ئەم هەموو دڵرەقییە بۆ؟

بە پێی فەیلەسوفی ئەمریكی جودیپ شكلار: دڵڕەقی بریتییە لە ئازاری فیزیكی خواستیانە كە كەسێكی بەهێز لە بەرامبەر بێهێزێكدا لە پێناو ترساند و تۆقاندن و ملكەچكردنیدا پیادەی دەكات. شكلار لە وتارێكیدا لە گۆڤاری دیدالۆس لە ساڵی ١٩٨٢

دڵڕەقی بە ئەو جۆرە مامەڵەیە دادەنێت كە دەبێت لە سەروی هەموو جۆرەكانی مامەڵەی خراپ بێت. دڵرەقی یان مامەڵەی دڵرەقی هیچ بەهانە و بنەمایەكی نیە. بەو مانایە نابێت هیچ شتێك بكرێتە بنەمای ئەوەی كە كەسێك دڵڕەقانە مامەڵە لە گەڵ كەسێكی تردا بكات. نە ئاین، نە پیرۆزی، نە بەرژەوەندی، نە خواست نە هیچ شتێك.

دژایەتی دڵڕەقی كارێكی ئاسان نیە لە كاتێكدا كۆمەڵگانی مرۆڤایەتی، كەلتورەكان، ئاینەكان، ئایدەلۆژییەكان، هەموو لە سەر ئەوە بونیادنراون كە ڕەوایە توندوتیژی بەرامبەر نەیارەكەت بەكاربهێنیت. كۆمەڵگای كوردی چەندین ساڵە بێبەزەییانە بەرەو دڵڕەقی دەڕوات. دڵڕەقی مرۆڤ بەرامبەر مرۆڤ، مرۆڤ بەرامبەر سروشت، مرۆڤ بەرامبەر ئاژەڵ. بەڵام ئەگەر زۆرینەی خەڵك دڵڕەقی بەرامبەر سروشت و ئاژەڵ بە ئاسایی و قبوڵكراو وەردەگرێت، ئەوا دڵڕەقی بەرامبەر یەكتر، لە هەناو كۆمەڵگای كوردیدا بوەتە بەشێكی هەرە سەرەكی پەیوەندی مرۆڤەكان بە یەكترەوە.

ئەم ڕۆژانە دەرئەنجامی ئەم دڵڕەقییە بە ڕونی دەبینین، كاتێك چەكدارەكانی حیزب بێ سڵەمینەوە، بێ بەزەیی، تەنها لە بەر ئەوەی دەتوانن و ڕێگایان پێدراوە، دڵڕەقانە مامەڵە لە گەڵ خۆپێشاندەراندا دەكەن. ئەم دڵڕەقییە تەنها جۆر نابێت، پێشتر لە شەڕی ناوخۆدا بینیومانە. لە داهاتودا لە شەڕەكانی تردا دەیبینین.

بەڕای من كرۆكی حوكمڕانی ڕێگریكردنە لە دڵڕەقی. بەو مانایە ڕێگریكردنە لە ئەو كەسەی كە دەتوانێت هێز بەكاربهێنێت بەرامبەر كەسێكی بێهێز. لۆجیكی هێز سەرتاپا پەیوەندییەكانی ئێمەی تەنیوە. حوكمداری گۆڕینی ئەم لۆجیكی هێزەیە بۆ لۆجیكی ئارگومێنت. بۆ دانپیانان و گەیشتن بە سازان.

دڵرەقی لە نێو كۆمەڵگادا لە ڕێگای فەلسەفە و پەروەردە و ئاگاییەوە كۆتایی نایەت. بەڵكو ئەوەی كۆتایی دەهێنێت دابینكردنی ئاسایش، بە هەموو جۆرەكانی و هەروەها هاوبەشییە. بەڵام كۆمەڵگای كوردی لە كاتێكدا لە پایزی هەموو جۆرە ئاسایشەكانیەتی لە هەمانكاتدا هەموو هاوبەشیەكانیش بەرەو كۆتایی دەچن. لە هیچ كوێی دونیا حكومەتێكی سەركەوتوو نابینیتەوە كە هاوبەشی لە نێوان خەڵكەكانیدا نەبێت. كۆمەڵگا بێ هاوبەشەكان كۆمەڵگای پڕ لە دڵڕەقین. جیاوازی دروستكردن ئاسانە و زۆرجار لە بەرژەوەندی كەمینەیەكدایە.

دڵڕەقی زۆر خێرا و زۆر بە قوڵی تەشەنە دەكات. لە ئەنجامدا دڵڕەقی دەبێتە خەسڵەت. بۆیە هەتا زیاتر پیادەی بكەین درەنگتر دەتوانین دەستبەرداری بین. ئەگەر دڵڕەقی دڵڕەقی بەرهەم بهێنێت ئەوا ئێمە دەكەوینە ناو بازنەیەكی داخراوەوە لە دڵرەقی.

سەردار عەزیز

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا