هه‌ولێر نرخی به‌نزینی به‌رزكرده‌وه‌ و له‌سلێمانیش نرخه‌كه‌ جێگیره‌

پۆڵه‌تیك پرێس
به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و له‌و چوار چێوه‌یه‌شدا، نرخی به‌نزین له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و پۆڵه‌تیك هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات.

رۆژی شه‌ممه‌ 19ی كانوونی یه‌كه‌م بانكی ناوه‌ندی عێراق به‌فه‌رمی دابه‌زاندنی به‌های دیناری عێراقی به‌رامبه‌ر دۆلار راگه‌یاند، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش نرخی نوێی دۆلار به‌رانبه‌ر دینار خرایه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و 100 دۆلار به‌رانبه‌ر بوو به‌ 145 هه‌زار دینار.

به‌پێی زانیاریه‌كانی پۆڵه‌تیك پرێس كۆمپانیای “كار گروپ” نرخی به‌نزینی له‌ دیناره‌وه‌ كردووه‌ به‌دۆلار و هه‌ر تۆنێك به‌نزین به‌ 420 دۆلار ده‌فرۆشێت، واته‌ هه‌ر لیترێك به‌نزین 450 دینار ده‌كه‌وێت، كه‌ پێشتر هه‌ر لیترێك به‌نزین به‌ 380 دینار ده‌فرۆشرا.

هه‌ر به‌پێی زانیاریه‌كان، بۆ هه‌ر لیترێك به‌نزین به‌راورد به‌ مانگی رابردوو نزیكه‌ی 50 بۆ 60 دینار زیادیكردووه‌، چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌و نرخه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ بڕیاره‌كه‌ی بانكی ناوه‌ندی تایبه‌ت به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، تائێستا له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی هیچ به‌رزبونه‌وه‌یه‌ك له‌ نرخی به‌نزیندا نه‌كراوه، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كی به‌نزین له‌سلێمانی وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌ و رێگری له‌به‌رزبونه‌وه‌ی بكرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا