زیاتر لە 300 مامۆستا و فەرمانبەر لەسنووری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی خانەنشین كراون

پۆڵەتیك پرێس:
لەمساڵدا زیاتر لە 300 مامۆستا و فەرمانبەر لە سنوری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی خانەنشین بوون، كە تائێستا كێشەی میلاكاتی دروست نەكردووە.

بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: خانەنشین بوونی ئەو مامۆستایانە كێشەی میلاكمان بۆ دروست ناكات، چونكە ساڵانە ئەو مامۆستایانەی خانەنشین دەبن لەناو شاردا وانە دەڵێنەوە، ساڵانەش ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی شارن و خزمەتی دەرەوەی شار تەواودەكەن دێنەوە ناو شار.

بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا وتیشی: میلاكێكی زۆرمان هەیە، لە هەندێك شوێنیش، كە كێشەمان هەیە بەهۆی خراپ دابەشكردنی میلاكات، یان نەگونجانی پسپۆڕییەكان بە وانەبێژ ئەو كێشەیەمان چارەسەركردووە.

باسی لەوەشكرد، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتییەكەی ئێمەوە لەشەش پەروەردەی سنورەكەمانەوە مامۆستایان، كە خزمەتی دەرەوەی شار تەواو دەكەن دەگەڕێنەوە ناو شار لەناو شاریشدا لە قۆناغی بنەڕەتی و باخچە سێ هێندەی پێویست میلاكمان زیادە.

بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا لە ماوەی ئەمساڵدا و لە سنوری كارگێڕی پەروەردەی رۆژئاوا (309) مامۆستا و فەرمانبەری ناو ناوەندەكانی خوێندن، بە گشت قۆناغەكانییەوە لەگەڵ ئەو فەرمانبەر و سەرپەرشتیارانەی لە دیوانی پەروەردەدا كاردەكەن، خانەنشین بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا