پۆڵه‌تیك پرێس
وێنه‌یه‌كی دزه‌پێكراوی ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتووی عێراق ژماره‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراده‌كات، كه حكومه‌ت له‌نێو پڕۆژه‌یاساكه‌دا جێگیریكردوون.
به‌گوێره‌ی وێنه‌یه‌كی دزه‌پێكراوی ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق، ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌نێو پڕۆژه‌یاساكه‌دا به (٦٨٢) هه‌زار فه‌رمانبه‌ر جێگیركراوه، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، زیاتر له یه‌ك ملیۆن فه‌رمانبه‌ر له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن.
له‌نێو ڕه‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ٢٠٢١ی عێراقدا موچه‌ی ئه‌و ژماره فه‌رمانبه‌ره‌ی هه‌رێم به شه‌ش ترلیۆن دینار دیاریكراوه.
كۆی ژماره‌ی فه‌مانبه‌رانی عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه له ڕه‌شنووسه‌كه‌دا به ٣،٢٥ ملیۆن فه‌رمانبه‌ر دیاریكراوه، كه موچه‌كه‌یان ٤١،٥ ترلیۆن دیناره.
تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕگانه‌ی كه په‌یوه‌ندیداره به هه‌رێمه‌وه بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه، وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیش نیگه‌رانه له‌وه‌ی ڕه‌شنووسی بودجه‌ی ٢٠٢١ دزه‌یكردووه‌ته نێو ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه.