“باشترین رەگەزنامەم هەیە ئەویش هاووڵاتیبوونی عێراقییە”

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
پەیمانگای ئینتەرناشناڵ پۆڵسی دایجێستی ئەمریكی شیكردنەوەیەكی لەبارەی سیاسەتی ئێران تایبەت بە عێراق بڵاوكردووەتەوە، كە لەلایەن سابرین رەش توێژەری ئەمریكی لەكۆمەڵەی جۆرج واشنتۆن نووسراوە، بە ئاماژەدان بە تویتێكی مونتەزر زەیدی رۆژنامەنووسی عێراقی دەست پێدەكات، كە چەندین ساڵ لەمەوبەر، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، پێڵاوەكانی گرتە جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا.

مونتەزر زەیدی لە تویتەكەدا نوسیویەتی: سوپاس ئازیزم، من باشترین رەگەزنامەم هەیە، كە ئەویش هاوڵاتیبوونی عێراقییە.

ئەم تویتەی زەیدی وەڵامی تویتێك بوو، كە لەلایەن هەژماری “گراڤێڵ ئینستیتیوت” بڵاوكراوەتەوە و تێیدا هاتووە: ئەوەی پێڵاوەكانی گرتە جۆرج بوش هەر كەسێك بێت، پێویستە رەگەزنامەی فەخری ئەمریكای پێببەخشرێت.

ئەوەی پێڵاوەكانی گرتە جۆرج بوش هەر كەسێك بێت، پێویستە رەگەزنامەی فەخری ئەمریكای پێببەخشرێت

توێژەرە ئەمریكییەكە لەبارەی وەڵامەكەی مونتەزر زەیدی ئاماژە بەوە دەكات، ئەو وەڵامە دەروونی عێراقییەكان و ساڵانی جەنگ، ناكۆكی و ئاڵۆزییەكانی ئەو وڵاتە و دەستوەردانی دەرەكی و هەستی نیشتمانی دەردەخات، لە هەرێمێكدا، كە مێژوویەكی دوورودرێژی لەگەڵ دەستوەردانی دەرەكیدا هەیە.

باسی لەوەش كردووە، رووخاندنی سەدام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریكا و هەوڵە یەك لەدوای یەكەكانی ئەو وڵاتە بۆ چەسپاندنی دیموكراسییەت لە عێراق، ئەم هەنگاوەی ئەمریكا رێگای سەربەخۆیی عێراقی گۆڕی، ئەو خاكەی گرنگی ستراتیژی تایبەت بە خۆی هەیە لەڕووی ناكۆكییە جیۆسیاسییەكان.

بە بڕوای توێژەرەكە، ساڵانی جەنگ ناكۆكییە خێڵەكییەكانی ناو عێراقی زیادیكرد، هاوكات سەركەوتوو نەبوو لە دانانی پلانێك كە دوای رووخانی سەدام، رێگری بكات لەوەی، عێراق لە دەستی هێزێك بۆ هێزێكی دیكە یاری پێنەكرێت.

دەركەوتنی ئێران وەك یاریزانی تاكتیكی رێگرە لەبەردەم بەدیهاتنی ئامانجی ئەمریكا لە عێراق

ئەوەشی خستەڕوو، دەركەوتنی ئێران وەك یاریزانی تاكتیكی رێگرە لەبەردەم بەدیهاتنی ئامانجی ئەمریكا لە عێراق.

باسی لەوەش كردووە، ئێران هێزی سیاسی خۆی لە عێراق چەسپاندووە، هەر ئەوەش كاردانەوەی ئەو عێراقییانەی لێكەوتووەتەوە، كە هەوڵ دەدەن چارەنووسی خۆیان دیاریبكەن و خۆپیشاندان بۆ سەربەخۆیی سیاسی ئەنجام دەدەن.

ئەو توێژەرە باس لەوەش دەكات، رووخانی دەسەڵاتی پێشووتری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریكاوە، چوارچێوەی سیاسی‌و سەربازی وڵاتەكەی وێران كرد، دەشڵێت: لەنێوان سیاسەتە كارەساتبارەكانی ئەمریكا، كە بووە هۆی لەناوبردنی حزبی پێشووی بەعس، پەراوێزخستنی سوننەكانی عێراق بوو كە بووەهۆی زیادكردنی توندوتیژی ناوخۆیی و وای لە شیعەكان كرد ئەو هەستەیان لەلا دروست ببێت كە ئێران دڵسۆزیانە و دەیانپارێزێت و تاكە رزگاركەریانە.

ئەوەش هاتووە، هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٠٥ هاندەر بوو بۆ دەستوەردانی ئێران، ئەوەبوو شیعەكان زۆرینەیان پێكهێنا و نوری مالكی وەك سەرۆكی حكومەت دیاریكرا، لەدوای ئەوەی ئێران پاڵپشتی حزبەكانی ئەنجومەنی باڵا و رێكخراوی بەدر و حزبی دەعوە و سەدڕی كرد لە بەشداریكردن لە دەنگدان تەنیا لەپێناو ئەوەی دەنگی شیعە زۆرینە بێت.

قاسم سولەیمانی رۆڵی سەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەبوو

ئاماژەی بەوەشكردووە، قاسم سولەیمانی رۆڵی سەرەكی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا هەبوو، هاوكات، رۆڵی هەبوو لە ئاگربەست و بڕواهێنان بە ئەنجومەنی باڵا و حزبی دەعوە و سەدڕ، تا لەپێناو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ پۆلەكانیان رێكبخەنەوە، دەشڵێت: لەم هەنگاوانەوە نیازی ئێران دەركەوت كە دەیویست لەڕێی بزوتنەوەی سیاسی ئاینییەوە، شۆڕشەكەی بەرەو وڵاتانی عەرەبی بگوازێتەوە.

سابرین باس لەوەش دەكات، هەژموونی هەرێمیی دەسەڵاتی ئێران ستراتیژی بوو، توانی كەناڵێكی تەلەفزیۆنی بە زمانی عەرەبی دابمەزرێنێت، ئەوەبوو ساڵی ٢٠٠٨، بە بانگهێشتێك لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران یەكەم سەردانی بەغدای پایتەختی كرد، هاوكات، دوو باڵیۆزی ئێران لە بەغدا ئەندامی پێشووی هێزی قودس بوون كە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە و سیاسەتی ئەمنی ئێرانیان لە عێراق جێبەجێ دەكرد.

لەلایەكی دیكەوە، سابرین رەش باس لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی ٢٠١٩ دەكات، كە تێیدا هاوڵاتیانی عێراق دژی بێكاری، خراپی خزمەتگوزاری و گەندەڵی خۆپیشاندانی بەرفراوانیان ئەنجامدا و وتی: خۆپیشاندەران سەر بە هیچ هێزێكی سیاسی و خێڵەكی نین، ئەوەتا كونسوڵخانەی ئێرانیان لە نەجەف سوتاند و هێرشیان كردە سەر هێزە ئێرانییەكانی ناو عێراق.

وتیشی: لەوكاتەدا ئێران هەوڵی داوە رێگری بكات لە دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵات، بەڵام هیچ كام لە هەوڵەكانی چ راستەوخۆ بێت یاخود لەڕێی میلیشیاكانییەوە بێت كە لە عێراقدان، سەركەوتوو نەبوو، ئەوەبوو لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩، پەرلەمان دەست لەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی پەسەند كرد.

دەیان ساڵە ئێران هەوڵ دەدات، بیرۆكەی شۆڕشەكەی بەرەو جیهانی عەرەبی بگوازێتەوە، بەڵام شیعەی ئێرانی بە دەگمەن سەرنجی وڵاتانی عەرەبی راكێشاوە و هێشتا ناسیۆنالیزمی عەرەبی بێگوێدانە پەیڕەوی ئایینی، لە پلەیەكی بەهێزە، بەجۆرێك لەو رستە سادەیەی مونتەزر زەیدییەوە دەتوانین هەستی پێبكەین كە دەڵێت: من باشترین رەگەزنامەم هەیە كە ئەویش هاوڵاتیبوونی عێراقییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا