پۆڵەتیك پرێس
مەسرور بارزانی پەیامێكی لەبارەی رووداوەكەی شەوی رابردوی ناوچەی سحێلاوە بڵاوكردەوەو تێیدا هێرشی توند دەكاتە سەر هێزەكانی یەپەگە.
لە پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، شەوی رابردو گروپێك لە چەكدارانی پەكەكە هەوڵیاندا بەشێوەیەكی نایاسایی لە سوریاوە بێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساكانی هەرێم و یاساكانی پاراستنی سنورە، بۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانیانەوە رێگرییان لێكراوە.
ئاماژە بەوەشدەكات، دواتر هێزێكی یەپەگە، بە چەكی قورسەوە هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پێشمەرگەو هێزی پێشمەرگەش وەڵامیان داونەتەوە و هێرشەكەی یەپەگەیان تێكشكاندووە.
دەشڵێت، “بەتوندترین شێوە ئەم هێرشە شەرمەزار دەكەم كە پێشێلكارییەكی ئاشكراو یاسایی خاكی هەرێم و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە”.
پێشتر سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم، رایگەیاندبوو، لە كاتژمێر چوار و ٣٠ خولەكی شەو لە سحێلا ژمارەیەك لە گەریلاكانی یەپەگە هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی پشكنینی پێشمەرگە و روبەڕوبونەوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر روویداوە و رێگەیان گرتووە لە هاتنیان بۆ ناو هەرێم.
لەبەرامبەریشدا یەپەگەوە، تۆمەتەكانی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەیان رەتكردەوەو رایانگەیاند، ئەو قسانە دورن لە راستییەوەو هێزەكانی ئەوان هیچ جۆرە هێرشێكیان بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجام نەداوە.