پۆڵەتیك پرێس
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك بڕیاری نوێی بۆ پاراستنی دۆخی تەندروستی هەرێم دەركرد و رایگەیاند، رێگە بە ئەنجامدانی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ نادەن و هەركەس سەرپێچی بكات سزا دەدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەیانی ژمارە 57ی تایبەت بەپاراستنی ئاسایشی تەندروستی هەرێم بڵاو كردەوە و تیایدا 18 بڕیاری نوێی لەبارەی كۆرۆناوە دەركردووەو تێیدا هاتووە، هەموو گردبونەوەو كۆنفرانسو كۆبونەوەیەك قەدەغەیە و دەروازەكانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێن.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر هاوڵاتییەكی عێراقی لەو وڵاتانەی ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێم ئەوا بۆ ماوەی 14 رۆژ كەرەنتین دەكرێت.
هەر بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ جەخت لە بەستنی جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەكان و بەكارهێنانی ماسك لەفەرمانگەكان كراوەتەوە.
لەبارەی داخستنی دوكان و بازاڕ و شوێنەگشتیەكانیش وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی بە ژوری ئۆپەراسیۆنەكان لە ئیدارە و پارێزگاكان داوە رێكاری پێویست بەرانبەر سەرپێچیكاران بگرنەبەر.