ئەمریكا فشار دەخاتە سەر عێراق

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، واشنتۆنی تۆمەتباركرد بەوەی فشار دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی مامەڵەی سەربازی لەگەڵ روسیا نەكات.

محەمەد رەزا رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا هەوڵی رێگریكردن لە بەرپرسانی عێراقی دەدەن تاوەكو رێگە نەدەن هیچ جۆرە مامەڵەیەكی سەربازی لەگەڵ مۆسكۆ ئەنجام بدەن.

وتیشی، ” ئەگەر بەغدا سەركەوتووبێت لەرێككەوتن لەگەڵ ڕوسیادا، ئەوا پێشبینی گەشەكردنی سوپای عێراق هەیە، ئەمریكاش بەو رووداوە دڵخۆش نییە”.

سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ روسیادا هەیە لە رووی راهێنان و پڕچەككردن و پەیوەندی سەربازی تەنانەت لەبواری ئەمنی و هەواڵگریشدا پەیوەندییان هەبووە.

رۆژی 25ی مانگی رابردو فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی روسیای كردو لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبویەوەو كۆمەڵێك بابەتی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی روسیا و عێراقیان تاوتوێكرد، لەوانەش پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە وزەییەكانی هەردوولا، لەگەڵا پەیوەندیە دیپلۆماسییەكان و پەیوەندییە بازرگانییەكانیان.

هاوكات هەردوولا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوانیان، بابەتی كڕینی فڕۆكەی روسی لەلایەن عێراقەوە هەروەها بەهێزكردنی پەیوەندییە سەربازییەكانی روسیا و عێراق تاوتوێكران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا