یەکێتی سێ خاڵ لەگەڵ پارتی یەکلا دەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس_

یەکێتی و پارتی ئەمرۆ سێشەممە (11 ئابی 2010) لە هاوینەهەواری دوکان لە کۆبوونەوەدان و یەکێتی دەیەوێت لەکۆبوونەوەکانیدا سێ خاڵ لەگەڵ پارتی تاوتوێ و یەکلابکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆڵەتیک پرێس، یەکێتی دەیەوێت لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ پارتی پرسی بەشداری و پێگەی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم ، کێشەکانی بەغداد و هەرێم و چارەسەری مووچەی فەرمانبەران، بەشداری یەکێتی لە بڕیاری سیاسی هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە.

لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، “دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كوردستان كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشی لە بەرژەوەندی خەڵك دەبێت”.

بافڵ تاڵەبانی میوانداری و سەرپەرشتی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی لە هاوینەهەواری دوکان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی 27ی مانگی رابردو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کۆبوەوە و تاڕادەیەک گرژییەکانی هەردولای رەواندەوە.

شاندەکەی یەکێتی پێکهاتووە لە ڕزگار عەلی، شاڵاو عەلی عەسکەری ، خەسرەو گوڵ محەممەد و سۆران جەمال تاهیر، هەروەها شاندەکەی پارتیش پێکهاتووە لە هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد و عەلی حوسێن.

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لەکاتێکدایە زیاتر لە نۆ مانگە ئەو دو حزبە کۆنەبونەتەوە، یەکێتی سەرنج و تێبینی لەسەر کابینەکەی مەسرور بارزانی هەیە بەوەی، هەندێک لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان “تاکلایەنەی پێوەدیارە”، لەکاتێکدا کابینەکەی لەلایەن پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە پێکهێنراوە.

هاوکات،لە بەرامبەریشدا پارتی گلەیی ئەوە لە یەکێتی دەکات کە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکات نەک وەک هێزێکی بەشدار لە حکومەت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا