گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەین عیسا دەکشێنەوە

پۆڵەتیک پرێس

دۆخێکی هێمن باڵی کێشاوە بەسەر چەند ناوچەیەکی دەوروبەری عەین عیسا لە پارێزگای رەقە و بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەک، سوپای نیشتیمانی سوریا لە گوندی موشیرفە کشاوەتەوە.

رۆژی سێشەممە، چەند سەرچاوەیەک لە سوپای نیشتیمانی سوریا رایانگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانیان لە گوندی موشیرفە لە عەین عیسا کشاونەتەوە بەرەو چەند ناوچەیەکی دەوروبەر، بەمەش پێکدادان لەناو گوندەکە کەم بووەتەوە بەڵام هێشتا بۆردومانەکانیان بەردەوامە بۆ رێگریکردن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندەکە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، لەژێر رۆشنایی دانوستانە بەردەوامەکانی روسیا لەگەڵ سوپای تورکیا، هێزەکانی سوپای نیشتیمانی هەوڵی پێشڕەوییانداوە لە گوندەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بە ئامانجی دروستکردنی بازنەیەک بە دەوری عەین عیسا لە نزیک رێگای نێودەوڵەتی.

لەلایەکی دیکەوە، چەند سەرچاوەیەک لە هەسەدە باسیان لەوە کرد، لە میحوەری موشیرفە پێکدادانەکان راگیراون بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە خاڵەکانی کۆنتڕۆڵکردن رووینەداوە، جەختیان لەوەش کردەوە، سوپای نیشتیمانی کشاوەتەوە و بەردوامە لە بۆردومان کردنی بنکەکانی هەسەدە.

لە پێنجشەممەی رابردووەوە، بە پاڵپشتی تورکیا، هێزەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا هێرش دەکەن سەر گوندی موشیرفە و بەوهۆیەشەوە، چەندین زیانی مرۆیی لە هەردوو لا کەوتووەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا