پۆڵه‌تیك پرێس
زیاتر له ده ڕۆژه شاندی دانوستانكارى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆگه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتن له‌باره‌ى پرۆژه یاساى قه‌رز و پشكى هه‌رێم له به‌غدان، دواى چه‌ندین كۆبونه‌وه و دانوستان تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته ڕێككه‌وتن، به‌غداش داواكارییه‌كی نوێی له‌هه‌رێم هه‌یه.
هۆكارى مانه‌وه‌ى شانده‌كه له‌به‌غدا به‌وته‌ی قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری هه‌رێم به ئامانجى گه‌یشتن به رێككه‌وتنى هه‌ردو حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدایه، به‌تایبه‌ت له سه‌ر ناردنى 320 ملیار دینارى به‌شێك له موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، كه به‌غدا تا ئێستا ڕه‌زامه‌ندی له‌ناردنی نه‌داوه.
حكومه‌تى عێراق ئاماده نییه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بدات ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت
له‌وباره‌یه‌وه جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به پۆڵه‌تیك پرێس-ى راگه‌یاند “ئه‌و وه‌فده‌ى تائێستا له‌به‌غدا ماونه‌ته‌وه هاتوون بۆ دانوستان و رێككه‌وتن له‌سه‌ر یاسایى قه‌رز، بۆ ئه‌و پرسه‌ش حكومه‌تى عێراق ئاماده نییه هیچ بڕه پاره‌یه‌ك بدات ئه‌گه‌ر هه‌رێم پابه‌ند نه‌بێت به ڕاده‌ست كردنى داهاته‌كان”.
جه‌مال كۆچه‌ر وتیشى، “هه‌رچه‌نده هه‌رێم نیازپاكى خۆى بۆ پابه‌ندبون نیشانداوه، به‌ڵام تائێستا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه”.
عێراق داوای ڕاده‌ستكردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كات
له‌باره‌ی هه‌نگاوی نوێ بۆ دانوستانه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا جه‌مال كۆچه‌ر وتی “حكومه‌تی عێراق بۆ ئه‌و پرسه له‌نوێترین داواكاریدا بۆ شاندی هه‌رێم، داوای ڕاده‌ستكردنی ته‌واوی دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ده‌كات”.
ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش دورن له راستیه‌وه كه ده‌وترێت به‌رزبونه‌وه‌ى دۆلار ته‌نها بۆ دوو مانگه، چونكه یاساكه له بنه‌ڕه‌تدا بۆ كۆى ساڵى 2021ه، به‌هۆى بوجه‌ى گشتى ئه‌و ساڵه‌وه ئه‌و شڵه‌ژانه دروستبووه، كاتێك دزه به پرۆژه‌یاساى بودجه كرا. ئه‌وه‌ش به وته‌ى جه‌مال كۆچه‌ر
ئه‌و ده‌نگۆیانه دورن له راستیه‌وه كه ده‌وترێت به‌رزبونه‌وه‌ى دۆلار ته‌نها بۆ دوو مانگه
جه‌مال كۆچه‌ر، كه ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانه باسى له‌وه‌كرد، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى هاته لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق و وتى “ئێمه رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو به نرخێكی نوێ دۆلار ده‌خه‌ینه بازاڕه‌وه”.
له‌باره‌ى رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه بودجه‌ى 2021ى عێراق روونیكرده‌وه، ئه‌مڕۆ دانیشتنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ڕێوه ده‌چێت له‌سه‌ر پرسى بودجه، چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌و ره‌شنوسه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه چه‌ند گۆڕانكاریه‌ك بكرێت.