پۆڵه‌تیك پرێس
رۆژی پێنج شه‌ممه 2020/12/24 له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چالاكوانى مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تى رۆشنبیریى كه‌ركوكه‌وه، پرۆژه‌ی به هه‌رێمكردنی كه‌ركوك راگه‌یه‌نرا، دواى راگه‌یاندنى پرۆژه‌كه‌ش لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كانى كه‌ركوك هه‌ڵوێستى خۆیان له‌وباره‌وه خسته ڕوو، ئه‌وان له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراقن له‌برى پرۆژه‌ى به هه‌رێمكردنه‌كه.
ئه‌حمه‌د ره‌فیق، وته‌بێژی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له كه‌ركوك به‌پۆڵه‌تیك پرێس-ی راگه‌یاند، یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد له‌چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرێت كه پێشتر سه‌ركردایه‌تی كورد‌و به‌تایبه‌تی مام جه‌لال كاری گه‌وره‌یان بۆ كردووه، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی له‌و جۆره‌دا نییه، پرۆژه‌ی له‌و شێوه‌یه له ئێستا و بۆ دواتریش زیانی گه‌وره به پرسی دۆسییه‌ی كورد له‌ناوچه دابڕاوه‌كان ده‌دات.
ناكرێت به شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى خه‌ڵكێك بێن و پێشنیارێكى له‌م شێوه‌یه بكه‌ن
رێباز سابیر، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش بۆ پۆڵه‌تیك پرێس رایگه‌یاند، لاى ئێمه گرنگ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ه، جگه له‌وه‌ش بابه‌تى به هه‌رێمكردنى كه‌ركوك پێویسته هه‌موو پێكهاته‌كانى كورد و عه‌ره‌ب و توركمان له‌سه‌رى رێكبكه‌ون ناكرێت به شێوه‌یه‌كى هه‌ڕه‌مه‌كى خه‌ڵكێك بێن و پێشنیارێكى له‌م شێوه‌یه بكه‌ن، مادده‌ى 140 قۆناغێكى بڕیوه ده‌بێت هه‌وڵى جێبه‌جێكردنى قۆناغه‌كانى دیكه‌شى بده‌ین، تا ئه‌م مادده‌یه به‌لایه‌كدا نه‌كه‌وێت ناكرێت شتێكى دیكه بهێنرێته پێشه‌وه.
“ده‌سته‌ى به هه‌رێمكردنى كه‌ركوك له ئاست ئه‌م كاره‌دا نین”
له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق و له مادده‌ى (58)ى ده‌ستوورى كاتى عێراقدا پرسى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كه‌ركوك خرایه ڕوو، دواتر و له ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى مادده‌ى 140 بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ناوچه دابڕێنراوه‌كان دانرا، كه به چه‌ند قۆناغێك (ئاسایی كردنه‌وه، سه‌رژمێرى، راپرسى) چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و ناوچانه بكرێت.
سكرتێرى مه‌كۆى كه‌ركوكى گۆڕانیش ده‌ڵێت:”پێموایه ده‌سته‌ى به هه‌رێمكردنى كه‌ركوك له ئاست ئه‌م كاره‌دا نین، قورسه چه‌ند مامۆستا و رۆشنبیرێك هه‌نگاوى وا گه‌وره‌بنێن”.
محه‌مه‌د نه‌سره‌دین، سكرتێرى مه‌كۆى كه‌ركوكى گۆڕان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: پێموایه له نه‌بوونى چاره‌سه‌رى لایه‌نه سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێم بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانى دیكه‌ى سنورى مادده‌ى 140 له چه‌ند ساڵى رابردوو، هه‌ستكردنى خه‌ڵكى ئه‌و ناوچه‌یه به‌وه‌ى كه چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كه‌ركوك كارى له پێشینه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم نه‌بووه، ئه‌م جۆره كارانه دێنه پێشه‌وه ئیتر ئایا پرسى به هه‌رێم كردنى كه‌ركوك بێت یان هه‌ر بابه‌ت و پرسێكى دیكه بێت، هه‌رچه‌نده پێم وایه ئه‌م ده‌سته‌یه له ئاست ئه‌م كاره‌دا نین، قورسه چه‌ند مامۆستا و رۆشنبیرێك هه‌نگاوى وا گه‌وره‌بنێن، كورد ئێستا له لوتكه‌ى لاوازییه له‌م ناوچانه و وروژاندنى پرسێكى وا به هیچ شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى كورد ناكات.
“پێویسته كێشه‌ى كه‌ركوك له رێگه‌ى مادده‌ى 140 ه‌وه چاره‌سه‌ربكرێت”
له‌لایه‌كی دیكه‌وه لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى یه‌كگرتوو باس له‌وه‌ده‌كات “به‌بڕواى ئێمه پێویسته كێشه‌ى كه‌ركوك له رێگه‌ى مادده‌ى 140 ه‌وه چاره‌سه‌ربكرێت، كێشه‌ى كه‌ركوك كێشه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌ییه كێشه‌ى كه‌سێك و گروپێك و لایه‌نێك نیه”.
پارتی: راگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی به هه‌رێمكردنی كه‌ركووك بێ ئه‌نجامده‌بێت
تاریق فه‌ریق لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى كه‌ركوكى یه‌كگرتوو بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “لاى ئێمه وه‌كو یه‌كگرتووى ئیسلامى كه‌ركوك دڵ و قودسى كوردستانه، لاى ئێمه كه‌ركوك كوردستانییه و ئه‌مه‌ش له قه‌ناعه‌تمانه‌وه‌یه نه‌ك دروشمێكى سیاسى بێت، به‌بڕواى ئێمه پێویسته كێشه‌ى كه‌ركوك له رێگه‌ى مادده‌ى 140 ه‌وه چاره‌سه‌ربكرێت، كێشه‌ى كه‌ركوك كێشه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌ییه كێشه‌ى كه‌سێك و گروپێك و لایه‌نێك نیه”.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك-گه‌رمیانی پارتیش بۆچونیوایه، راگه‌یاندنی پڕۆژه‌ی به هه‌رێمكردنی كه‌ركووك بێ ئه‌نجام ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ده‌شكرێت، خه‌ڵكێكی خیانه‌تكار و شۆڤێنین و دژی مافی گه‌لی كوردستان و گشت عێراق و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ن.
كه‌مال كه‌ركوكی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی راگه‌یاندووه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئاینده‌ی كه‌ركووك، له ده‌ستووری عێراق مادده‌ی ١٤٠ دانراوه و ئه‌و مادده‌یه‌ش بۆ دیاریكردنی ئاینده‌ی كه‌ركووكه، كه دانیشتووانی بۆ ئاینده‌ی شاره‌كه له ڕیفراندۆمێكدا به ئازادی ده‌نگ ده‌ده‌ن، كه ئایا ئیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌بن یاخود له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئیتیحادی، ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ش بۆ ئیداره‌دانێتی نه‌ك بۆ چاره‌نووسی خاكه‌كه‌ی.
له‌دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 كه‌ركوك كه‌وته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى عێراقى و هه‌رێم به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و شاره‌ى له ده‌ستدا، رۆژ به رۆژ تادێت كێشه‌كه‌كانى ئه‌و شاره له رووى ئه‌منى و سیاسى و كارگێڕى و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه قوڵترده‌بێته‌وه.
ئه‌و كاته‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك بوو پشتیوانى لێده‌كرد
ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى به هه‌رێم كردنى كه‌ركوكیش ده‌ڵێت: “پرۆژه‌كه ده‌رچه‌یه‌كى ده‌ستووریه به پێى مادده‌ى 119 ى ده‌ستوورى عێراق، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له پێناو راستكردنه‌وه‌ى بارى لارى شاره‌كه‌یه”.
له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج ئه‌ندامى ده‌سته‌ى به‌هه‌رێمكردنى كه‌ركوك بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: پێش ئه‌وه‌ى كه‌ركوك بكه‌وێته ده‌ستى حكومه‌تى عێراقى، پرۆژه‌یه‌ك هه‌بوو بۆ به هه‌رێمكردنى كه‌ركوك، ئه‌و كاته‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك پشتیوانى لێده‌كرد، ئه‌وه‌بوو له سه‌ره‌تا پارتى هێرشى زۆریان كرده سه‌ر نه‌جمه‌دین كه‌ریم و تۆمه‌تباریان كرد به‌وه‌ى ده‌یه‌وێت ناوبانگ په‌یدابكات و ببێته سه‌رۆكى هه‌رێمى كه‌ركوك، به‌ڵام دواتر پارتى هه‌ڵوێستى گۆڕا و خودى مه‌سعود بارزانى كه سه‌رۆكى هه‌رێم بوو، پشتگیرى پرۆژه‌كه‌ى كرد، به‌نیسبه‌ت یه‌كێتیشه‌وه پێموایه كێشه‌ى نه‌بوو له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دا چونكه مام جه‌لال پرۆژه‌ى ڕێژه‌ی 32 به 32 به 32ى هه‌بوو بۆ كه‌ركوك.
ده‌رباره‌ى راگه‌یاندنى پرۆژه‌ى به هه‌رێم كردنى كه‌ركوك له‌تیف فاتح فه‌ره‌ج وتى:”كه‌ركوك پێویستى به‌وه هه‌یه باره لاره‌كه‌ى راست بكرێته‌وه، پێكهاته‌كان بیر له هاوئاستى و پێكه‌وه ژیانى ئاشتییانه بكه‌نه‌وه، پێویستى به‌وه هه‌یه كه‌س مافى ئه‌وانى دیكه نه‌خوات، ئه‌مه تونێلێكه كارى تێدا ده‌كه‌ین جارێ نازانین تا چه‌نده سه‌ركه‌وتووده‌بین، ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌رچه‌یه‌كى ده‌ستوورییه بۆ ئه‌وه‌ى بیربكرێته‌وه له‌وه‌ى چى بۆ كه‌ركوك بكرێت، ده‌رفه‌تێكه بۆئه‌وه‌ى به حكومه‌تى هه‌رێم و عێراق بڵێین كه‌ركوك شارێكه سته‌مى لێده‌كرێت”.