پۆڵەتیك پرێس
پەرلەمانی كوردستان لەرێگەی دانانی چەند لیژنەیەكەوە بەدواداچوونی بۆ خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوی هەرێم كردو لەو بارەیەشەوە راپۆرتێك دراوەتە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.
باڵانبۆ محەمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكان، لەپەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەرێگەی سێ لیژنەی لاوەكییەوە بەدواداچونیان بۆ كێشەی هاوڵاتیان و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی كردووە.
وتیشی، “لەبەدواداچوونەكانماندا دەركەوت سەرەڕای ئەوەی بارودۆخی خەڵك خراپ و ناجێگیرە، هەروەها دەركەوت جیاوازییەكی زۆر هەیە لەخزمەتكردنی هاوڵاتیان و ناحەقی زۆر كراوە لەوناوچانەی خۆپیشاندان تێیدا روویان داوە بەراورد بە هەندێك ناوچەی دیكە”.
باسی لەوەشكرد، راپۆرتێكیان لەبارەی سەردانەكەیانەوە ئامادەكردوەو رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كردووە تاوەكو كاری لەسەر بكرێت.
لەبارەی كاركردن بۆ دەستگیركردنی تەقەكەرانی خۆپیشاندەران، باڵامبۆ محەمەد باسی لەوەكرد، كاری پەرلەمانی كوردستان دەركردنی یاسایە و ئەوەی پێویسە بەدواداچوون بۆ كەیسی كوژراو بریندارو دەستگیركراوەكانی خۆپیشاندانەكان بكات ئەنجومەنی دادوەری و دادگاكانە.
لەماوەی رابردودا زنجیرەیەك خۆپیشاندان سلێمانی و شارەكانی دەوروبەری گرتەوە، ئەوەش بەهۆی خراپی ئەدای حكومەت و دابەشنەكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە بوو كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد ئەگەر حكومەت توانای باشكردنی ژیانی هاوڵاتیانی نییە باشترە دەستلەكاربكێشێتەوە.