پۆڵه‌تیك پرێس:
شه‌وی یه‌كشه‌ممه هێرشێكی موشه‌كی كرایه سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز له‌به‌غدا و به‌دیاریكراویش باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه، بۆ عێراقییه‌كان هه‌واڵه‌كه وه‌ك هێرشێكی دیكه‌ی ڕۆتینی بۆسه‌ر ئه‌مریكیه‌كان ته‌ماشاكرا، به‌ڵام بابه‌ته‌كه له‌وه گه‌وره‌تره و پێده‌چێت سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ك بڕیاری قورسی ئه‌مریكا بێت به‌رامبه‌ر به عێراق.
داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق چه‌ند مانگێكه بوه‌ته پرسێكی گه‌رمی شه‌قامی سیاسیی عێراق، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاسته باڵاكانی عێراق دڵناییدرا به ئه‌مریكییه‌كان كه ڕێگه ناده‌ن جارێكی دیكه هێرشبكرێته سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا به‌و مه‌رجه‌ی واشنتۆن بیر له داخستنی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له به‌غدا نه‌كاته‌وه، به‌ڵام پێناچێت چیتر ئه‌مریكا بڕوا به‌و دڵنیایدانه‌ی به‌غدا به واشنتۆن بكات.
رۆژی چوارشه‌ممه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئیداره‌كه‌ی كه بریتی بوون له مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا، رۆبەرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و کریس میلەر، وەزیری بەرگریی ئه‌مریكا بەوەکالەت كۆبوه‌وه.
به‌هێزترین بژارده داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكایه له‌به‌غدا
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رپرسه باڵایانه‌ی ئه‌مریكا ته‌نها بۆ یه‌ك بابه‌ت بووه: چۆن وه‌ڵامێكی توندی ئێران بدرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی چیتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه؟
زۆر بژارده خرایه به‌رده‌ست تره‌مپ، به‌ڵام وه‌ك ئاژانسی ڕۆیته‌رز ئاشكرایكردووه، به‌هێزترین بژارده داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكایه له‌به‌غدا، به‌وه‌ش هه‌م ئێران ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و بوارده‌دات به‌ئه‌مریكا به‌بێ ترس وه‌ڵامی ئێران بداته‌وه، هه‌م وه‌ڵامێكیش ده‌بێت بۆ بێوه‌فایی عێراق به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌ی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا دابووی.
لە کاتێکی گونجاو‌دا تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکەینەوە، ئه‌مه قسه‌ی عه‌لی خامنه‌یی، ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێرانه، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ڕۆژی 3ـی كانوونی دووه‌می 2021 و یه‌كه‌م ساڵیادی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس.
ئه‌مریكا هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی خامنه‌یی به‌جدی وه‌رگرتووه، شه‌وی چوارشه‌ممه تره‌مپ به ڕوونی به ئێرانی گوت، دووجار بیربكه‌نه‌وه، كوژرانی سه‌ربازێكی ئه‌مریكی له‌ئه‌ستۆی ئێوه‌یه و ئێمه‌ش وه‌ڵاممان ده‌بێت.
زیاتر لە 20 موشەک ئاڕاسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كراوه
به‌ڵام با بزانین ئه‌مجاره ئه‌مریكا بۆ هێنده توڕه‌یه به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه موشه‌كییه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه؟
فرانک مەکێنزی، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ورده‌كاریی ئه‌و هێرشه‌ی ئاشكراكردووه و وتویه‌تی، “یه‌كه‌مجاره له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا به‌وشێوه قورسه ئه‌مریكا له عێراق به‌ئامانج بگیرێت”.
مەکێنزی ده‌ڵێت، له‌و شه‌وه‌دا زیاتر لە 20 موشەک ئاڕاسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كراوه “ئه‌وه به‌ئاشكرا شەڕانگێزییە و ئێمه‌ش زۆر بە جدیی ته‌ماشای دەکەین”.
ڕۆژنامه‌ی “وۆڵ‌ستریت جۆرناڵ”ـی ئه‌مریكی له‌ڕاپۆرتێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌و هێرشه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه، هیچ ئه‌مریكییه‌ك له‌و هێرشه بریندار یاخود نه‌كوژراوه، به‌ڵام دوو باڵه‌خانه كه ئه‌مریكییه‌كانی نێو باڵیۆزخانه‌كه بۆ وه‌رزشكردن به‌كاریانده‌هێنا وێرانكراوه.
هه‌مووان باس له داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق ده‌كه‌ن و به‌مه‌ترسی ناویده‌به‌ن، به‌ڵام ئاخۆ كاریگه‌رییه‌كانی بۆ عێراق چین؟
داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئه‌مریكا ده‌ستكراوه ده‌كات هێرشی ئاسمانیی بكاته سه‌ر میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له ئێران به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بترسێت له‌كاردانه‌وه‌ی میلیشیاكان دوای ئه‌و هێرشانه.
سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر عێراق یه‌كێك ده‌بێت له بژارده‌كانی ئه‌مریكا
داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له ئێران ده‌ستكراوه ده‌كات بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیاتری حكومه‌تی عێراق، هاوكات ئه‌و میلشیایانه بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا وه‌ك سه‌ركه‌وتن بۆ خۆیان به‌رامبه‌ر واشنتۆن ته‌ماشا ده‌كه‌ن.
سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر عێراق یه‌كێك ده‌بێت له بژارده‌كانی ئه‌مریكا له‌دوای باڵیۆزخانه‌كه‌ی له عێراق، ئه‌وه‌ش هه‌نگاوێكه ترسی خستوه‌ته دڵی به‌رپرسانی باڵای عێراقه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه عێراق به‌دۆخێكی سه‌ختی ئابووریدا تێپه‌ڕده‌بێت.
كێشه‌كه به‌ته‌نها له‌داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا نییه، به‌ڵكو له‌وه‌شدایه كه بڕیاره‌كه هانی به‌شێك له‌وڵاتانی دیكه‌ی جیهان ده‌دات، هه‌نگاوی هاوشێوه‌ی ئه‌مریكا بنێن.
داخستنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له عێراق بڕیارێك نییه به‌زوویی ئه‌مریكا لێی پاشگه‌زبێته‌وه، یاخود به‌مانایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌م مانگه‌دا باڵیۆزخانه‌كه‌ی له‌به‌غدا دابخات، هاتنی جۆ بایدن بۆ كۆشكی سپی و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ناكاته ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا جارێكی دیكه باڵیۆزخانه‌كه‌ی بكاته‌وه، چونكه ئه‌و پڕۆسه‌یه كاتی پێویست ده‌بێت، له‌وه‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م عێراق.
ڕۆژنامه‌ی العرب له نوێترین ژماره‌ی خۆیدا ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه، ئه‌مریكا به‌شێك له كارمه‌نده‌كانی باڵیۆزخانه‌كه‌ی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه واشنتۆن، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی بۆ شاری هه‌ولێر گواستوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌مریكا بڕیاری لێنه‌داوه گواستنه‌وه‌ی ماتیۆ توله‌ر، باڵیۆزی وڵاته‌كه‌یه‌تی له عێراق، ئاخۆ توله‌ر بۆ هه‌ولێر بگوازرێته‌وه، یاخود بۆ بنكه‌ی سه‌ربازیی عه‌ین ئه‌سه‌د له ئه‌نبار، یان ڕاسته‌وخۆ باڵیۆزه‌كه‌ی بۆ ئه‌مریكا بگه‌ڕێنێته‌وه.
كه‌متر له‌یه‌ك مانگ بۆ مانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌كۆشكی سپی ماوه
عێراق له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه ده‌یه‌وێت دڵنیایی بداته ئه‌مریكا، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستگیركردنی كه‌سێكی ڕاگه‌یاند كه ده‌ڵێت، فه‌رمانده‌ی هێرشه موشه‌كیه‌كانه بۆسه‌ر ناوچه‌ی سه‌وز، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئاخۆ چیتر ئه‌مریكا دڵی خۆی به‌و هه‌وڵانه‌ی عێراق خۆشده‌كات؟ یاخود له‌و ڕاستیه تێگه‌یشتووه كه حكومه‌تی عێراق له‌وه لاوازتره بتوانێت ئه‌منیه‌تی ناوچه‌ی سه‌وز بپارێزێت؟
نامانه‌وێت له‌دواین ڕۆژه‌كانیدا، تره‌مپ له‌خۆمان توڕه بكه‌ین
كه‌متر له‌یه‌ك مانگ بۆ مانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌كۆشكی سپی ماوه، ئه‌وه‌ی جیهان به‌وردیی چاودێریده‌كات دواین ڕۆژه‌كانی ناوبراوه له‌ده‌سه‌ڵات، به‌رپرسه باڵاكانی ئێران په‌یتا په‌یتا په‌یام بۆ به‌غدا ده‌نێرن و بێبه‌ریبوونی خۆیان له‌هێرشه‌كانی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا نیشانده‌ده‌ن.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس به‌سه‌ردانێكی كورت گه‌یشته شاری به‌غدا، قائانی په‌یامێكی ڕوونی بۆ مسته‌فا كازمی پێ‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، “نامانه‌وێت له‌دواین ڕۆژه‌كانیدا، تره‌مپ له‌خۆمان توڕه بكه‌ین”.