لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی عێراق نین

پۆڵەتیك پرێس:
زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێش وەختە لەعێراق و پێیان وایە ئەو دۆخەی ئێستا عێراقی پێدا گوزەر دەكات ناخوازێت هەڵبژاردنەكان دوابخرێت و پێویستە لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بەرێوەبچێت، بەڵام ئێستا دەنگۆیەك هەیە، كە گوایە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت، ئەوەش بەبیانووی جۆراوجۆر.

بەڵام لایەنە كوردییەكان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین‌و بەپێویستی دەزانن، كە هەڵبژاردن لەو وادەیەی دانراوە بكرێت، ئامادەیشیان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێكردووە، وەك ئەوەی خۆیان باسی دەكەن.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێس ی ڕاگەیاند، وەك پارتی بەشێكن لەعێراق‌و هەر بڕیارێك لەعێراقەوە بدرێت پارتی پێوەی پابەند دەبێت.

وەك پارتی بەشێكن لەعێراق‌و هەر بڕیارێك لەعێراقەوە بدرێت پارتی پێوەی پابەند دەبێت

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی وتیشی: پارتی ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و پێیوایە گرنگە هەڵبژاردن لەوادەی دیاری كراودا ئەنجام بدرێت.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بە شێوەیەك دووربێت لە ساختەكاری تەنیا داواكاری هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق نییە، بەڵكو نەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاش لەگەڵ پاك و بێگەردی هەڵبژاردنەكەدان و دەخوازن هەڵبژاردنەكە خواستی خۆپیشاندەرانی عێراق بەرجەستە بكات.

سەركەوت زەكی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: یەكێتی لایەنگری ئەو بۆچوونەیە، كە دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق بەڕێوەبچێت و ئامادەی هەڵبژاردنە.

رێكەوت زەكی وتیشی: سیستەمی سیاسی و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی ئێستا لەبەردەم بەڕێوەبردنی عێراقدان پێویستیان بەوەیە، كە هەڵبژاردنی پێوەختە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

سیستەمی سیاسی و ئەو كێشە و ئاستەنگانەی ئێستا لەبەردەم بەڕێوەبردنی عێراقدان پێویستیان بەوەیە، كە هەڵبژاردنی پێوەختە لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

سەركەوت زەكی، ئاماژەی بەوەشكرد، یەكێتی هەر لەدوای هاتنە پێشەوەی ئەو قۆناغەی كە لەعێراق داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە كرا هەموو هەوڵەكانی خۆی خستووەتە گەر بۆئەوەی لەگەڵ ئەو شێوازە كاركردنەی كە بۆعێراقی نوێ پێویستە خۆی بگونجێنێت.

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لە خواستەكانی شەقام و خۆپیشاندەرانی عێراقی و داڕشتنەوە و هەمواركردنەوەی یاسای نوێی هەڵبژاردنیش بە جۆرێك دیزاین كراوە، كە زۆرترین خواستی شەقامی تێدا رەنگبداتەوە بەتایبەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە ساختەكاری.

لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانیش پێی وایە عێراق بۆ ئەوەی لەم دۆخەی ئێستا ڕزگاری ببێت پێویستی بەهەڵبژاردنە بەو مەرجەی هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لەكێشە بێت.

هێمن ئەسكەندەر، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە بەو مەرجەی بەشێوەیەكی پاك و دوور لەساختە و دەستێوەردان بەڕێوە بچێت.

یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەدایە

وتیشی: لەدەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو، لێكۆڵینەوە لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق و چونێتی دروستكردنی هاوپەیمانی و دروستكردنی لیستی هاوبەشمان كردووە.

دەربارەی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هێز و لایەنێكی دیاری كراو لەلایەن یەكگرتووی ئیسلامییەوە، ئەو بەرپرسەی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو وتی: هێشتا زووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو بابەتە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەلبژادنی ئەمجارەی عێراق دوور نەبێت لەساختەكاری ئەوە هیچ شتێك ناگۆڕێت و ناونانرێت هەڵبژاردن.

بەپێی یاسا لەبەرئەوەی ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پێش وەختەیە پێویستە 60 رۆژ پێش ئەنجامدانی رۆژی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەرای شارەزایانی بواری یاساش ئەمە دەبێتە گرفتێكی گەورە لە كاتێكدا ئەگەرهاتوو پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەم پرسە دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن هەرچەندە تێبینیان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە، بەوەی دەخوازن هەڵبژاردنێكی پاك و دوور لە ساختەكاری بێت و هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردوونەبێت.

رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی روونیشیكردەوە، بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێز و لایەنی سیاسی دیكە ئەگەرێكی كراوەیە لەبەردەمیاندا.

ئەگەرچی هێز و لایەنە سیاسی و عێراقییەكان جەخت دەكەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەوادەی دیاری كراو كە بریتیە لە 6ی حوزەیرانی 2021، بەڵام تا ئێستا روون نەبووەتەوە لەو وادەیەدا هەڵبژاردنەكە بەڕێوە دەچێت یان دوا دەكەوێت، ئەمەش پەیوەستە بە كۆمەڵێك گرفتی یاسایی و هونەری وەكو كارانەبوونی دادگای باڵای فیدراڵی و ئەو گرفتە هونەریانەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەیەتی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا