پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید
ئوتۆ ڤۆن بسمارک، سیاسەتمەداری ئەڵمانی دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی درۆی سیاسی لە وەرزی هەڵبژاردنەکان و ساتەوەختی جەنگ دەسپێدەکات.
لە وتارێکی عەبدولـلەتیف سەعدون، نوسەری عێراقیدا هاتووە، پێدەچێت، ئەو سیاسییانەی ئەمڕۆ عێراق بەڕێوەدەبەن بڕوایان بەو وتەیەی بسمارک هێنابێت، بەجۆرێک، قەڵەمەکانیان تیژکردووەتەوە و بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی دۆسیە گرنگەکانی ئێستای عێراق رادەگەینن.
بەشێوەیەکی گشتی درۆی سیاسی لە وەرزی هەڵبژاردنەکان و ساتەوەختی جەنگ دەسپێدەکات
ئەو نوسەرە دەڵێت: سیاسییەکان خۆیان باش دەزانن، هەڵوێستەکانیان درۆیینە و دروستکراوە، بەڵام لە ئێستادا پێویستیان پێیەتی، بەتایبەت لەدوای ئەوەی زانییان، شۆڕشگێڕانی تشرین لە توانایاندایە دۆخەکە پێچەوانە بکەنەوە و ئەو سیاسییانە بنێرنە ناو زبڵدانەکان، وەکچۆن، پێشتریش ئۆکرانییەکان دەستیان کرد بە ناردنی پەرلەمانتار و وەزیرە گەندەڵەکان بۆناو زبڵدانەکان.
سەعدون دەپرسێت: ئایا ئەو سیاسییانەی کە قەڵەمەکانیان تیژ دەکەنەوە و باس لە سەرکەوتنی نیشتیمان و هاوڵاتیان دەکەن، لەبیریانە لە ماوەی ساڵێکدا ٧٠٠ چالاکوان و گەنجیان کوشت و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیان بریندار کرد کە هەموو تاوانەکەیان ئەوەبوو دەیانویست نیشتیمانە تاڵانکراوەکەیان بۆ بگەڕێننەوە؟! ئایا ئەو سیاسییانە ئاگاداری ئەوەن بە سەدان کچ و کوڕی عێراقی لەتاو برسێتی و بێکاری، لەتاو نائومێدی و بێهیوایی خۆیان دەکوژن؟! ئایا ئەوانەی لەناو دیوارەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا دەژین، ئاگاداری ئەوەن کەسانێک هەن لە خێمەکانی دەرەوەی وڵات دەژین؟! کە ساکارترین هۆکارەکانی ژیانی تێدا نییە و لەدوای هەڕەشەی میلیشیاکان رۆژ بە رۆژ ئازارەکانیان قوڵتر دەبێت، ئایا ئاگاداری ئەو میلیشیایانەن کە بە فەرمانی ئێران لە عێراقدا کار دەکەن و وڵات لە خوێندا نقوم دەکەن و خەڵک دەکوژن و دەڕفێنن و دەستگیردەکەن بە بێ ئەوەی کەس لێیان بپرسێتەوە؟!
ئایا ئەو سیاسییانە ئاگاداری ئەوەن بە سەدان کچ و کوڕی عێراقی لەتاو برسێتی و بێکاری، لەتاو نائومێدی و بێهیوایی خۆیان دەکوژن؟!
سەعدون باس لەوە دەکات، هەموو ئەم شتانە بە بەرچاومانەوە روودەدەن، کەچی سیاسییەک دێت و پێمان دەڵێت: هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەبێتە گۆڕانکاری لە هەموو شتێکدا، لەکاتێکدا خەڵکی متمانەیەی بەم یارییە نەماوە و داهاتووی خۆی لەسەر بنیاد نانێت، بۆیە مەزاجی گەلی عێراق وا دەخوازێت ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت بکات، لەبەرئەوەی بێهیوایی و نائومێدی گشتی بوونی هەیە و پێیانوایە هیچ گۆڕانکارییەک روونادات، چونکە دەبینن چینی سیاسی هەمان چینەکانی پێشووە و سیستم و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتیش هەمان ئەوانەی پێشوون، تەنانەت ئەگەر کەشی ئازاد بۆ هەڵبژاردنەکان بڕەخسێنرێت و بە پاکیش بەڕێوەبچێت، هێشتا گرەنتی نییە، چونکە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری راستەقینەی کێشەکانی عێراق ناکات.
ئەو نوسەرە ئاماژە بەوەش دەکات، لەلایەکی دیکەوە، دەنگێکی ناڕازی هەیە دژی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەهەرشێوەیەک بێت، هاوڵاتیان بەشداری بکەن لەم هەڵبژاردنە یاخود نەیکەن، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، رۆژێک دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، دووبارە دەست دەکەن بە گەڕان بەدوای نان و دەرمان.
هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرەکیترین داواکاری خۆپیشاندەرانی تشرینی ٢٠١٩ بووە، ئەو داواکارییەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ خۆی برد و کردیە کاغەزی دەستی
سەعدون دەپرسێت: کەواتە چارەسەر چییە؟ هەڵبژاردنی پێشوەختە سەرەکیترین داواکاری خۆپیشاندەرانی تشرینی ٢٠١٩ بوو، ئەو داواکارییەی حکومەتەکەی مستەفا کازمی بۆ خۆی برد و کردیە کاغەزی دەستی، لە کاتێکدا، تەواوی داواکارییەکانی دیکەی خۆپیشاندەران پشتگوێ خران، تەنانەت راگرتنی کوشتنی خۆپیشاندەران و گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکانیان پێ جێبەجێ نەکرا، لە کۆتاییدا، حکومەت خزمەتی ئەو گەردەلوولەی نەکرد کە شۆڕشی تشرین هێنایە ئاراوە و لەژێر دەستی ئەوانەدا مایەوە کە دەستیان بەسەر پارە و بڕیار و دەسەڵاتدا گرتووە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا سەعدون دەڵێت: هیچ بژاردەیەک جگە لە دەستگرتن بە هیواکانەوە لەبەردەم شۆڕشگێڕانی تشریندا نییە، ئەوان پێویستە ئاگری شۆڕش لە گۆڕەپانەکان بە کراوەیی بهێڵنەوە و پارێزگاری لە یەکڕیزی و یەکێتی بڕیارەکانیان بکەن و پێداگری بکەن لەسەر جێبەجێ کردنی تەواوی داواکارییەکانیان.