێوان ئه‌بو فه‌دك و دوان له‌ گه‌وره‌ترین میلیشیاكانی نێو حه‌شدی شه‌عبی ئاشكراكرد.

عه‌سائیب به‌نیازی شه‌ڕ هاتبووه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی به‌غدا

دوای ده‌ستگیركردنی سێ ئه‌ندامه‌كه‌ی عه‌سائیب، ئه‌و میلیشیایه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو چه‌كداری له‌شه‌قامه‌كانی شاری به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش وایكرد مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یامێك بڵاوبكاته‌وه‌.

كازمی له‌په‌یامه‌كه‌یدا وتی، ئامادەی هەموو جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکن ئەگەر پێویست بکات، دواتریش به‌سه‌ردانێكی مه‌یدانی چه‌ند شه‌قامێكی شاری به‌غدای به‌سه‌ركرده‌وه‌.

له‌پاش هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان هادی عامری، سه‌رۆكی ڕێكخراوی به‌در بۆ نێوه‌ندگریی له‌نێوان حكومه‌ت و عه‌سائیب هاته‌سه‌رخه‌ت، دواتریش عه‌سائیب چه‌كداره‌كانی له‌شه‌قامه‌كانی به‌غدا كشانده‌وه‌.

ئه‌وه‌ی هێنده‌ی دیكه‌ دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزكردووه‌، دانپێدانانی سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌ستگیركراوی عه‌سائیب بوو كه‌ وتی، له‌ “تۆمه‌تی په‌یوه‌ست به‌ تیرۆر”ه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌.

 

 

به‌غدا هێمنه‌، به‌ڵام له‌هێمنی پێش زریانه‌كه‌ ده‌چێت

عه‌سایب چه‌ند كاتژمێرێك مۆڵه‌تی داوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ئازادكردنی چه‌كداره‌ ده‌ستگیركراوه‌كان، به‌ڵام حكومه‌ت سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستگیركراوانه‌دا بكات.

ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ره‌ به‌ته‌نها دۆخی ئه‌منی به‌غدا نییه‌، به‌ڵكو وه‌ك میدیای عێراقیی ده‌ڵێت بانكه‌كان و كۆمپانیا بازرگانییه‌كانی عێراق مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌ تێكه‌ڵی ئه‌و ناكۆكییه‌ی شه‌وی ڕابردوو بكرێن، به‌رزربوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناریش بكرێته‌ پاساوی دروستبوونی ناڕه‌زایه‌تی له‌به‌رده‌م بانكی ناوه‌ندیی عێراق و بانكه‌كانی دیكه‌ی به‌غدا.

هاوكات له‌ئێستادا چه‌كدره‌كانی عه‌سائیب له‌باره‌گاكانی خۆیان له‌به‌غدا خراونه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌، چاوه‌ڕێن حكومه‌ت ده‌ستگیركراوه‌كانیان ئازاد بكات، هه‌موو ئه‌و گرژییانه‌ش له‌كاتێكدان عێراق له‌ یه‌كه‌م ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس نزیكده‌بێته‌وه‌، ساڵیادێك كه‌ ئه‌مریكا، ئێران و عێراقی پێكه‌وه‌ خستووه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک