پۆڵەتیک پرێس
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات، گەشەی ئابووری بەرهەمە ناوخۆییەکان لە عێراق بە رێژەی ٪١١ پاشەکشە بکات.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت بوونەتە خاڵی لاوازی ئابووری عێراق.
باسی لەوەش کرد، پێدەچێت کۆی بەرهەمە ناوخۆییەکان لەمساڵدا و لە نێوەندی ناهاوسەنگییە دارایی و دەرەکییەکاندا بە رێژەی ٪١١ کەم بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەدیهێنانی گەشەی بەردەوام و گشتگیری دارایی لە نێوەندی ئەو قەیرانانەی کە هەیە، پێویستی بە چاکسازی ریشەیی و بەرفراوان هەیە کە ببێتەهۆی پتەوکردنی دارایی گشتی و چاککردنی حکومەت.
هاوکات، پێویستە چاکسازی لە کەرتی کارەبادا بکرێت و گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێت، وەکچۆن هەوڵ بدرێت بۆ جێگیرکردنی کەرتی دارایی.
لەڕووی ئابوورییەوە، عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە سەرچاوە نەوتییەکانی دەبەستێت بەجۆرێک رێژەکەی دەگاتە ٪٩٠ی خەرجی حکومەت، هەر لەڕێی داهاتی نەوتەوە موچەی فەرمانبەرانی حکومی دابین دەکرێت و بە ملیاران دۆلار بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەکرێت، ئەمەشە حکومەت دەخاتە بەردەم بڕیاری سەخت کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی کۆمەڵایەتی وڵات دەبێت.