كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌های دیناری عێراقی سه‌ره‌تای زنجیره‌یه‌ك بڕیاری به‌ئازاره‌

پۆڵه‌تیك پرێس:
هه‌رچه‌نده‌ عێراق به‌های دۆلاری به‌رامبه‌ر دینار به‌رزكرده‌وه‌، به‌ڵام ئاژانسی “بلومبێرگ” پێیوایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌س نییه‌ بۆ ڕزگاركردنی ئابووریی عێراق كه‌ ئێستا له‌ لێواری نقوومبوندایه‌.

ئاژانسی بلومبێرگ ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی عێراق له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌كاریگه‌رییه‌كانی كورتهێنانی دارایی كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌س نییه‌ بۆ ئه‌و ئازاره‌ی به‌ر ئابووریی عێراق ده‌كه‌وێت.

بلومبێرگ پێشبینیده‌كات، دابه‌زاندنی به‌های دینار سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵێك “بڕیاری به‌ئازار”ه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق بۆ ڕزگاربوون له‌هه‌ره‌سهێنانی ئابووریی په‌نای بۆده‌بات.

هه‌رچه‌نده‌ پێبینیكردنی واده‌ی كۆتایهاتنی ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ی به‌سه‌ر ئابووریی عێراقدا هاتووه‌ كارێكی قورسه‌، به‌ڵام سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینیده‌كات دۆخه‌كه‌ تا ساڵی 2024 به‌رده‌وام بێت.

مارك بۆهلۆند، گه‌وره‌ ڕاوێژكاری ئابووریی بۆچونی وایه‌، ده‌بێت عێراق بودجه‌كه‌ی كه‌مبكاته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هاوكاری دارایی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی پێبگات.

حكومه‌تی عێراق ده‌ڵێت، دابه‌زاندنی به‌های دینار بۆ یه‌كجاره‌، به‌ڵام بلومبێرگ پێشبینیده‌كات، ئه‌و بڕیاره‌ بۆ یه‌كجار نه‌بێت چونكه‌ یه‌ده‌گی دراوی بیانی له‌عێراق به‌ره‌و دابه‌زین ده‌چێت، ئه‌وه‌ش هانی عێراق ده‌دات جارێكی دیكه‌ گۆڕانكاریی له‌به‌های دراوه‌كه‌یدا بكات، جا ئه‌گه‌ر به‌ ئاشكرا بێت یان له‌نێو بازاڕی ڕه‌شدا بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا