ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق هەیە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
هێزە جیاجیا سیاسییەكانی عێراق ئاشكرایان كرد، جۆرێك لە رێككەوتن لەنێوان فراكسیۆنە سەرەكییەكانی پەرلەمان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بوونی هەیە، كە بڕیارە لە ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت و بە یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو هەژمار دەكرێت.

بەپێی قسەی دووان لە ئەندام پەرلەمانەكان، چوار هێزی سیاسی بەشێوەیەكی مەبدەئی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە رێككەوتوون بەجۆرێك بخرێتە كۆتایی ساڵی داهاتوو، یاخود سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢.

ئاماژەیان بەوەشكرد، ئەو هەواڵە گەیشتووە بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە پێداگری دەكات لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا بە پشتبەستن بە وەقفی ئایینی نەجەف‌و نێردەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا، هاوكات، یەكێكی دیكە لەپەرلەمانتارەكان پێشبینی ئەوە دەكات، خۆپیشاندانی ئێستای هەرێمی كوردستان دژی دوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێم، یەكێكی دیكە بێت لەو هۆكارانەی خۆپیشاندانی پێشوەختەی عێراق دوادەخات.

ئەگەر هەیە خۆپیشاندانی ئێستای هەرێمی كوردستان دژی دوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێم، یەكێكی دیكە بێت لەو هۆكارانەی خۆپیشاندانی پێشوەختەی عێراق دوادەخات

ئەو هێزانەی، كە بەدوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوەن، بەوە ناسراون لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، یاخود لە ئێرانەوە نزیكن، كە دیارترینیان، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە لەلایەن نوری مالیكییەوە سەركردایەتی دەكرێت، لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری، كە ئامانجیان رێكخستنەوەی بارودۆخیانە لەناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەت دوای ئەوەی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردووی عێراق جەماوەریان كەمیكرد.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، ئەو زانیارییانە لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەدوای ئەو كۆبوونەوەیە باسیان لێوەكراوە، كە ئێوارەی هەینی رابردوو لە بەغدا لەنێوان سەركردایەتی چینی سیاسی یەكەم لە هێزە عەرەبییە شیعەكان بەڕێوەچوو، تێیدا تاوتوێی بژاردەی دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە كرا و هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی دەوڵەتی یاسا و فەتح و فەزیلە و سادقون و عەتا و بزوتنەوەی ئیرادە پشتگیریان كرد.

ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت

لەو بارەیەوە، غەزنەفەر بەتیخ سەركردەی هاوپەیمانی فەتح جەختی لەوە كردەوە، ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت و ئاراستەیەكی گشتی هێزە سیاسییەكان هەیە لەبارەی دواخستنییەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ ئەوەش بە واتای تەواوبوونی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق.

هەروەها وتیشی: نیمچە رێككەوتنێك لەنێوان هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراقدا هەیە لەبارەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا و هێشتنەوەی دۆخەكە بەو جۆرەی ئێستا هەیە.

باسی لەوەش كرد، پەكخستنی تێپەڕاندنی یاسای دادگای ناوەندی كارێكی بەمەبەستە و ئامانج لێی رێگریكردنە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەری، بەتایبەت كە ئەو دادگایە مافی ئەوەی هەیە دەنگەكانی هەر هەڵبژاردنێك پەسەند بكات كە لە وڵاتدا ئەنجام دەدرێت.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە نە لە دەستی حكومتدایە نە لە دەستی كۆمسیۆن، بەڵكو ئەم بابەتە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە و بە بێ ئەوە بەڕێوەناچێت، چارەنوسی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەكی سەرەكی لە دەستی ئەو هێزە سیاسییەدایە كە پەرلەمانی عێراقی كۆنتڕۆڵ كردووە.

چارەنوسی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشێوەیەكی سەرەكی لە دەستی ئەو هێزە سیاسییەدایە كە پەرلەمانی عێراقی كۆنتڕۆڵ كردووە

بەتیخ ئەوەشی وت: حكومەت و كۆمسیۆن هیچ دڵنیاییەك نادەن لەبارەی رێگریكردن لە ساختەكاری و یاریكردن بە دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێ سیاسی و نەتەوەییەكان زیاددەكات.

وا بڕیارە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، زیاتر لە ٢٥ ملیۆن كەس لە كۆی ٤٠ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دەنگ بدەن، ئەوەش هاتووە، ئەو كەسانەش كە لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٣ن دەتوانن ساڵی داهاتوو دەنگ بدەن.

لەلایەكی دیكەوە، عەبدولخالق عەزاوی سەركردەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردنەكان ئەگەرێكی مەحاڵ نییە بەتایبەت ئەگەر یاسای حكومەتی ناوەند یەكلانەكرێتەوە و دووبارە پێكنەهێنرێتەوە، لەگەل ئەوەشدا، پێویستە بودجەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دابینبكرێت و رەچاوی دۆخی ئەمنی عێراق بكرێت بەجۆرێك بارودەخەكە هێور بكرێتەوە تا لەباربێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

وتیشی: گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف بەڕێوەبچێت و ئازادی بدرێتە دەنگدەر لە هەڵبژاردنی ئەو كەسەی لە پەرلەمان دەبێتە نوێنەری، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەگەرێكی نزیكە.

لە ماوەی رابردوودا، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی ٦ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی وەك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكرد، لەوبارەیەشەوە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، بە پێنج مەرج هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت ئەوانیش: ئەگەر یاسای هەڵبژاردنەكان بەدیبهێنرێت، دەنگ بە یاسای دادگای ناوەندی بدرێت، بڕە بودجەی دارایی بۆ هەلبژاردن زامن بكرێت، هاوكات، ئەنجومەنی وەزیران دەنگ بە بەڕێوەبەرانی كۆمسیۆن بدات و نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە یارمەتی پێشكەشی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكە بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا