كەنار فازیل:لە 44 جۆر ڤاكسینی كۆرۆنا، سیانیان پەسەندكراون

پۆڵەتیك پرێس

كەنار فازیل پزیشكی دەرمانسازی پسپۆڕ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس تیشك دەخاتە سەر ئەو ڤاكسینانەی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئێستا بەرهەم هاتوون، باسلەوەدەكات 44 جۆر ڤاكسین بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرهەم هاتوون، پێنج جۆریان رێگە پێدانی مەرجداریان بۆ كراوە و بەكاردەهێنرێن، یەكێك لەو پێنج جۆرەش لەلایەن چینەوە بەرهەم هاتووە.

كەنار فازیل كەنار باس لە گرنگی جۆری ڤاكسینەكان و نرخ و چۆنیەتی هەڵگرتنیان دەكات و تیشكدەخاتە سەر ئەو ڤاكسینەیان كە لە رووی هەڵگرتن و نرخەوە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاوە.

پۆڵەتیك پرێس: تا ئێستا چەند جۆری ڤاكسین لە وڵاتان بەرهەمهاتووە بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا؟

كەنار فازیل: بەرهەمهێنانی ڤاكسین كاتی زۆری دەوێت، خۆشبەختانە بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا توانرا لەماوەی نزیكەی ساڵێك ڤاكسین بەرهەم بهێنرێت، بۆئەوەی پێكوتەیەكی گونجاومان هەبێت بۆ بەكارهێنان چەند قۆناغێكی پێویستە، هەر پێكوتەیەك سەرەتا لەسەر خانەكانی لەش تاقیدەكرێتەوە، دوای ئەوە لەسەر ئاژەڵ، دواتر سێ‌ قۆناغی دیكە هەن كە هەرسێكیان قۆناغی گرنگن و لەسەر مرۆڤ تاقیدەكرێتەوە، قۆناغی یەكەم لەسەر دەیان كەس بەكاردەهێنرێت، قۆناغی دووەم لەسەر سەدان كەس بەكاردەهێنرێت “تا نزیكەی 500 كەس”، قۆناغی سێیەم لەسەر هەزاران كەس بەكاردەهێنرێت، بەپێی نوێترین داتاكان لەم كاتەی ئێستادا 44 جۆر ڤاكسینمان هەیە كە لەسەر دەیان مرۆڤ تاقیدەكرێتەوە، 21 ڤاكسینمان هەیە كە لەقۆناغی دووەمدان واتە لەسەر سەدان كەس بەكاردەهێنرێن، 18 ڤاكسینینا لە قۆناغی سێیەمدان واتە لەسەر هەزاران كەس تاقیدەكرێتەوە، لەو 18 ڤاكسینەش پێنجیان بەشێوەی رێگە پێدانی بە مەرج بەكاردەهێنرێن، ئەوەی ئێستا بەتەواوی لەبەردەستن سێ‌ ڤاكسین پەسەندكراون، یەكێكیان لەلایەن چینەوە بەرهەم هاتووە بەڵام تا ئێستا ئەمریكا پەسەندی نەكردووە، لە وڵاتانی جیهانیش تەنها ئیماراتی عەرەبی پەسەندی كردووە، بەڵام گرنگترین ڤاكسینەكان یەكێكیان ڤاكسینە هاوبەشەكەی فایزەری ئەمریكی و بایۆنتیكی ئەڵمانیە كە پێكەوە ڤاكسینەكەیان بەرهەمهێناوە و هەر سێ‌ قۆناغەكەی تێپەڕاندووە، لە 2ی 12ی 2020 بەریتانیا پەسەندی كرد كە لەسەر هاوڵاتیانی خۆی بەكابهێنرێت، دوای ئەوە ئەمریكاش بە مەرج رێگەی بەكارهێنانی پێدا، كەنەداش پەسەندی كردووە، دوای ڤاكسینەكەی فایزەر و بایۆنتیك، ڤاكسینەكەی مۆدێرناش پەسەندكراوە، ڤاكسینێكی دیكە هەیە كە زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی لە رێگەی كۆمپانیای ئیستریزینیكا بەرهەمی دەهێنێت بڕیارە دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی كریسمس بەكاربهێنرێت.

پۆڵەتیك پرێس: ئەو كاریگەرییە نەرێنیانە چیبوون لەو كەسانەی ڤاكسینینان لەسەر تاقیكراوەتەوە بەشێوەیەكی گشتی؟

كەنار فازیل: هەموو ڤاكسینێك كاریگەری لاوەكی دەبێت بەڵام كەمە و كاتییە، ئەوەی تا ئێستا لەسەر هەزاران كەس تاقیكراوەتەوە كاریگەرییەكان لاوەكی بوون لەوانەیە زۆر بە كەمی كەسانێك هەبن هەستیاریان بۆ دروست بووبێت، بەشێوەیەكی گشتی زیاتر كەمێك “تا” یان دەبێت، شوێنی دەرزییەكە لەوانەیە ئازاری هەبێت یان بئاوسێت بەڵام كاتیە و كەمە.

پۆڵەتیك پرێس: حكومەتی هەرێم كام ڤاكسینە بكڕێت گونجاووباشە؟

كەنار فازیل: ئەو ڤاكسینەی فایزەر و بایۆنتیك بەرهەمیان هێناوە لە رووی نرخەوە گرانە و دەبێت لە 70 پلەی ژێر سفر هەڵبگیرێت، ئەمەش وادەكات هەڵگرتنی زەحمەت بێت، مۆدێرناش هەیە كە پەسەندكراوە، نرخەكەی لەسەرووی 20 دۆلارەوەیە بەڵام دەتوانرێت لە 20 پلەی ژێر سفر هەڵبگیرێت واتە دەتوانرێت لە فلێزەردا دابنرێت، ئەوەی كۆمپانیای ئیستریزینیكای بەریتانی بەرهەمی دەهێنێت نرخەكەی زۆر كەمترە كە نزیكەی چوار دۆلارە و لە ناو سەلاجەشدا هەڵدەگیرێت، بەباشیش لێكۆڵینەوەی لەسەركراوە بەرای من ئەمەی كۆتایی بۆ هەرێمی كوردستان گونجاوترە، بەڵام دەبێت چاوەڕێبكەین تا پەسەند دەكرێت.

پۆڵەتیك پرێس: دوایین پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و جیهانیش بەكوێ‌ گەشتووە؟

كەنار فازیل: ڤایرۆسەكان بە تێپەڕبوونی كات خۆیان دەگۆڕن، هەموو ڤایرۆسێكیش چالاكبوونی لەسەر لەشی مرۆڤ كاتییە، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نێوان 14 بۆ 21 رۆژ بە چالاكی لە لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، لە ماوەی ئەمساڵدا ڤایرۆسی كۆرۆنا چەند جارێك خۆی گۆڕیوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەم گۆڕانكارییانە نەبوونەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی رێژەی مردن بەهۆی ئەو خۆگۆڕینەی ڤایرۆسەكەوە بەرزترببێتەوە، بەڵام ئەوەی كێشەیە ئەوەی ئەم گۆڕانكارییە نوێیەی ئێستا هەیە لە ڤایرۆسی كۆرۆنا وای لێدەكات زۆر خێراتر بڵاوببێتەوە، لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكەش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا جیاوازە، ئەو وڵاتانەی كە پابەندبوون یان زۆر زوو كۆنترۆڵكراوە، ڤایرۆسەكە زۆر بڵاونەبووەتەوەو رێژەی مردنیش كەم بووە، لەهەندێك وڵات رەنگە رێژەی مردن بەرزبووبێت بەڵام ئەوەش پەیوەندی هەیە بە ئاستی تەمەنەوە كە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكە جیایە، هەندێك وڵات هەیە خەڵكی بەتەمەنی زۆرە كە لەسەرووی 75 ساڵ بۆ سەرەوەیە، هەندێك وڵات هەیە رێژەی گەنجی زۆرە، ئەوەی ئێمە ئەیزانین رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە زۆر كەمترە لە ناو چینی گەنجاندا.

پۆڵەتیك پرێس: پێت وایە لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان بەرگری بە كۆمەڵ بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دروست بووبێت، دروست بوونی بەرگری بە كۆمەڵ تا چەندە كاریگەری هەیە لەسەر خاوبوونەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا؟

كەنار فازیل: لەوانەیە لە هەرێمی كوردستان لەبەر پابەند نەبوونی زۆرینەی هاووڵاتیان “بەشێكی زۆریش پابەندبوون” بەڵام پابەندبوونەكە ماوەی هەیە، مرۆڤ بە سرووشتی خۆی ناتوانێت بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ پابەندبێت، ئەوەی ئێمە لە رێی نەخۆشخانەكان و پزیشكەكانەوە بیستوومانە لەوانەیە 70% یان 80% ی هاووڵاتیانی هەرێم كۆرۆنایان گرتبێت یان گرتوویانە و بەخۆیان نەزانیوە بەهۆی ئەوەی بێ‌ نیشانە بووە، ئەمەش رێژەیەكی بەرزە چونكە زۆربەی وڵاتان خوازیارن رێژەی تووشبووانیان بگاتە 60% تا بەرگری بە كۆمەڵ دژی ڤایرۆسەكە پەیدا ببێت، ئێستا وەك ماوەی رابردوو نیە كە نەخۆشخانە و كلینیكەكان پڕبوون لە نەخۆشی كۆرۆنا ئێستا رێژەكە كەم بووەتەوە هەروەها نیشانەكانی تووشبوونیش سوكترن لەوەی لە رابردوو تووش دەبوون، بۆیە ئەگەر زۆرینەی خەڵك تووش بووبێت ڤایرۆسەكە زۆر بە بەهێزی نامێنێتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا