پۆڵه‌تیك پرێس:
به‌ئه‌ندازه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی بۆ توركیا، قسه‌كردن له‌باره‌ی ڕووداوێكی نێو سه‌ردانه‌كه پانتایی میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی عێراقی داگیركردووه، ئه‌ویش چاككردنی یه‌خه‌ی قه‌میسه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو.
تا كاتی گه‌یشتنی مسته‌فا كازمی به كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا هه‌موو شتێك ئاسایی و وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ دانرابوو چووه پێشه‌وه، به‌ڵام كاتێك مسته‌فا كازمی له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی دابه‌زی و له‌لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیاوه پێشوازیی لێكرا، ڕووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو ڕوویدا، ئه‌ویش چاككردنی یه‌خه‌ی كراسه‌كه‌ی كازمی بوو له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه.
ڕه‌نگه له‌میانی ئه‌و سه‌ردانه‌دا ڕوویداوێكی له‌وشێوه‌یه وه‌ك شتێكی بچووك له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه ته‌ماشا بكرێت، به‌ڵام له‌دیدی هه‌ندێك كه‌سی دیكه‌وه ڕووداوه‌كه خوێندنه‌وه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێت.
به‌رله‌وه‌ی باس له‌خوێندنه‌وه‌كان بۆ ئه‌و ڕووداوه بكه‌ین گرنگه بزانین له‌سه‌رۆكایه‌تی كۆماری هه‌ر وڵاتێكدا به‌شێك هه‌یه كه به به‌شی “ئیداره‌ی مه‌راسیمه‌كان” ناسراوه، له‌و به‌شه‌دا سه‌رۆك فێری ڕێكاره “كاریزمییه‌كان” و هونه‌ری پرۆتۆكۆڵ و ئه‌ته‌كێتی سیاسی ده‌كرێت، چونكه سه‌رۆك پارێزه‌ری وێنه و شكۆی وڵاته‌كه‌یه‌تی.
ته‌نانه‌ت هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی بچوك له پرۆتۆكۆڵه‌كانی كۆبوونه‌وه یاخود پێشوازی له‌سه‌ركرده‌ی وڵاتێك، ئاینده‌ی سیاسی سه‌ركرده‌كان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، هه‌روه‌كچۆن ئه‌ته‌كێتی سیاسی كاریگه‌ریی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك ببێته جه‌ماوه‌ریی و خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك كه‌سێكی كاریزمی ته‌ماشای بكه‌ن.
هه‌ندێك ڕه‌خنه‌ی توند له‌ئه‌ردۆغان ده‌گرن به‌وه‌ی “به‌ڕێز” نه‌بووه به‌رامبه‌ر كازمی
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆلای چاككردنی یه‌خه‌ی قه‌میسه‌كه‌ی كازمی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه، كه سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌و جوڵه‌یه و به‌زمانی ئاماژه زۆر په‌یامی بۆ عێراق نارد، هه‌ندێك كه‌س پێیانوایه ئه‌و كاره‌ی ئه‌ردۆغان “سوكایه‌تی” بووه به كازمی، هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌ڵێن “كارێكی بێمه‌به‌ست” نه‌بووه، به‌ڵام ده‌شێ گرنگترین خوێندنه‌وه ئه‌وه بێت كه سادق موسه‌وی، سیاسه‌تمه‌داری عێراقی له‌تویته‌ری خۆی نوسیویه‌تی “ئه‌ردۆغان به‌و كاره‌ی به كازمی گوت، یه‌كه‌مجار یه‌خه‌ی قه‌میسه‌كه‌ت چاكبكه، پاشان داوای كشانه‌وه‌ی توركیا له عێراق و هه‌وڵی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی ئاو له‌گه‌ڵ عێراق بده”.
هه‌ندێكی دیكه له‌باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه ده‌ڵێن، یه‌خه‌ی قه‌میسه‌كه‌ی كازمی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی شێواوی دۆخی عێراقه، كه‌سانێكیش ده‌ڵێن “ئه‌ردۆغان یه‌خه‌ی قه‌میسه‌كه‌ی كازمی چاككرد، كێشه‌كه له‌وه‌دایه خه‌ڵكی چاوه‌ڕێی چاككردنی دۆخی عێراق له‌كازمی بكه‌ن” هه‌ندێكیش ڕه‌خنه‌ی توند له‌ئه‌ردۆغان ده‌گرن به‌وه‌ی “به‌ڕێز” نه‌بووه به‌رامبه‌ر كازمی و پێیانوایه كازمیش زیره‌ك نه‌بووه بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌ردۆغان بداته‌وه.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه كازمی دووچاری دۆخێكی له‌وشێوه‌یه ببێت، كاتێك له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ردا كازمی سه‌ردانی له‌نده‌نی كرد، له‌كاتی دابه‌زینی له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تووشی دۆخێكی نه‌خوازراو بوو له‌گه‌ڵ كارمه‌ندێكی پێشوازیی حكومه‌تی به‌ریتانیا.
به‌شێك له سه‌ركرده عێراقییه‌كان مێژوویه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆڵی سه‌رۆكایه‌تی نییه
كامل مسته‌فا، ڕاگه‌یاندنكاری عێراقیی بۆچوونی وایه كازمی كه‌وتووه‌ته هه‌مان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق له‌توركیا تووشی بوو، كاتێك له‌سه‌ردانێكیدا بۆ ئه‌و وڵاته و له‌وكاته‌ی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری توركیا پێشوازیی لێده‌كرد، پانتۆڵه‌كه‌ی عه‌بادی شلببوه‌وه، ئه‌ویش ناچاربوو سه‌رقاڵبێت به هه‌ڵكێشانه‌وه‌ی پانتۆڵه‌كه‌ی و بۆ ساتێك پرۆتۆكۆڵی پێشوازیكردنی بیرچوه‌وه.
وه‌ك كه‌سێكی “هۆلیوودی” ناوی كازمی له‌شه‌قامی عێراقدا بڵاوبووه‌ته‌وه
به‌شێك له سه‌ركرده عێراقییه‌كان مێژوویه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ پرۆتۆكۆڵی سه‌رۆكایه‌تی نییه، بۆ نمونه كاتێك نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو، هاوێنه‌ی كامێرای ڕۆژنامه‌نووسان چه‌ندین ساتیان وێنه‌گرت كه تیایدا مالكی یاری به لوتی ده‌كرد.
با بگه‌ڕێینه‌وه لای ئه‌ردۆغان و كازمی، وه‌ك دیاره ئه‌ردۆغان یه‌كێك نییه له‌و سه‌رۆكانه‌ی له‌خۆوه كارێك بكات، به‌ڵكو كه‌سێكه هه‌وڵده‌دات كاریزمای خۆی نیشانبدان، له‌به‌رامبه‌ریشدا كازمی له‌وكاته‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه هه‌وڵیداوه جیاواز له‌سه‌رۆك وه‌زیره‌كانی پێش خۆی كار له‌سه‌ر وێنه بكات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تیمێك له ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران كار بۆ نیشاندانی كازمی به‌شێوه‌یه‌كی دیار ده‌كه‌ن، بۆیه زۆرجار وه‌ك كه‌سێكی “هۆلیوودی” ناوی كازمی له‌شه‌قامی عێراقدا بڵاوبووه‌ته‌وه.