ئالان پەری: هەر نەوەیەکی شیعری هەوڵی نوێبوونەوە بدات، دەبێت پاشخانی ئەدەبی خۆی بناسێت

پۆڵەتیک پرێس- فەرهەنگ

ئالان پەری، شاعیر و وەرگێڕ لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە و ئێستا لە دانیمارک نیشتەجێیە.لەوکاتەوەی لە تاراوگەیە دوو کتێبی شیعری خۆی بڵاوکردۆتەوە (سەراپام خەونە، ٢٠٠٩) و (جەنگاوەرەکان پشەیان مردنە ٢٠١٩) هەروەها ئەمساڵ نوێترین کۆمەڵە شیعری خۆی بە زمانی دانیمارکی لە کۆپنهاگن بڵاوکردەوە. سێ کۆمەڵە شیعری بە زمانی عەرەبی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی سێ کتێبی وەرگێڕانە لە زمانی دانیمارکییەوە. ئەندامێکی چالاکی پێن-ی دانیمارکییە و چالاکوانێکی بواری ڕۆشنبیرییە، بەشداری چەندین کۆڕی شیعری کوردیی کردووە و لە ئێستادا سەرقاڵی دەرکردنی ئەنتۆلۆژیای شیعری نوێی کوردییە بە زمانی دانیمارکی، کە لە وەشانخانەیەکی دانیمارکی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کاری وەرگێڕانی بۆ چەندین نووسەر و شاعیری دانیمارکی بۆ زمانی کوردی کردووە لەوانە: هانس کریستیان ئەندەرسن، سۆرن کیەکەگۆرد، ئینگا کرێستنسن، نیڵس هاو و پایک مالینۆڤسکی. لەگەڵ چەند نووسەر و وەرگێڕێکی ناوەوەی کوردستان و دەرەوەی کوردستان سەرپەرشتیار و دامەزرێنەری وەشانی نووسیار دەکات، کە لەم ماوەیەدا ١٧ کتێبی لەبوارە جیاوازەکانی ئەدەب و هزر و فەلسەفە چاپ و بڵاکراونەتەوە.

سازدانی: دیار لەتیف

پۆڵەتیک پرێس: گەر شیعر (شەقازللـەیەک بێت لە چێژی گشتی)، ئاخۆ شیعری ئێستای گەنجان، ئەو ڕەوتەی لە دوای پرۆسەی گرتنی عێراقەوە، پێوەرەی لەو چەشنەی لە خۆدا هەرساندووە؟ ڕەنگە بۆچوونێکی لەوجۆرە هەبێت و هەبووبێت، کە ئەو دەیەیەی پاش پرۆسە، نەک شیعریان لە قەیران(هەڵبەت گەر ئەو تێگەشتنە درووست بێت)، دەرهێنا، بەڵکو لە قەیراندا هێشتیانەوە و ئاقارێکی خراپتریان بەسەریدا سەپاند! وەک ئەوەی ڕەوتی شیعرییان بەدناوکرد، قۆناغێکی هەڵاوساویان چێکرد، وایانکرد وەرگر سڵ لە ناوهێنانی شیعر و لە کتێبی شیعری بکاتەوە، ئەمە دەوترێ؟! چۆن ئەم قۆناغە درێژکراوەی ئەو ساڵانە هەڵدەسەنگێنیت؟ لەکوێدا شیعری گەنجان کورتی هێناوە و هێزێکی ناکارایە؟ ئایا ئەم نەوەیە بوونە هۆکاری پەکخستنی وزەی شیعریی؟ نەوەیەک پشت لە میرات بکات و ڕەسەنناس نەبێت، ئاخۆ دژوارنییە بتوانێت تازەخواز بێت؟

ئالان پەری: من تەنیا ئەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە بدوێم. ئەزموونی شیعریی منیش تا ڕادەیەکی زۆر لە تاراوگەیە. لەسەرەتادا زۆر پەیوەست بووم بە لایەنە سۆزدارییەکەی شیعر، تا دەگاتە ئاستی پەردە لادان لە هەستی خۆم سەبارەت بە پەیوەندییە سۆزدارییەکانم، دواتر تاراوگە وات لێدەکات لە ئاست شتی تر بنووسیت، سوریالیانە بنووسیت، تاڕادەیەکیش ئەبستراکت. ئەزموونی خوێندنەوەم بۆ ئەدەبی ئەسکەندەنافیا دەکرێت یارەمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی شێوازی نووسینی خۆم بگۆڕم. لێرە و لەوێش ئەزمونی شاعیری ئەم سەدەیە دەخوێنمەوە کە زۆر پڕیشکی ئومێدی باشیان تیا دەبینرێت و لێرەوە مافی ئەو دادوەرییە بە خۆم نادەم کە ئایا شیعری ئیستای گەنجەکان لە چ ئاست و بارێکدا هەڵبسەنگێنم.

ڕاستی ئیستاش شاعیرانمان لە زۆربەی کاتدا لە سەر کاریگەری شیعیری کلاسیکی و عیرفانی ڕەت نەبوون، بەو مانایە نییە ئەو جۆرە شێوازەی شیعر ڕەت بکرێتەوە، بەڵکو بە ڕای من شیعر دەبێت گۆڕانکاری درووست بکات، هەر لە زمان و داتاشینی وشە تا دەگاتە وێنە، ڕاستی وێنە لە شیعردا زۆر نا باوە، و دەکرێت بە شیعرێکی سوریالی زۆر خانەی ڕۆح و هزردان بەخەبەر بکرێتەوە. شاعیر هەرگیز نابێت ئەزموونی شاعیرانی پێش خۆی دووبارە بکاتەوە کە ئەمە لە زۆربەی شاعیراندا زاڵە چونکە تەنیا یەک یان دوو شاعیری دڵخوازی خۆی خوێندۆتەوە، بوێری ناکات هایکویەکی دانیمارکی یان میتا شیعرێکی ئەسکەندەنافی بخوێنێتەوە، لێرەشدا گلەییەکە لەوەیە کە زۆربەی ئەو شێوازانە بۆ زۆربەی جار لەبەر دەست نابن لەبەر نەبوونی وەرگێڕانێکی بە تۆکمە لە زمانی یەکەمەوە.

لە وەڵامی ئەم پرسیارە ” لەکوێدا شیعری گەنجان کورتی هێناوە و هێزێکی ناکارایە؟” من نامەوێ ڕۆڵی دادوەرێک ببینم و هەروەها ناتوانم ببمە ڕەخنەگری شیعر (بە تایبەت شیعری گەنجان). بەڵام دەزانم کە ڕەوتێکی نوێێ شیعری گەنجان لە ئارادا هەیە، دواجار هەر هەوڵێک بۆ نووسینەوەی شیعر پێش هەموو شتێک ئەزموونە، ئەزموون بەو مانایەی کە شیعر پێویستی بە کاتە، نووسینەوە بۆ خۆی پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و ناکرێت بە ئەزموونێک یان دووان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئەوەی لێرە دەمەوێ بیڵێم کە بەدەر لەوەی چەندین ئەزموونی شیعری گەنجان لە ئارادا هەن، لەگەڵ ئەوەش خوێنەری شیعری بە ئاگاش هەیە، لایەنی کەم ئەگەر شاعیرە گەنجەکانیش شیعری یەکتری بخوێننەوە و ڕانانی تایبەتی خۆیان بۆ بکەن کە من ئەوە دەبینم ئەوە هیوایەک هەیە بۆ شیعرێکی نوێی کوردی و نمونەی زۆر شاعیری ئیێستامان هەن کە دەتوانم بڵێم کەوتوونەتە سەر پێ و بە ئاگاییەوە لەگەڵ شیعر و مەسەلەکانی شیعر مامەڵە دەکەن. لە هەموو ئەدەبێکی وڵاتانیش شتێک درووست دەبێت کە دەتوانین بە تەوژمی نووسینی شیعری نوێی لەقەڵەم بدەین، بەڵام دواجار خوێنەر بڕیاری کۆتایی دەدات، چی بخوێنێتەوە و لە کوێیوە دەست پێ بکات. لەبەر ئەوەی شیعر پەیوەستە بە گیان و ڕۆحی مرۆڤەکان، ئەوا دڵخوازیی و ڕەتکردنەوەی هەر بە دەست شاعیر و خوێنەرەوە هەیە. گەر شیعر و شاعیری نوێی کوردی نەتوانێ شێوازی شیعری نوێی جیهانی بخوێنێتەوە ئەوە ناتوانێ گۆڕانکاری بکات، بۆیە لێردەا ئەرکی وەرگێران دێتە ئاراوە بۆ بەیان کردنی شیعری ئێستای جیهان کە دەزانم زۆری ماوە بگاتە لای شاعیرە گەنجەکانمان.

هەر نەوەیەکی شیعری ئەگەر هەوڵی نوێبوونەوە بدات، دەبێت پاشخانی ئەدەبی خۆی بناسێت، ناسین بە مانای خوێندنەوە نەک پەیڕوەکردنی شێوازە شیعرییەکە. لای من شیعر دەبێت تابۆ شکێن بێت، بوێر بێت، لە وشەی بە هێز سڵ نەکاتەوە، توانای هەبێت هەتا تواناکانی خۆی بنووسێت. ڕاستی تەنها یاخیی بوون لە شیعردا بەس نییە بۆ ئەوەی دەقێکی جیاوازمان هەبێت. دەکرێت زۆر تەکنیکی جیاوازی شیعر هەبن بتوانن هەر دەقێکی شیعری جیاواز بن لەوانی پێش خۆی. ئەوەی لە شیعردا گرنگە ئامادەبوونی شاعیرەکەیە لە دەقەکەیدا. ئامادەبوون بەو مانایە کە خۆی بێت و ڕووکەش نەبێت، تەڵایەکی درەوشاوە بێت لە خودی خۆی، بێ باک لە نەریت و هەندێ جاریش بێ باک بێت لەوەی بۆ کێ دەنووسێت، دواجار شیعر گڕکانی تەقیوی ناخی شاعیرە، بەڵام وەک نیلس هاو شاعیری دانیمارکی دەڵێت: ”دەبێت شیعر لە شاعیرەکەی زیرەکتر بێت” زیرەکی شیعر لە هەڵبژاردنی شیواز و وشە و درووستکردنێ کەشێکی شیعری تایبەت بە خودی شاعیری پێویستە.

پۆڵەتیک پرێس: ناوەندەکانی چاپ و دەزگاکان، هۆکارن بۆ خستنەبازاڕی ئەدەبی خراپ بە نرخی باش؟واتا دەکرت بێژین، دەزگای چاپ، چ میری یان میللی، جۆرێکە لە میدیا؟ میدیاش دەتوانێت فووتێکەر بێت و ماکیاژکار و فریودەر؟ ئاخۆ چاپەمەنییە سێبەرەکان و ئەوانەی سەر بە دەسەڵات هۆکاربوونە بۆ بەردەوامیپێدان بە نموونەی ئەدەبی دۆستایەتی و ئەدەبی حیزبی؟ حیزب چەندێک خاوەن ماڵ بووە لەناو دەزگا و ناوەندەکان و لەنێو ئەدەبیاتدا؟ بۆچی ئەم ئەم دەزگایانە نەبوونەتە مۆرکی گشتی و خزمەتکاری نموونەی ئەدەبیاتی ڕژد؟ ئایا دەسەڵات لەو ڕێگەوە دەخوازێت ئەدەب ڕامبکات؟ کەواتە ئەوە دەسەڵاتە تۆقیو و ترساو لە دەنگی گڕی بەگوڕی ئەدەب. ئەم دۆخە چەندە زیانە بۆ سەر ئەدەبیات و بۆ سەر قەڵەمی ڕاستەقینە و نەوەی گەنجانی وێژەکار؟ ئایا پایزی دەزگاکان نەبووەتە هۆی هەڵوەرینی دەنگی تازەی ڕژد و کارامە؟ ئایا ناسەربەخۆیی و نابەرپرسیاری و گرۆهچێتی و شارگەریی ناوەندەکان، بە شێنەیی و خێرایی بێت، کاری نەکردووەتە سەر دەنگ بژێرێک، کە مێژوو خوازیاربووبێت ناویان تۆماربکات، ئەم گریمانە و بۆچوونە چەند لە واقیعەوە نزیکە؟

ئالان پەری: ئەوەی جێگەی داخە لەلام ئەوەیە کە هەتا ئێستاش وەشانخانە گەورەکان تەنیا سەیری فرۆشی کتیبەکانیان دەکەن، ئەدەبێکی کلاسیک و کۆن دەهێننەوە ناومانەوە، ئەدەبێک ڕاستە پێویستە هەبێت، بەڵام نەک زاڵبێت. وەشانخانەی زۆر کەم دەناسم کار بۆ ناساندنی ئەدەبێکی نوێ و ناوی نوێ بکات، ڕەنگە ئەوەش پەیوەست بێت نەبونی زنجیرەی پەیوەندی نێوان وەشانخانەکان بە نووسەر یان وەرگێڕەکانەوە، بەڵام دوا جار هەر وەشانخانەکانن سەیری ئەدەبێکی باو و کۆن دەکەن بۆ خوێنەر، لێرەدا خوێنەر ناچار ناکرێت شتێکی نوێ بخوێنێتەوە، بەڵکو کتێبە باوەکان بەسەریدا زاڵ دەکرێت. چەند هەوڵێکی کەم هەیە بۆ ناساندنی دەنگە نوێکان چ دەنگی خۆماڵی بن یان دەنگی دەرەوە، بەڵام هێشتا لەو ئاستەدا نین، کە بڵێێن وەشانخانە ئەو ڕۆڵەی وەرگرتووە، هۆکاری ئەوەش ئەوەی کە زۆربەی خاوەن وەشانخانەکان بێ ئاگان لە نووسینی نوێ و شێواز و تێمای جیاواز نابینن لە ئەدەب، هەندێکی تریشیان لەبری ئەوەی کاری جیاواز بکەن دەچن لاسایی یەکتری دەکەنەوە!

ئەتوانم بڵێم دەزگاکان بە تایبەت دەزگا گەورەکانی بواری چاپ و بڵاوکردنەوە رۆڵێکی ئەوتۆیان نەبینیوە بۆ ئەوەی کار لەسەر ناو و دەنگی نوێ بکەن، هەمیشە دەبینین دەقی خۆماڵی وەلا دەنێن و پەنا بەر دەقی وەرگێڕان دەبەن، ئەمەش ڕەنگە پەیوەست بێت بە فرۆشی کتیبەکانیان، کە ئەمە دەچێتە خانەی بازرگانییەکی تەواو. زۆربەیان نەبوونەتە خاوەنی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری یان لە بەرنامەی کارکردنیاند بیریان لە ستراتیژی دەقی خۆماڵی نەکردووە بە تایبەت دەقی گەنجەکان، کە ئەمە دەبێتە خاڵی لاواز لە دەزگاکانیان. دەکرێ بە هاوتەریبی کار بۆ هەردوو بارەکە بکرێت، هێنانەوەی ناوە نوێکان  و ناساندنیان و ئیشکردن بۆ نووسەر و دەقەکانیان ڕەنگە کارێکی هێندە سەختیش نەبێت، بەڵام وەک پێویست نەکراوە. دەبێت ئەوان خوێنەر فێر بکەن لەسەر دەقی خۆماڵی یان هەردەقێکی وەرگێڕاوی نوێ کە ئەمەش کاری بۆ نەکراوە، ئەوەی دەیبینین تەنها کار بۆ ئیشی کلاسیک کراوە، بۆیە خوێنەر و تاڕادەیەک نوووسەرەکانیش تەنها ئەو کتێبە کلاسیکییانەیان لەبەردەستە و نووسەرێک چۆن بتوانێت دەقێکی مۆدیرن بنووسێت ئەگەر چاوی بە ئیشێکی مۆدرێن نەکەوتبێت؟ پرسیارەکە ئەوەیە. ئەوەی زانراوە دەزگای چاپەمەنی دەبێت ئەو ڕۆڵە بگرێت و تەنها کار لەسەر یەک نووسەر نەکات چ خۆماڵیی بێت یان دەرەکی. هەروەها ئەوەی زۆربەی دەزگاکان پێی سەرقاڵن تەنها چەند پرۆژەیەکی لاوەکییە کە تونێتی خوێنەر ناشکێنێت و بەهای کتێب و خوێندنەوەش لە ئاستێکی نزمدا دەبینرێت. دەکرێ ئەو دەزگایانە بیرۆکەی نوێ بهێننە ئاراوە، دەقی خۆماڵی خۆشەویست بکەن لەلای خوێنەر، مەبەستی قازانج گرنگە بۆ هەر دەزگایەک بۆ بەردەوامی بەڵام بە بیرۆکەی نوێ دەتوانرێ ئیش بۆ ڕەواجکردنی ئەو جۆرە کتێبانە بکرێت، کە ئەمە کارێکی ئاستەم نییە، تەنها بیرۆکەی گەرەکە و دەتوانرێ سود لە ئەزموونی دەزگا جیهانییەکان وەربگیرێت.

پۆڵەتیک پرێس: (جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە)، ناونیشانێکی ڕستەیی بەڵام کورتبڕ. لەم ناونیشانەوە پرسیارێک لەسەر کۆی ڕەوتی کاری کتێبەکە سەرهەڵدەدات، ئاخۆ بۆچی هەمیشە دەبێت جەنگاوەر پیشەیان مردن بێت و پێشمەرگ بن؟ واتا بۆچی ناکرێت ژیاندۆستبن، ئا خۆی ئەمە پرسیارەکەیە؟! گەر مەبەستت لەوەیە کە موڵکی خۆیان نین و لەجەنگدا دەمرن، ئەوا هیچکات لۆژیکی نییە، گەروابێت ئەوا شۆفێرەکانیش بەهەمانشێوەن! گەر مەبەستت لە کوشتن و وێرانکاری سەربازان و جەنگینکاران بێت، ئەوا دەکرێ بوترێ جەنگاوەرەکان پیشەیان کوشتنە یان کوشتارە.بەسەرنجدان لە هەریەک لە ناونیشانی دەقەکانەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت، کە ناونیشانی ڕستەیی و کرداریی پانتاییەکی مامناوەندی بۆخۆی داگیرکردووە، دواتر لە بەشێکی ناونیشانەکان هەست بەوە دەکەین، کە هێندەی لەتەک  چیرۆک دەسازێن، کەمترێک لە شیعر دەئاڵێن، بەمەرجێک دەشزانم ناونیشانەکان پڕشیعرییەتن! هەندێک ناونیشانیتر هەن شایانن بە ناوەڕۆک و تەواو شیاو و هاوکۆکن بە تەرزە ناونیشانی شیعر، نموونەیەکی بەردەست وەک(ئێوارە ئاو). کۆی گشتی پرسینەکە لەوەدایە، ئاخۆ ناتێگەیشتن نابێت لەوەی بەردەنگ لە سەروەختی خوێندنەوەی ناونیشانی دەقەکانەوە بەر جۆرە دەقێک دەکەوێت، کە هەر تەنیا شیعر نییە و بەڵکو کۆمەڵێک ژانرە؟!

شیعر وەڵامدەرەوەی واقیعە، لێرەدا واقیع شیدەکەینەوە بۆ واقیعی عەقڵی و واقیعی ڕۆژگار و واقیعی کۆمەڵایەتی و واقیعی ئەوینداری و واقیعی عیرفانی و تاد..؟ ئایا کام لەو واقیعە هەقیقەتی شیعرن، بە واتایەک؛ بە واتایەکیتر هەریەک لەو واقیعانە کامیان لە ماڵ و بوونی شیعرەوە دراوسێ و دۆست و تەبا و نزیکترن؟

(جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە)، دەچێتە ناو کام لەو پۆڵێنانەوە؟ بەجۆرێک گرنگە بێژین: بونیادێکی پەخشانی و چیرۆکییانە زاڵە بەسەر ڕەوتی شیعر و بەسەر گێڕانەوەدا لە کتێبی ناوبراودا. ئایا ئەم پەرتووکە شعرییە، گەر ژانری دەستنیشانبکەین، دەکرێت بوترێ:چیرۆکە شیعر؟ ئایا ڤاڵەی شیعرەکان تاراوگەیین؟ ئێوە باوەڕتان وایە جگەلە شاعیری تاراوگەیی، شیعری تاراوگەیی بوونی هەیە؟

تاریکی و نامۆیی و غەوارەیی و بێ شوێنی و سەرگەردانی شووناس، هاوەڵ لەگەڵ جەنگ جێکەوتەی بەسەر سەرانسۆی دەقەکانەوەیە، ئایا ئەم بێ خانە و بێ ناسنامەییە لە دەقەکاندا،  بۆ ئاسەوار و  لێکەوتەکانی جەنگ لە منداڵی و مێردمنداڵی دەگەڕێتەوە و پاشان لە گەنجیدا کۆچ بەرەو تاراوگەیەک دوور لە زێد و یادەوەری و دۆست؟ ئایا هۆکاری دەستبردنی شاعیرانێک، کە دەکارن کار لەسەر جەنگ بکەن، بۆ ئەو هۆکارەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا دەگەڕێتەوە، یان ئەوەیە فەرهەنگی شیعریی جەنگ ژینگەیەکی لەبارە بۆ شیعراندن و وێژاندن؟!

ئالان پەری: ئەزموونی شیعری کتێبی جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە ئەتوانم بڵێم ئەزموونێکی تایبەتە بە ژیان و بەسەرهاتی خۆم لە دەرەوە، من لێرە بۆ چەندین ساڵ جەنگاوم لە پێناو مانەوە، لە پێناو درووستکردن و ناسینی خۆم، مانەوە لە بازنەی زمان و کەلتوور و ڕاهاتن بە دونیای ئێرە. گەیشتن بەو ژیانەی دەمانەوێ پێویستیی بە جەنگکردن و پاسەوانی شەو و ڕۆژ هەیە، هەتا دەگەیت بە خەونەکانت چەندین جار دەمری هەتا جارێک بتوانیت بژیت. دووریی تەنها ڕاکردنێک نەبوو بۆ من، بەڵکو مانەوەش بووە لە شکستە ئەویندارییەکان، مانەوە بووە بۆ نەمردنی زمانی شیعر بە هەردوو زمانی کوردی و دانیمارکی، لەبەر ئەوەی ئەزموونی نووسینی شیعریشمان هەبووە بە زمانی دانیمارکی. هەمیشە لە ململانێ و سەقامیگیریدام. خۆ دەکرا بنووسین جەنگاوەرەکان پیشەیان ژیانە بەو پێیەی ئەوەی دەجەنگێ بۆ مانەوەی خۆی خەبات دەکات، بەڵام چێژی مردن لە دووریدا تامێکی ئەبستراکتی هەیە کە تەنها بە شیعر گوزارشت دەکرێت. زمانی مەجاز لێرەدا سەرپشکت دەکات بە پێچەوانەی باکان هەڵبکەیت. جەنگیش هەر جەنگە، قوربانی و ئاسەواری بێشوماری خۆی بە دوای خۆیدا بە جێدەهێڵێت. بۆیە مردن بەهانەیەکە بۆ ناسینی خود و هەروەها چەکێکی بەهێز دەبێت بۆ کۆشش کردن و بۆ بەردەوامی لە خەون بینین و ڕاپەڕین بۆ گشت ئەو شتانەی ڕاپەڕینیان پێویستە. لە کۆتایشدا شاعیری تاراوگە بە دوای ئەو شتە دەگەڕێ کە لێی ونە، کاتێک ونبوون دەدۆزرێتەوە (ئەگەر بدۆزرێتەوە) ئەوا دەبێت سەردانی گۆڕستانەکانی وشە و مانا بکات و هەردەم تەپا و تل بدات.

تەواوی ئەم ئەزموونە دەکرێت ناوی بنێین شیعر، بەڵام بە فۆرمێکی چیرۆک ئاسا، دەکرا ناوی بنرێت چیرۆکە شیعر، بەڵام بەستنی بە ژانرێکی دیاریکراو ئاستەم بووە، لەبەر ئەو فرە ژانرییەی کە هەیە لە دەقەکان. دواجار هێندەی کار لەسەر خود و ئەزموونی خود کراوە کار لەسەر کام ژانر و تەکنیک نەکراوە، لەبەرئەوەی زیاتر ئەزموونی تاکە کەسی خۆمە لەمەڕ ئەو جیهانەی تیایدا ژیاوم.  دواجار دەگەڕێینەوە سەر نووشستییەکانمان، دەگەڕێینەوە سەر کەوتن و دیار نەمانی ئاسەواری شوێن پێکانمان، تا بتوانیت ئەوە بنووسینەوە ئەوا پێوستیمان بە زمانی شیعر هەیە، ئەگەر نووسینەکەش لە فۆرمی چیرۆکدا بێت. هەرگیز لە خەیاڵمدا نەبووە ببێتە چیرۆک، لەبەر ئەوەی نووسینی من زیاتر لە شیعرەوە نزیکە بە هەموو کێشە ناوەکیییەکانمەوە لەگەڵ خۆم و چواردەورم. پاڕادۆکسی لێرەیە شاعیرانە بگێڕێتەوە و ناونیشانەکان تا ڕادەیەکی زۆر شیعر بن بەڵام بە مەجازێکی گێڕانەوە.

شیعرەکانی ئەم بەرهەمە لە چەندین شاری دانیمارک و سوید نووسراون، دەبینین فەزای وێنەکان کەشێکی ساردە بە رووکەش بەڵام لە قوڵاییدا گەرمن تا ئاستی سوتان. سوتان بۆ حەزێکی نامۆ و دژوار، شکستی ئەوین و نالەباریی ئەو شاعیرەی کە بەر بەستەڵەکی باکور خۆی دەپێکێت. شیعرەکان دروود بۆ مەزنیی ئەوین ناگەڕێننەوە، بە پێچەوانەوە باس لە ئەوینی سوتاو دەکەن کە بەفرەکانیش ناتوێنێتەوە، واتا چەند سۆزگەلێکی بەتین و ئاگردانن بەڵام بەستەڵەک ناهێڵێت ئاگرەکە درێژە بکێشێت. بەستەڵەکی کەسانی تر بەرامبەرت، بەستەڵەکی کەلتوورێکی نوێ و نامۆ، وا لە ئامرازەکانی شیعر بکات تاراوگەیی بن بەڵام هیچ کات لە ڕۆحە ڕۆژهەڵاتییەکەی کەم ناکاتەوە. هەڵبەت ئەو دەقانە نزیکی پێش پانزدە ساڵ نووسران و ئەزموونێ نوێ بوون لەمەڕ تاراوگە. کە ئێستا زۆر جیاوازتر ئەو دیدگەیەم لا گۆڕاوە، هەر لە بیردانانی خۆمەوە تا خۆ پڕکردنەوەی شیعری ئیستام کە دەتوانم بڵێم ئیستا ئەگەرجارێکی تر ئەم کتێبە دابڕێژمەوە زۆر شت لە ئاستیان دەگۆڕم، بەڵام چونکە بەشیک بوون لە خۆم و ڕۆژگارێک بوون لە ساڵنامەی من لە تاراوگە زەحمەتە دەستبەرداریان بم.

 نەوەی ئێمە نەوەیەکە لە جەنگدا ژیاوە، جەنگ و کوشتن و موشەک و بارود لە هزرماندا لە منداڵییەوە چەسپاوە، بۆیە کاریگەرییەکانیشی لە ئەدەب و شیعردا دەمێنێتەوە. شرۆڤەی من بۆ ئەدەبی جەنگ (ئەگەر دەستەواژەکەم ڕاست بێت) دەکرێت لەو گۆشە نیگایەوە سەیر بکرێت کە جەنگ جارێکی تر درووستت دەکات، جارێکی تر وێنەی بارود و ترس و دەنگی چەکەکان لە وێنەیەکی شیعریدا یاد بکەیتەوە. یادگەیەک کە هەمیشە دەمێنێتەوە، وەک تراومایەکی دوای جەنگ کە تووشمان دەبێت. ترس لە داهاتوویەکی نادیار، لە دەستدانی ئازیزانت، هەروەها سووربوونت لە مانەوە، کە ئەوە زیاتر بەلامەوە گرنگە. مانەوە لە جەنگ خۆی لە خۆیدا مردنێکە بە جۆرێکی تر، چونکە جەنگ ناختی هەژاندووە، باری دەروونیت تێکشکاندووە، هەر بۆیە لە شیعریشدا بوونی دەبێت. شیعر دەبێتە ئامرازێکی هونەری بۆ درووستکردنی وێنەی جۆراو جۆر، کەوتن و شکستی جۆرا و جۆر، بەڵام بە مانەوەی جۆرا و جۆری کە هەتا دوای کۆچ و دوورییش ئاسەواری خۆی ناسڕێتەوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا