عێراق ئاڵوگۆڕی کارەبا لەگەڵ ئوردن و میسڕ دەکات

پۆڵەتیک پرێس

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی کارەبا لەگەڵ ئوردن و میسڕ دەکەین و بڕیارە لەماوەی سێ ساڵدا پێکەوەبەستنی کارەبا لەگەڵ میسڕ بەڕێوەبچێت.

رۆژی دووشەممە، ماجید محەمەد حەنتوش رایگەیاند، لەسەر رۆشنایی سەردانی ئەم دواییەی شاندە وەزارییەکەی عێراق بۆ قاهیرە، لە پەرەپێدانی پەیوەندی کارەباییداین لەگەڵ ئوردن کە لەماوەی دوو ساڵدا و بەدرێژایی ٣٠٠ کیلۆمەتر کارەبا ئاڵوگۆڕ دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، کاتێک پەیوەندی کارەبایی لەگەڵ ژمارەیەک وڵات ببەستین، بۆمان یەکلایی دەبێتەوە کام وڵات خزمەتی  بەرژەوەندی عێراق دەکات، بەو مانایەی کام لە وڵاتانی ئێران، سوریا، سعودیە، میسڕ و ئوردن کەمترین نرخ و باشترین کوالیتی پێشکەش بکەن ئێمە ئەوە هەڵدەبژێرین.

ئەوەشی خستەڕوو، قەبارەی هەماهەنگیمان لەگەڵ میسڕ زۆر گەورەیە و ئەو رێکەوتنی وەبەرهێنانانە جێبەجێ دەکەین کە لەگەڵیان واژۆمان کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلیکتریکی ئەمریکی دەستیکردووە بە کارەکانی بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و ئوردن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا