كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی جەنگێكە دژی هەژاران

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەدوای بڕیاری كەمكردنەوەی بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەناو خەڵكی بەغدا و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ئەو بڕیارە هاتەئاراوە، بەو هۆیەشەوە، ژمارەیەك رێوشوێنی ئەمنی لەدەوروبەری دامەزراوە داراییەكان بەتایبەت بانكی ناوەندی و دەزگاكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی دارایی گیراوەتەبەر.

عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رۆژی شەممە 19ی كانوونی یەكەم رایگەیاند، یەك دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر هەزار و ٤٥٠ دیناری عێراقی جێگیركراوە، ئەم هەنگاوەشی بەیەكێك لە هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەت لەقەڵەمدا، كە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ پشتی پێدەبەستێت.

ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق لەدوای زیاتر لە دوو هەفتە دێت لە ناسەقامگیری بەهای دیناری عێراقی و مەترسییەكانی ئەو كاریگەرییانەی لەسەر بازاڕی ناوخۆ دایدەنێت، ئەمەش پشێوی لە شەقامی عێراقی و لەناو هێزە سیاسییەكان دروست كردووە.

لەلایەكی دیكەوە، چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوە كرد، بەمەبەستی رەتكردنەوەی ئەو بڕیارە، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و رۆژی دووشەممە، سەعات سێی دوانیوەڕۆ دەڕژێنە سەر شەقامەكانی بەغدا، بەڵام رێوشوێنە ئەمنییەكان هەر لە ئێستاوە گیراونەتەبەر.

ئەو چالاكوانانە لەژێر چەند دروشمێكی جیاجیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایەتی دەردەبڕن

ئەو چالاكوانانە لەژێر چەند دروشمێكی جیاجیا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەنێویاندا، “١٨ ساڵە دزی دەكەن و لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت بڕیارتاندا نانی خەڵك ببڕن”، “قەیرانە داراییەكانتان لەسەر قوتی خەڵك هەژمار مەكەن”.

بەپێی كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی، ئەگەر فەرمانبەرێك جاران ٥٠٠ هەزار موچەی وەرگرتبێت كە بەرامبەر ٤٠٠ دۆلار بوو، ئەوا ئێستا ئەو ٥٠٠ هەزارە بەرامبەر ٣٥٠ دۆلارە و بەمەش موچەكەی كەم دەكات، جگە لەوەش پێشبینی دەكرێت ئەم بڕیارە ببێتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵاكان، بەمجۆرەش، فەرمانبەر راستەوخۆ نزیكەی ٪٣٠ی موچەكەی دەڕوات.

لایەنە سیاسییەكان هەوڵ دەدەن شەقام دژی حكومەت بجوڵێنن

لە بەرانبەردا، بەرپرسێكی باڵای ئەمنی بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، لایەنە سیاسییەكان هەوڵ دەدەن شەقام دژی حكومەت بجوڵێنن، بۆیە هێزە ئەمنییەكان قورسترین رێوشوێنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە نزیك دامودەزگا فەرمییەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی لە بەغدا.

لەو بارەیەوە، حیزبی دەعوە، كە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەركردایەتی دەكرێت رایگەیاند، ئەم هەنگاوە وڵات ناگەیەنێت بە كەناری ئاسایش، بەڵكو بە پێچەوانەوە، كاردانەوەی جەماوەری لێدەكەوێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە، رۆژی یەكشەممە ٢٠ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، هاوپەیمانی نەسڕ بە سەركردایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆكی پێشووی حكومەت لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و كەمكردنەوەی داهاتی هاوڵاتیان جەنگێكە دژی هەژاران و كەسانی خاوەن داهاتی سنوردار.

كەمكردنەوەی بەهای دیناری عێراقی و كەمكردنەوەی داهاتی هاوڵاتیان جەنگێكە دژی هەژاران و كەسانی خاوەن داهاتی سنوردار

هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، “كەمكردنەوەی بەهای دیانری عێراقی و كەمكردنەوەی داهاتی هاوڵاتیان رەتدەكەینەوە، چونكە نابێتەهۆی چارەسەركردنی قەیرانە داراییەكان و دەرگا بەڕووی هەڵئاوسانی ئابووریدا دەكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە، میدیاكانی عێراق باس لەوە دەكەن، ئەم رووداوە بۆ عێراق نوێ نییە، شكستی سیاسەتی ئابووری و خراپ ئیدارەدانی حكومەت، بووەتەهۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی و هەر ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتیان دابین نەكرێت و جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژار قوڵتر ببێت و ئاستی گەشەسەندن و خوێندن پاشەكشە بكات.

ئەمەش لەكاتێكدا دێت، پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هۆشداریدا لەبارەی ئەوەی، ئەگەر چاكسازی راستەقینە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی نەكرێت، ئەوا سیستمی حوكمڕانی وڵات بەرەو داڕمان دەچێت و پشێوی لە عێراقدا دروست دەبێت.

ساڵی ٢٠٢٠، عێراق بەقوڵی دووچاری داڕمانی ئابووری هات، بەتایبەت لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و سنورداكردنی رادەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری نەرێنی لەسەر گوزەرانی هاوڵاتیان دانا و بووەهۆی كورتهێنانی بودجە و حكومەتی ناچار كرد پەنا بباتە بەر پڕۆژەیاسای قەرزی دەرەكی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا