پۆڵەتیک پرێس
ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی فەرمی ئاراستەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا کردووە، هەتا چاودێرەکانیان بڵاوەپێبکەن و لەسەر سنورەکانی هەرێم لەگەڵ رۆژئاوا گەڕی سەربازی ئەنجام بدەن.
بەپێی ماڵپەڕی مۆنیتەر، چەند بەرپرسێکی کورد باسیان لەوە کردووە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوایەکی ئاراستەی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی چاودێر و ئەنجامدانی گەڕی سەربازی لەسەر سنوری هەرێم لەگەڵ رۆژئاوا.
لایخۆیەوە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسرور بارزانی روونی کردەوە، هۆکاری داواکەی هەرێم لە بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە خاڵی سنوری فیش خاپور خزمەتی چەند بابەتێک دەکات، لەوانەش لێکۆڵینەوە لە هەر کارێکی قاچاخ کە لەو سنوورە ئەنجام دەدرێت.
ئەحمەد وتیشی: ئەو چاودێرانە پارتی کرێکارانی کوردستان دەوەستێنن لە گواستنەوەی پیاوەکانیان و کەلوپەلەکانیان لە هەرێمەوە بەرەو رۆژئاوا ئەمەش بۆ هەمووان بەسود دەبێت.
رۆژی چوارشەممەی پێشوو، سەربەست لزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی پەکەکەیان پەکخستووە کە لە سوریاوە هاتوون.