هه‌موو شتێك له‌سه‌ر براوه‌ی باشترین یاریزانی ساڵ

پۆڵه‌تیك سپۆرت

ئه‌مساڵ خه‌ڵاتی زه‌بێست به‌هۆی دوو هۆكار ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری نییه‌ له‌رووی سپۆنسه‌ر و میدیاش فۆكسی زۆرى نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر. ئه‌ویش به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرنا و خراپی ئه‌نجامه‌كانی میسی و رۆناڵدۆ، كه‌ ده‌وترێت تاراده‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ركابه‌ری خه‌ڵاته‌كه‌ن و هانده‌رانیش زۆر گوێی پێناده‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌ڵمانییه‌كان و پۆڵندییه‌كان گرنگه‌ كه‌ لیڤاندۆڤێسکی ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی زه‌بێست ده‌كات و ده‌بێته‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی كۆتایی به‌ قۆرخكاری چه‌ند ساڵه‌ی میسی و رۆناڵدۆ بهێنیت دوای مۆدریجی كرواتی.

ئەمشەو كاتژمێر (9) بە کاتی هه‌ولێر، له‌ شاری نیۆنی سویسری له‌ لە بارەگای یه‌كێتی تۆپی پێی جیهانی (فیفا) ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی زە بێست بۆ باشترین یاریزانی تۆپی پێی جیهان دەستپێدەکات. ئەمساڵ بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاهەنگەکە بەشێوه‌ی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت و میوانی نابێت.

هه‌ر چه‌نده‌ دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا فیفا بڕیاریدا خەڵاتەکانی ئەمساڵی نه‌درێت، بەڵام دواتر پێداچوونەوەی بە بڕیارەکەیدا کرد و بڕیاریدا خەڵاتەکە دابه‌ش بكات.

وه‌ك ده‌وترێت بەرپرسانی فیفا لە ژێر کاریگەری گوشاری بەرپرسانی یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی کە پێیانوابوو راهێنەر و یاریزانەکانی شایەنی زۆرترین خەڵاتەکانی ساڵی فیفان پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی نه‌ده‌كرا ئه‌م وه‌رزه‌ به‌هۆی لیڤاندۆڤسكی هه‌ڵگری چامپیۆنسلیگ خه‌ڵاته‌كه‌ نه‌درێت و ركابه‌رییه‌كه‌ به‌رده‌وام نه‌بێت، له‌ كاتێكدا ته‌واوی یارییه‌كان كراون.

سه‌ره‌تا فیفا لەسەر بنەمای دەستکەوت و ئاماری تاكی و كۆمه‌ڵ بەبژێرەکانی دیاریدەکات، كه‌ له‌ساڵی پێشوو چیان كردووه‌. هەڵبژاردنی باشترینەکانیش لە رێگەی دەنگدانەوە دەبێت و براوه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت به‌مجۆره‌

1. راهێنەرانی هەڵبژاردەی وڵاتان 25٪ـی دەنگەکان دەدەن.
2. کاپتنەکانی هەڵبژاردەی وڵاتانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن
3. رۆژنامەنووسانیش 25٪ـی دەنگەکان دەدەن
4. هانده‌ران و جه‌ماوه‌ری وه‌رزشی 25٪ـی دەنگەکه‌كان ده‌ده‌ن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە.
هه‌روه‌ها هەر کەسێک مافی دەنگدانی بە سێ‌ بەربژێری هەیە، کە دەنگی یەکەم پێن خاڵی لەسەرە و دەنگی دووەم یەکسانە بە سێ‌ خاڵ و سێیەم دەنگیش تەنیا خاڵێکی لەسەرە، لە کۆتاییدا هەموو دەنگەکان کۆدەکەنەوە و خاوەنی زۆرترین خاڵ بە باشترین كه‌سایه‌تی دیاری ده‌كرێت و خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌باته‌وه‌.

ناوی به‌ربژێری خه‌ڵاتیه‌كان له‌سه‌ر ئاستی یاریزان و گۆڵپارێز و راهێنه‌ران بۆ بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ به‌مجۆریه‌.

باشترین یاریزان:

1 . رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی له‌ یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی
2 . لیۆنێل مێسی له‌ یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی
3 . کریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی

باشترین راهێنەر:

1 . مارسیلۆ بێلسا راهێنەری یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی
2 . یۆرگن کڵۆپ راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
3 . هانز فلیک راهێنەری یانەی بایرن میوننخى ئەڵمانی

باشترین گۆڵپارێز:

1 . ئەلیسۆن بیکەر گۆڵچی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی
2 . یان ئۆبلاک گۆڵچی یانەی ئاتله‌تیكۆ مەدریدی ئیسپانی
3 . مانوێل نۆیەر گۆڵچی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی

بەپێی دواین زانیاریه‌كانی پێگه‌ی فیفا رێژەی دەنگەکانی هەرسێ ركابه‌ری سەرەکی بەمشێوازه‌ بووە:

1 .رۆبێرت لیڤاندۆڤێسکی 58.5%ـی دەنگەکان
2 . كریستیانۆ رۆناڵدۆ 37.8%ـی دەنگەکان
3 . لیۆنێل مێسی 3.6%ـی دەنگەکان.

كه‌واته‌ پۆڵندییه‌كه‌ چانسی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌ی له‌ میسی و رۆناڵدۆ زیاتره‌ و دوورنییه‌ ئه‌مشه‌و پاڵه‌وانێكی تازه‌ی جیهانی ببینن.

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک