گرفتەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
تائێستا ئاسۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق روون نییە، بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری هەڵبژاردنیش پێیان وایە هەردەبێت لەساڵی داهاتوو ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021ی دیاریكرد وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختە لە عێراق، بەڵام ئێستا كۆمەڵێك گرفت بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردن دروست بووە.

گرفتەكان خۆی لەململانێ‌ سیاسییەكان‌و قەیرانی دارایی‌و ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبینێتەوە.

بەبڕوای هەڵشۆ عەبدولفەتاح ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن دووخاڵی سەرەكی بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق یەكێكیان بریتییە لە پڕۆژە یاسای دابینكردنی‌ خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی عێراق، كە تا ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەكراوە، بەربەستی دووەمیش بریتییە لە تەواونەبوونی رێژەی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆی خانەنشین بوونی ئەندامێكی و كۆچی دوایی كردنی ئەندامێكی دیكەی، چونكە پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەر هەڵبژاردنێك لە عێراق دەبێت لە رێگەی ئەم دادگایەوەبێت.

دووخاڵی سەرەكی بەربەستن لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق

هەڵشۆ عەبدولفەتاح باسی لەوەشكرد، بڕیاری هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندابوو، هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە كۆمەڵێك كۆسپ و هەنگاوی سەختی تێپەڕاندووە، بۆیە ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت ئەم دوو بەربەستەش تێئەپەڕێنرێت‌و ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجامدەدرێت هەرچەندە مەرج نییە بەدیاری كراوی لە 6ی حوزەیرانی 2021 ئەنجام بدرێت.

باسی لەوەشكرد، هێز و لایەنە سیاسییەكان لە ململانێیەكی تونددان لەسەر بردنەوەی زۆرترین ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، لەناو لایەنە سیاسییەكانیشدا هەوڵ هەیە بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو هێزانە ئەوەندە سەنگ و قورساییان نییە بتوانن ئەم هەڵبژاردنە دوابخەن.

ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و توڕەییەكانی شەقامدا یاسای نوێی هەڵبژاردنی لە كۆتایی ساڵی 2019 پەسەندكرد و پاشكۆی یاساكەش لە مانگی 10ی 2020 پەسەندكرا، كە بریتی بوو لەدیاریكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، بەڵام یاساكە رووبەڕووی چەندین رەخنەبووەتەوە و بوونی ئەم تێبینی و رەخنانەش رەنگە جارێكی دیكە یاسای هەڵبژاردن بباتەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و مشتومڕە گەرمەكانی پەرلەمانتاران و فراكسیۆنە جیاوازەكان.

مەریوان عارف عەلی، شارەزای كاروبارەكانی هەڵبژاردن بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: یاسای نوێی هەڵبژاردن كەم و كورتی زۆری تێدایە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش چەندین گرفتی هونەری و كارگێڕی و دارایی هەیە.

یاسای نوێی هەڵبژاردن كەم و كورتی زۆری تێدایە

باسی لەوەشكرد لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان لە هەر بنكەیەكی تۆماركردنی بایۆمەتری دەنگدان تەنها سێ كارمەند هەیە لە كاتێكدا لە پارێزگاكانی عێراق شەش كارمەند دابین كراوە و كۆمسیۆن بەهۆی نەبوونی بودجەوە ناتوانێت كارمەند دابمەزرێنێت یان بە گرێبەست كاریان پێبكات.

مەریوان عارف عەلی، وتیشی: چارەسەركردنی گرفتە هونەری و كارگێڕی و داراییەكانی كۆمسیۆن پێویستی بەبودجە هەیە، تا ئێستاش پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای دابینكردنی‌ خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی پەسەند نەكردووە، حكومەتیش ناتوانێت قەرز بكات، چونكە پەرلەمان تەنیا بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ رازی بوو بەوەی حكومەت قەرزبكات، نەبوونی بودجە دەبێتە گرفتی گەورە لەبەردەم كۆمسیۆندا.

باسی لەوەشكرد، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چەندین خاڵی ناكۆكی تێدایە، بەتایبەتی بەشێكی سەرەكی لەناوەڕۆكی یاسانوێیەكە، هەمان ناوەڕۆكی یاساكەی پێشووە، لە كاتێكدا سیستمی یاساكە جیاوازە، بابەتی كۆتای ژنانیش لەگەڵ سیستمی یاساكە ناكۆكە، بۆ كۆتایی ژنان ئەوە كراوە بەپێوەر ئەگەر كاندیدێكی ژن بە دەنگی خۆی سەرنەكەوت ئەو كاندیدە پیاوەی كەمترین دەنگی هێناوە بۆ سەركەوتن، لا دەبرێت بۆ ئەو كاندیدە ژنەی زۆرترین دەنگی هێناوە و نەگەشتووەتە ئاستی دەرچوون.

هەروەها ئاشكراشیكرد كۆمسیۆن ناتوانێت لە ڕووی هونەری و كارگێڕی و داراییەوە، لە دەرەوەی عێراق پرۆسەی دەنگدان ببات بەڕێوە، لە كاتێكدا لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە كە دەنگدان لەدەرەوەی وڵاتیش ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە واتای پێشێلكردنی یاسای هەڵبژاردن دێت.

ئەوەی هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمان جیا دەكاتەوە لەهەڵبژاردنەكانی پێشتر سیستمی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەیە بەتایبەتی لەو رووە، كە لیست نەماوە و پاڵێوراوی تاكە كەس جێگەی گرتووەتەوە، هەروەها گۆڕانكاری لە بازنەكانی هەڵبژاردن كراوە و عێراق لە 18 بازنەوە بووەتە 83 بازنەی هەڵبژاردن بۆ هەربازنەیەك كورسییەكی كۆتای ژنان دیاری كراوە.

بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، ناتوانرێت ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە ئەنجام بدرێت، چونكە ئامادەكاری بۆ نەكراوە، لەوانەیە وادەی هەڵبژاردنەكە دوابخرێت بۆ كۆتایی ساڵی 2021″.

ناتوانرێت ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەیەی بۆی دیاری كراوە ئەنجام بدرێت

باسی لەوەشكرد، ئامانج لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆئەوەیە جیاوازبێت لەو هەڵبژاردنە پڕ لە ساختەكارییەی 2018 ئەنجامدرا، ئەگەر هەمان شت دووبارەبكرێتەوە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت هیچ مانایەكی نییە.

بەپێی یاسا لەبەرئەوەی ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پێش وەختەیە پێویستە 60 رۆژ پێش ئەنجامدانی رۆژی هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەرای شارەزایانی بواری یاساش ئەمە دەبێتە گرفتێكی گەورە لە كاتێكدا ئەگەرهاتوو پەرلەمانتاران ئامادەنەبوون بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەم پرسە دەنگی پێویستی بە دەست نەهێنا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا