دابەزاندنی بەهای دینار بەرانبەر دراوە قورسەكان مەترسیدارە

پۆڵەتیك پرێس
دابەزاندنی بەهای دینار بەرانبەر دراوە قورسەكان بەتایبەتی دۆلار بەمەترسیدار دەزانرێت، چونكە ئەوەی روویداوە “دابەزین” نییە، بەڵكو “دابەزاندنە”، ئەمەش كاریگەری زۆر نێگەتیڤ دەكاتە سەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری عێراق.

رۆژی شەممە 19ی كانوونی یەكەم بانكی ناوەندی عێراق بەفەرمی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار راگەیاند، كە ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

بێستون سابوراوایی، پسپۆڕی ئابووری لەبارەی بڕیارەكەوە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: دابەزاندنی بەهای دینار بەرانبەر دراوە قورسەكان بەتایبەتی دۆلار لە داهاتوودا كاریگەری دەبێت لەسەر بارودۆخی سیاسی و حوكمڕانی عێراق، ئەمەی ئێستا روویداوە “دابەزاندنە” نەك “دابەزین”، چونكە ئەگەر دابەزین بووایە رەنگە هۆكارەكەی بگەڕایەتەوە بۆ چەند كێشەیەكی ئابووری، كە بە چارەسەربوونی كێشە ئابورییەكە دابەزینەكەش نەدەما.

ئەو پسپۆڕە ئابوورییە وتیشی: ئەوەی ئێستا روویداوە، بە پێی سیاسەتێكی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی بە هاوكاری دەسەڵاتی دارایی عێراق بووە، بازدانێكی زۆر گەورەیە لەگۆڕانكاری لە دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی، كە بە مەترسیدار ئەژمار دەكرێت، بەتایبەتی لە عێراقدا كاریگەرییەكانی زۆر نێگەتیڤ دەبێت.

بێستون سابوراوایی باسی لەوەش كرد، لە وڵاتانی پێشكەوتوو، كە خاوەن بەرهەمێكی ناوخۆیی زۆرن بەهای دراوی ناوخۆیی دادەبەزێنن لەپێناو ئەوەی شت و مەكەكانیان لەلایەن وڵاتانی دیكەوە بكردرێت و هەناردە بكرێت بۆ دەرەوە، بەڵام ئەوەی عێراق هۆكارەكەی كورتهێنانی بودجەیە، وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ ئەو مەرجانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دایناوە لەسەر عێراق، مەرجەكانی دیكەی ئەو سندوقە ئەوەیە نرخی سوتەمەنی بەرزبكرێتەوە و پێداچوونەوە بە موچەی فەرمانبەرانیشدابكرێت.

بانكی ناوەندی پێشتر هەر 100 دۆلارێكی بە 119 هەزار دینار دەخستە بازاڕەكان، بەڵام ئێستا هەر سەد دۆلارێك بە 145 هەزار دینار دەخاتە بازاڕەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا