پۆڵەتیك پرێس
حكومەتی هەرێم هانا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان دەبات و داوادەكات، لەمەودوا وەك لایەنی سێیەم بەشدار بێت لە دانوستانەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ماف و ئەركەكانی هەر لایەك دیاربێت.
ئەنجومەنی وەزیران راگەیەنراوێكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیانەوە بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوە دەكات، هەرێم لە چوارچێوەی دەستوردا، هەموو مەرج و پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر حكومەتی فیدراڵی جێبەجێكردووە و هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم.
ئاماژە بەوەش دەكات، دانوستانەكان لەگەڵ بەغدا بەردەوامەو داواش دەكەن لەمەودوا نەتەوەیەكگرتووەكان بەشدار دانوستانەكانی هەردولا بێت.
دەشڵێن، “هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستورییەكانمان نابین و بەداخەوە بابەتی موچە و شایستە داراییەكان كراوەتە كارتێكی فشاری سیاسی لە دژی خەڵكی كوردستان”.
لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا باس لەوەكراوە، شاندی دانوستانكاری هەرێمی كوردستان، دەرئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا خستەڕوو و ڕایانگەیاند، سەردانیان بۆ بەغدا بەمەبەستی جێبەجێكردنی یاسای قەرز بوو نەك دانوستاندن لەسەر یاساكە.
ئەوەش هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، وردەكارییەكانی دانوستان و دوا هەڵوێستی بەرپرسانی بەغدا بەرامبەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم، بخاتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و رایگشتی هەرێمی كوردستان.