پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك راگەیاند، حزبەكەی لەگەڵ جێبەجێكردنی ماددەی 140و لەغەیری ئەو ماددەیە نایەوێت لەژێر ناوی هیچ پرۆژەیەكی دیكەدا پرسی كوردو لەو ناوچانە چارەسەر بكرێت، هاوكات پرسی بەهەرێمكردنی كەركوك بەزیان بۆ كورد ناودەبات.
ئەحمەد رەفیق وتەبێژی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، یەكێتی دەیەوێت پرسە نەتەوەییەكانی كورد لەچوارچێوەی ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت كە پێشتر سەركردایەتی كوردو بەتایبەتی مام جەلال كاری گەورەیان بۆ كردووە.
لەبارەی ئەو پرۆژەیەی كە ئێستا لەلایەن چەند كەسێكەوە بەناوی پرۆژەی بەهەرێمكردنی كەركوكەوە راگەیەنراوە، ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی لەگەڵ پرۆژەی لەوجۆرەدا نییە، “پرۆژەی لەوشێوەیە لەئێستاو بۆ دواتریش زیانی گەورە بەپرسی دۆسییەی كورد لەناوچە دابڕاوەكان دەدات”.
وتیشی، “كەركوك بەشێكی دانەبڕاوە لەباشوری كوردستان، یەكێتیش بەردەوام كاری لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 كردوەتەوە، چونكە ئەو ماددەیە رێگەچارەی چارەسەركردنی پرسی كوردی لەكەركوك و ناوچە دابڕاوەكان خستوەتەڕوو”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەمە 24ی 12، لەلایەن ژمارەیەك چالاكی مەدەنییەوە پرۆژەی بەهەرێمكردنی كەركوك راگەیەنرا.