کازمی و ئەردۆغان دۆسیەی پەکەکە یەکلایی دەکەنەوە؟

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، حەسەن جەنابی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە جەختی لەوە کردەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ١٧ی ئەم مانگە سەردانی تورکیا دەکات، لە دیارترین ئەو دۆسیانەش کە تاوتوێی لەبارەوە دەکات بریتین لە، پەیوەندی هاوبەش لە بواری وزە و ئاو و چالاککردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەجۆرێک بەهاکەی دەگاتە ١٥ ملیار دۆلاری ئەمریکی.

لەوبارەیەوە حەسەن جەنابی ئاماژەی بەوە کرد، پارەی بلۆککراوی عێراق لە تورکیا هەیە و پێویستە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، تاوتوێی هەلی وەبەرهێنان و روبەڕوبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە دەکرێت، هاوکات، گفتوگۆ لەبارەی مۆڵەت و ڤیزای چوونەناوەوەی عێراقییەکان بۆ تورکیا دەکرێت.

دۆخێکی سەخت لە هەرێم
ئەم سەردانەی کازمی هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا هاوڵاتیانی کوردستان گلەیی لە سەختی دۆخی گوزەرانیان دەکەن کە لە ئەنجامی گەندەڵی هاتۆتە ئاراوە، جگە لەوەش، گلەیی لە ئەو دۆخە ئەمنییە دەکەن کە لەمێژە لە کوردستان لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا هاتۆتەئاراوە.

پێویستە تورکیا و پەکەکە دوور لە خاکی هەرێم کێشەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە

لەوبارەیەوە، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویستە تورکیا و پەکەکە دوور لە خاکی هەرێم کێشەکانی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە، بۆیە لەم سەردانەی کازمی یەکێک لەو پرسیارانەی تاوتوێ دەکرێت پەیوەندیدارە بەوەی تورکیا چی لە عێراق دەوێت؟ لەمباریەوە دەپرسین: ئایا عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی لەم سەردانەدا هەیە؟

پارتی کرێکارانی کوردستان.. کاری لەپێشینەی ئەنقەرە
لەوبارەیەوە، ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەڵێت: گرنگترین دۆسیە کە لە ئێستادا ئەنقەرەی پێوە سەرقاڵە، پەکەکەیە، بەجۆرێک، کاری لەپێشینەیەتی و پێیوایە ئەو پارتە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە هەرێم بەخۆیەوە بینیوە.

باسی لەوەش کرد، ئەوەی تورکیا لە عێراقی داوا دەکات ئەوەیە زیاتر رییپێبدات بێتە ئاسمانی عێراق، بەڵام دەیەوێت ئەم ئامانجە کاتێک بەدیبێت کە پەکەکە بە تەواوەتی شەنگال چۆڵ بکات و دواتریش عێراق بوونی ئەندامانی ئەو پارتە لە ناوەوەی وڵات کەم بکاتەوە.

تورکیا شەرعیەت دەدات بە عێراق لە پرسی کۆتاییهێنان بە پەکەکە

ئەو سیاسییە ئاشکراشی کرد، ئەنقەرە داوا لە عێراق دەکات سوپاکەی بەکاربهێنێت بۆ نەهێشتنی پەکەکە و یارمەتیشی پێشکەش دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا شەرعیەت دەدات بە عێراق لە پرسی کۆتاییهێنان بە پەکەکە.

ئەنقەرە دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی دابین بکات
لایخۆیەوە، ئییاد عەناز، توێژەر و شیکەرەوەی سیاسی رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەتا ئێستا سیاسەتێکی دەرەکی هاوسەنگی بۆ خۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بنیاد نەناوە، وتیشی: پێویستە عێراق واز لە سیاسەتی ناهاوسەنگی بهێنێت کە زیان بە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەگەیەنێت.

باسی لەوەش کرد، عێراق پێویستی بە پەیوەندی ئاشکرا و ورد هەیە، جگە لەوەش پێویستی بە هاوسەنگی ستراتیژی هەیە بەتایبەت لەگەڵ ئەنقەرە، وتیشی: سەرباری لایەنی ئەمنی و نیازی ئەنقەرە بۆ کۆتاییهێنان بە پەکەکە، ئامانجێکی دیکەش لە ئارادایە کە ئەویش بریتیە لە زیادکردنی هەناردەی تورکیا و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەجۆرێک بەهاکەی دەگاتە ١٥ بۆ ٢٠ ملیار دۆلاری ساڵانە.

عێراق پێویستی بە پەیوەندی ئاشکرا و ورد هەیە

لەلایەکی دیکەوە، عەناز ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە پشکی ئاوی عێراق بەپێی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا و رێسا کارپێکراوەکان دابین بکرێت و پێویستە کازمی هەوڵ بۆ دابین کردنی بەرژەوەندی زیندووی هاوڵاتیانی عێراق بدات.

لەبارەی پارەی بلۆککراویشەوە، سیاسییە عێراقییەکە باس لەوە دەکات، پەیوەندی بە هەناردەی نەوتەوە هەیە لە زەوییەکانی تورکیاوە بەرەو بەندەری جیهان، ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی رێککەوتنێک هەیە کە ئەنقەرە پاڵپشتی بکات و چالاکی بکاتەوە، بەمەش بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش بەپێی میکانیزمێک کە خزمەتی هەردوو وڵات بکات دێتە ئاراوە.

لە کۆتاییشدا عەناز وتی: پێویستە حکومەت چارەسەرێک بۆ دۆسیەی ڤیزای چوونەژوورەوەی عێراقییەکان بدۆزێتەوە و خوێندنەوە بۆ دانانی میکانیزم و خاڵی گەوهەری بکات لە دوانەخستنی ئەم بابەتە گرنگەی بەدیهێنانی پەیوەندی لەنێوان دوو وڵاتەکە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا