پلانی وەرگرتنەوەی موچە نەدراوەكان

دەرفەتێكی یاسایی گرنگی وەرگرتنەوەی موچە نەدراوەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان و لێبڕینە نا یاساییەكانی تری ماف و شایستەكانیان ، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی عیراقدا ، بوونی هەیە ..

پێویستە فەرمانبەران و مامۆستایان ئەركی وەرگرتنەوەی ئەو مافە بگرنە ئەستۆی خۆیان ، بە گرتنەبەری ڕێكارە جێبەجێكاری و یاساییەكان .. و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەست پێ بكەن بەم شێوەیە :

ئامادە كردن و دارشتنی بڕگەیەكی پەیوەست بە قەرزە داراییەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان لە ساڵانی 2015 تا 2020 و جێگیركردنی ئەو بڕگەیە (وەك قەرزی شایستەی پێدانەوە) لە ئەستۆی حكومەتی هەرێم لە ناو پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دا ، پێش ئەوەی بخرێتە بەر دەنگدان.

بۆ ئەو مەبەستە ، پێویستە دەستەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ چاوپێكەوتنی لایەنەكانی پەرلەمانی عیراق ، سەردانی بەغدا بكەن و داوای جێگیركردنی ئەو بڕگەیە ، لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 بكەن ، تا دەنگی لەسەر بدرێت ، بە تایبەت لەو بڕگانەدا كە هەرێم پابەند ئەكات بە چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتەكان .

داوای پێكهێنانی سندوقێك بكەن ، ناوی (سندوقی قەرزەكانی فەرمانبەرانی هەرێم – صندوق دیون موڤفی الاقلیم) بێت ، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراقدا جێگیر بكرێت ، بە یاسا كارەكانی ئەو سندوفە ڕێكبخرێت.

دەستبەجێ پرۆژە یاسای (سندوقی قەرزی فەرمانبەران و مامۆستایان) ئامادە بكرێت وبخرێتە بەر دەنگدان .

بە جێگیركردنی شایستەكانی فەرمانبەران و مامۆستایان لە یاسای بودجەی 2021دا ، مافە داراییەكانی 2015 تا 2020 و تا پاكتاوكردنی سەرجەم مافەكان بەردەوامی دەبێت و چیتر فەرمانبەران ومامۆستایان بە گومان و دوودڵییەوە رۆژ ناژمێرن .

بێگومان وردەكاری و میكانیزمی سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكانی عیراق و دارشتنی بڕگە یاساییەكانی نێو پرۆژە یاساكەی بودجەی 2021ی عیراق و دامەزراندنی سندوقێك بە یاسا ، گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت ، داواكارم لە نوێنەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان زوو دەستبەكاربن تیایدا .

چیتر لەسەر كەس نەوەستن ، چیتر متمانە بەو كەسانە نەكەن كە سازش بە بژێوی و چارەنوسیانەوە ئەكەن ، بابەتی ئەم نوسینەش تێكەڵ بە (بابەتی گواستنەوە موچە بۆ سەر بەغدا) نەكەن .

سمكۆ ئەسعەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا