پۆڵەتیك پرێس
بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی لیژنەی پلاندانانی ستراتیجی پەرلەمانی عێراق ئەنجامیداوە، مستەفا كازمی 17% ی كارنامەی كابینەكەی جێبەجێكردووە.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی پلاندانانی ستراتیجی دەڵێت: هەڵسەنگاندنەكە بەبێ كارتێكەری سیاسی و بە شێوەیەكی پیشەییانە ئەنجام دراوە.
ڤیان سەبری ئەندامی لیژنەی پلاندانانی ستراتیجی لە پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەڵسەنگاندنێكی زانستیمان كردووە لەسەر حەوت تەوەر لە كارنامەی كارەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی، هەر تەوەرێك لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە و هەڵسەنگاندنەكە بۆ شەش مانگی كاركردنی كابینەكەی مستەفا كازمی كراوە.
ڤیان سەبری وتیشی: بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی كردوومانە كابینەكەی كازمی 17% ی كارنامەكەی جێبەجێكردووە.
باسی لەوەشكرد، دوور لە كارتێكەری سیاسی و بە شێوەیەكی پیشەییانە هەڵسەنگاندنییان بۆ كابینەكەی مستەفا كازمی كردووە.
راپۆرتی هەڵسەنگاندنی كارەكانی كابینەكەی مستەفا كازمی لە رۆژی 5ی 7ی 2020 تــــا 7ی 11ی 2020 دەگرێتەوە و بڕیارە لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا راپۆرتەكە بخوێنرێتەوە.