تۆڕی پاراستنی ته‌ندروستی: حكومه‌تی هه‌رێم کۆرۆنای بەکارهێنا بۆ کپکردنی ناڕەزایەتی

پۆڵه‌تیك پرێس:
وتەبێژێک بەناوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم باسی کامە رێکاری خۆپارێزی دژی كۆرۆنا دەکات؟ ئەوەی کۆرۆنایان بەکارهێنا بۆ کپکردنی ناڕەزایەتی و قەدەغەی خۆپیشاندان و داخستنی قوتابخانەکان”.

وتەبێژێک بەناوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتیەوە لەبارەی کۆرۆناوە وەڵامی سەرۆکی حکومەت دەداتەوە، له‌وه‌ڵامه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ پۆڵه‌تیك پرێس نێردراوه‌ ئه‌وه‌خراوه‌ته‌ڕوو، “سه‌رۆكی حكومه‌ت دەڵێت گوایە بەهۆی ڕێکارەکانی حکومەت، رێژەی کۆرۆنا ڕوو لە داکشانە، بۆیه‌ ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت رەتدەکەینەوە”.

تۆڕی پاراستنی ته‌ندروستی گشتی ده‌شڵێت، “مەسرور بارزانی باسی کامە رێکاری دژی کۆرۆنا دەکات؟ ئەوەی کە لە گەرمەی شەڕی دژی پەتاکە، حکومەتەکەی، موچە و دەرماڵەی ئەو تەندروستکارانەی بڕی کە شەڕی دژی کۆرۆنامان بۆ دەکەن؟ ئەوەی کە حکومەتەکەی تەنانەت ماسک و دەستکێشی بە تەندروستکاران روانەبینی؟ مەسرور بارزانی ئەگەر یەک تۆسقاڵ هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە لە باتی ئەوەی منەت بکات بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، ئەوەندە گەورەیی دەنواند و سوپاس و دەستخۆشی لە تەندروستکاران دەکرد”.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٠/١٢/١٥ لە تۆڕی کۆمەڵاتەی تویتەر لێدوانێکی داوە دەربارەی پەتای کۆرۆنا. لە تویتێکدا بە زمانی ئینگلیزی مەسرور بارزانی باسی کەمبونەوەی ژمارەکانی توشبون بە کۆرۆنا دەکات لە هەرێمی کوردستان. ئەو لە تویتەکەدا دەڵێ گوایە “بەهۆی ڕێکارەکانی حکومەت، رێژەی کۆرۆنا ڕوو لە داکشانە”.
ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی ئەم لێدوانەی سەرۆکی حکومەت رەتدەکەینەوە و لە ڕێی ئەم راگەیاندراوەوە چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکەین:
سەرەتا، لە سەرۆکی حکومەت دەپرسین، ئەوە خێرە بە ئینگلیزی و بە تویتەر باسی بەناو ‘ڕێکارەکانی’ حکومەتە شکستخواردوەکەی دەکات؟ ئایا ڕووی ئەوەی نیە بە کوردی و بە کرمانجی ئەو قسانە بکات چونکە دەزانێ مناڵێکیش باوەڕ بە قسەکانی ناکات؟
مەسرور بارزانی باسی کامە رێکاری دژی کۆرۆنا دەکات؟ ئەوەی کە لە گەرمەی شەڕی دژی پەتاکە، حکومەتەکەی، موچە و دەرماڵەی ئەو تەندروستکارانەی بڕی کە شەڕی دژی کۆرۆنامان بۆ دەکەن؟ ئەوەی کە حکومەتەکەی تەنانەت ماسک و دەستکێشی بە تەندروستکاران روانەبینی؟ مەسرور بارزانی ئەگەر یەک تۆسقاڵ هەستی بەرپرسیارێتی هەبوایە لە باتی ئەوەی منەت بکات بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، ئەوەندە گەورەیی دەنواند و سوپاس و دەستخۆشی لە تەندروستکاران دەکرد، نەک خۆی و حکومەتە فاشیلەکەی بکاتە خاوەنی سەرکەوتنێکی نیوەناچڵ.
مەسرور بارزانی ریکلامی کامە ڕێکاری دژی کۆرۆنا دەکات؟ ئەوەی کە حکومەتە موفلیسەکەی تەنانەت پشکنینی کۆرۆنای بە خەڵک رەوا نەبینی و ئەویشی کردە پارە؟ باسی ئەو رێکارانە دەکات کە لەرێیانەوە حکومەتەکەی هاوکاری بەلاشی لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و دەوڵەتان وەردەگرت و بە پارە دەیفرۆشتەوە خەڵکی خۆمان؟
کامە ڕێکارەی حکومەت هۆکاری سەرکەوتن بو بەسەر کۆرۆنا؟ ئەوەی کە خاڵە سنوریەکانیان کرد بە شوێنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بەهۆی دروستکردنی قەرەباڵەغی تاڵانکردنی خەڵکی کوردستان بەناوی پشکنینی کۆرۆناوە؟
مەسرور بارزانی بە کامە رێکارەوە ئەنازێ؟ بەوەی کە نەخۆشخانە گشتیەکانیان وێرانکرد؟ کامە رێکاری حکومەت مەسروری دەکات لە کاتێکا، هەرچی نەخۆشخانەی کۆرۆنا هەیە لە کوردستاندا خێرخواز دروستیانکرد و خۆبەخش بەرێوەیاندەبرد؟
سەرۆکی حکومەتەی هەرێم، باسی کامە رێکار دەکات؟ ئەوەی کە بوە هۆی نەمانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێری پایتەخت و مردنی دەیان نەخۆشی کۆرۆنا بەهۆی نەمانی ئۆکسجینەوە؟ یا کیمیابارانی خەڵکی کوردستان بە دەرمانی ئیکسپایەر و ناپێویست و کەم کواڵیتی بازرگانەکانی دەرمانی نزیک لە حیزبەکەی جەنابیان؟ ئایا رێکاری حکومەتە بزنسمانەکەی ئەو نەبو بواری بە کۆمپانیا حیزبیەکانی دەرمان دا کە ماددەی خام بە نزیکە خۆڕایی لە هندستانەوە و بهێنن و بە ٢٠٠ دۆلار دەرخواردی خەڵکی بێ موچەی کوردستانی بدەن؟
برا گەورە شانازی بە کامە رێکار دەکات؟ ئەو ڕێکارەی کە بنەماڵەکەی خۆی لەرێیەوە دەستیان گرت بەسەر نەخۆشخانەیەکی وەکو خەستەخانەی منداڵانی کوردستان و ئەویشیان وەکو نەوتەکەی هەرێم ڕادەستی دۆستە تورکەکانیان کرد بۆ ئەوەی بەناوی کۆرۆنا و لەڕێی نەخۆشخانەی سانتیلایڤەوە قۆڵی خەڵکی کوردستان ببڕن؟
مەسرور بارزانی بانگەشەی کامە ڕێکار دەکات؟ ئەوەی کە خۆی لە پشتی کۆمپیوتەر و وەزیرە فاشیلەکەی تەندروستی لەڕێی نمایشێکی منداڵانەی یاریکردن بە کیبوردی لاپتۆپەکەیەوە جێبەجێیکرد؟ یا ئەوەی کە خۆی و وەزیرەکەی ڕێگەیان بە تەنانەت خۆبەخشیش نەدا کە هاوکاری خەڵکی کوردستان بکەن؟
مەسرور بارزانی بەچی ڕویەکەوە قسە لەسەر رێکار دەکات دژی کۆرۆنا؟ ئەوەی کە پارەی هاندانیشان تەنها دایە کادیرە حیزبیەکانی خۆیان؟ یا ئەو رێکارە تەمومژاویانەی کە کەس نازانێ چۆن بودجەی کۆرۆنای پێ خەرجکرا؟ ناشێ باسی رێکاری کڕینی وەنەوشە بکا بۆ بەرپرسە حکومی و حیزبیەکان لەم بێ پارەییەدا، لەولاشەوە گەنجی وڵات خەریکە لە بێئیشیا لە برسا بمرێ!
سەرۆک وەزیرانە توندوتیژەکەی کوردستان سینگی بەکامە رێکارەوە دەردەپەرێنێ؟ ئەوەی کە رێگەی دا بە وەزیرەکەی ناوخۆ کە بە ئارەزوی خۆی قەدەغەی هاتوچۆ راگەینێ و ژیان و گوزەرانی ملێۆنان خەڵکی هەژار بخاتە ژێر ڕەحمەتی لە برسا مردنەوە؟ یا ئەوەی بە شەق و تێڵا کەوتنە وێزەی خوێندکارەکانی دکتۆرای گەڕاوەی دەرەوەی وڵات؟ یا ئەوەی کە دەستیان لە پزیشکانی پسپۆریش نەپاراست و دکتۆریشیان فەلاقەکرد؟
سەرۆکی حکومەتەکە تێڵابەدەست و گەنج کوژەکەی هەرێم، باسی کامە رێکار دەکات؟ ئەوەی کۆرۆنایان بەکارهێنا بۆ کپکردنی ناڕەزایەتی و قەدەغەی خۆپیشاندان و داخستنی قوتابخانەکان؟ ئەوەی لەم کاتەیا کە وڵاتان زیندانەکان بۆ کەمکردنەوەی کۆرۆنا زیندانەکان چۆڵدەکەن، ئەوان پریانکردون لە چالاکەوان و ئازدیخواز.
سەرۆکی حکومەت لەباتی ئەوەی لە تویتەر خەریکی تەقەی خۆشی بێ گوایە بەسەر کۆرۆنا سەرکەوتوە، باشترە ئەو پشوە کورتەی کۆرۆنا داوێتێ بەکاربهێنێ بۆ خۆئامادەکردن بۆ شەپۆلێکی دیکەی پەتاکە. باشترە لەباتی سینگ دەرپەڕاندن، خەمی دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بخوا. باشترە نەخۆشخانەکان پڕکا لە ئۆکسجین و پەیداویستی پزیشکیی. بۆی باشترە، پارە دزراوەکانی خەڵک بگەرێنێتەوە و بیداتە موچە و دەرماڵەی تەندروستکاران بۆ ئەوەی هێز و توانای گەرێکی تری شەڕی کۆرۆنایان هەبێ؟
ئێمە دوای ماوەیەکی تر ئەم قسانەی سەرۆک وەزیران بیری دەهێنینەوە کاتێک کە کۆرۆنا دیسان بە شەپۆلێکی دیکەوە ڕو لە وڵات دەکاتەوە.
٢٠٢٠/١٢/١٥

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا