روحانی بەراورد لەنێوان سەدام حسێن و دۆناڵد ترەمپ دەکات

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، سەدام حسێن ئەو “شێت” ە بوو کە جەنگی سەربازی بەسەر ئێراندا سەپاند، دۆناڵد ترەمپیش “شێت”ێکی دیکە بوو کە جەنگی ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند.

حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لە جەنگی ئابووریدا دۆناڵد ترەمپ دەبەزێنین وەکچۆن لە جەنگی سەربازیدا سەدام حسێنمان بەزاند، وتیشی: رۆژی لە سێدارەدانی سەدام، رۆژی سەرکەوتنی ئێران بوو.

سەرۆکەکەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، چارەنووسی ترەمپ لە چارەنوسی سەدام باشتر نابێت و ئێران رێگا نادات ئامانجەکانی جەنگی ئابووری ئەمریکا بەدیبێت.

وتیشی: سزاکانی ئەمریکا لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی و رووخاندنی حکومەتی ئێران شکستی هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵوەشانەوەی سزاکانی ئەمریکا دەبێتە شکستی ئیسرائیل و وڵاتانی توندڕەوی سەر بە ئەمریکا، باسی لەوەشکرد، ئێران هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو سزایانە.

ساڵی ٢٠١٨، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی چووەدەرەوە و بەهۆی پێشێلکاری بەردەوامی ئەتۆمی، سزای توندی بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش زیانێکی زۆری بە ئابووری وڵاتەکە گەیاند.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا