هێشتا بانكی ناوەندی عێراقی بە فەرمی نرخی خستە بازاری دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی زیاد نەكردوە، ئەو بەرزبوونەوەی ئەمڕۆ و چەند رۆژی رابردو پەیوەندی بە تەحەكومی بازارەوه هەیە.
ئێستا حكومەتی عێراقی هیچ بژاردەیەكی نەماوە و دوای راوێژ و گفتووگۆ لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراقیی و بانكی جیهانی، بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە لە ساڵی داهاتودا، بە ناچاری دەست بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر دیناری عێراقی دەكات.
لە ئێستادا بانكی ناوەندی یەك دۆلار بەرامبەر ( 1182 ) دینار دەخاتە بازارەوە، لە بەرنامەی دایە بۆ ساڵی داهاتو، ئەو نرخەیە لە قۆناغی یەكەمدا بەرزبكاتەوە بۆ ( 1220) دینار لە قۆناغی دووەمیشدا نرخی یەك دۆلار دەكاتە ( 1225) دینار.
كەواتە نرخی سەد دۆلار ئەمەریكی لە ماوەیەكی كەمدا لە بانكی ناوەندی عێراقی بە زیاتر لە ( 130) هەزار دینار دەفرۆشرێت و دەخرێتە بازاڕەوە، بۆیەش ئەو نرخەیە لە بازارەكانی دراو لانی كەم دەگاتە ( 135 – 150) هەزار دینار.
ئەگەر نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو بەرزنەبێتەوە و كورتهێنانی بودجەی عێراقی بۆ ساڵی داهاتوو ئەوەندە زۆر بێت، حكومەتی عێراقی دەخاتە بەر چەند ئەگەرێك لەوانه :
1. بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، كە لە ئێستادا حكومەت و پەرلەمانیش لەگەڵ ئەو هەنگاوەدان، بەشێوەیەكی كرداریش دەستی پێكردوە، كە ئەمەش دواجار نرخی كاڵا و شتومەك بەرزدەكاتەوە، گەورەترین زەرەرمەندیش فەرمانبەران و توێژی ناوەند و هەژاران. لە ئەمڕۆشەوە لە بازارەكانی عێراق و هەرێم، بەشێوەیەكی گشتیی كاڵاكان بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینیوە.
2. هەنگاوی دووەم لە چاپدانی زیاتری دیناری عێراقییە، كە ئەوەیان رێگایەكی ترسناكه و عێراق بەرەو داڕمانی تەواوی دەبات، ئەگەری هەیە عێراق وەكو یەكێتیی سۆفیەتی كۆن بۆ چەند وڵاتێك دابەش بێت.
3. رێگایەكی دیكەی پڕكردنەوەی كورتهێنان بە قەرزكردن دەبێت بۆ بودجەی 2021، بەڵام لەبەرئەوەی حكومەتی عێراقی لە ئێستادا (163) ملیار دۆلار قەرز و ئیلتیزاماتی ناوخۆ و دەرەكی لەسەرە، لەو رێژەیەش (43) تریلۆن دینار قەرزی ناوخۆیە و بەهۆی مەرجەكانی بانكی جیهانی و نەبوونی كۆمەڵێك پێوەر، كە لە حكومەتی عێراقدا نین، قەرزكردن بۆ حكومەتی عێراقی ئەستەم دەبێت.
كورتهێنانی بودجە و كێشە ئابوورییەكانی عێراق، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە، هەربۆیەش زۆرجار لە كاتی گفتووگۆكان ئەو قەیرانە ئابووری و كورتهێنانه، هۆكارن بۆ گەڕانەوەی هەرێم و بەغدا بۆ چوارگۆشەی یەكەمی گفتووگۆكانی نێوانیان.
سەرتیپ وەیسی